پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر کرایەوە

شەیری بکە لە:
پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر کرایەوە

پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر

ئاڤا نیوز

وەک نیشانەیەک بۆ دۆستایەتی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و وڵاتی چین، پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر کرایەوە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ سیشەممە، 2-12-2025، پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر کرایەوە، پارکەکە لەلایەن کونسولخانەی چین لە شاری هەولێر بە هەماهەنگی ژمارەیەک کۆمپانیای چین کە لە هەرێمی کوردستانن کاری وەبەرهێنان و بازرگانی دەکەن، دروست کراوە .

لێدوانی فەرمی: لیوو ژینگ یوو، جێگری کونسوڵی چین لە هەولێر، گوتی: لە هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە کشتوکاڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدرێت، ئێمەش لە چین گرنگی بەم بابەتە دەدەین، دەستپێشخەرییمان هەبووە و ڕۆڵی کاریگەرمان هەبووە، بۆیە هیوادارم هەماهەنگییەکانمان زیاتر بێت بۆ ئەوەی هەلی زیاتر بڕەخسێنین و سودد بە خەڵک بگەیەنین.

جێگری کونسوڵی چین ئەمانەشی گوت:

- ئێمە بە ئەرێنی وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە بۆ دروستکردنی ئەم پارکە جوانە، ئەمەش بەشێکە لە هەنگاوەکانمان لە فراوانترکردنی ڕێژەی سەوزایی و سوودی بۆ ژینگەی شارەکە دەبێت.

- ئەم پارکە، ڕەنگدانەوەی پڕەنسیپ و بەها جێگیرەکانی ئێمەیە لەبەرامبەر ژینگە و دڵسۆزی کۆمپانیا چینییەکانە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، ئەمە یەکەم پارکی چینییە لە هەرێمی کوردستان دروست کرابێت، هیوادارم دوا پارک نەبێت.

- ئێمە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ئاسانکاری زیاتر بکات بۆ کۆمپانیا چینییەکان بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئێمەش هانی ژووری بازرگانی چین دەدەین بۆ ئەوەی ڕۆڵی باشتر و زیاتریان بگێڕن و هەماهەنگی زیاتریان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت. 

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: سوهام جەبەلی، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ئەم پارکە لەسەر بنەمای دیزاینی کولتووی و نەریتی چینی دروست کراوە، ئەم پرۆژەیەی نیشانەی دۆستایەتی و هاوبەشی و هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان و ولاتی چین نیشان دەدات.

سوهام جەبەلی دەشڵێت: جێگەی شانازییە کە چین پێگەیەکی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ماوەیەکی زۆرە هاوبەشێکی بەنرخی حکومەتی هەرێمی کوردستانەکە لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان، پەروەردە، کولتوور و چەند بوارێکی دیکە هاوبەشیمان هەیە، کردنەوەی ئەو پارکەش وەک گیانی هاوکاری و بەڵگەیەکی بەهێزی پەیوەندییەکانمانە.

زانیاریی زیاتر: پارکی دۆستایەتی چینی میللی، کەوتووەتە گەڕەکی نازناز لە شاری هەولێر، پارکێکی گشتییە و لەسەر ڕووبەری 11 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، زیاتر لە نۆ هەزار مەتر دووجای بە سەوزایی و دار و گوڵ و چیمەن ڕووپۆشکراوە، بە نزیکەی 200 مەتر ڕێڕەوی ڕۆیشتنی بۆ دروستکراوە ، کارەبای ڕووناکی پارکەکەش لە ڕێگەی تیشکی زۆرەوە دابین کراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ