پەیامی هەوراز گوڵپی بۆ چەمچەماڵ: عەیبە ئەم شارە ئاوا بێنازە

شەیری بکە لە:
پەیامی هەوراز گوڵپی بۆ چەمچەماڵ: عەیبە ئەم شارە ئاوا بێنازە

ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

هەوراز گوڵپی پێشکەشکاری ژمارەیەکی کوردستان ڕەخنە لە کەمی خزمەتگوزارییەکان لە چەمچەماڵ دەگرێت و دەڵێت، ئەوەی کراوە لە ئاست گرنگی ئەو شارە و خەڵکەکەیدا نییە، شارەکە یەکێکە لە ناوچە لەبیرکراوەکان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: چەمچەماڵ، کە وەک پایتەختی ئەنفال دەناسرێت، بەدەست کۆمەڵێک قەیران و کێشەوە دەناڵێنێت، کە دیارترینیان بێکاری و نەبوونی ئاوی خواردنە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی شارەکە ببێتە یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین گەنجی ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە چەمچەماڵ شارێکی دەوڵەمەندە بە غاز و سەرچاوەی دابینکردنی کارەبای هەرێمی کوردستانە.


بە تەنیشت ئەو بابەتەوە: ئەو 72 کاتژمێرەی دانرابوو بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشكراکردنی ئەنجامەکان بۆ ڕای گشتی، لە دوێنێوە تەواو بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا هەرچەندە لیژنەکە ڕاپۆرتیان بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە، بەڵام ئامادە نین ئەنجامەکەی ئاشکرا بکەن، وەک دەردەکەوێت ناوێرن ئاشكرای بکەن چ لایەنێک لەپشت هێرشەکەوەیە.


جارەکەی تریش لیژنەیان بۆ هێرشە دۆرنییەکان پێکهێنا، ئەوکاتیش وتیان سەرداویان دەستکەوتووە و دەزانن هێرشکارەکان کێن. تەنانەت چەند کەسێکیان دەستگیر کردبوو بەڵام ئازادیان کردن بەکەفالەت. ئەمە بە گوتەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان خۆی لەکاتی هێرشەکەی ئەمجارە لە پەیامێک ئاشکرای کرد.

 

پەیامی فەرمی: پەیامی هەوراز گوڵپی، پێشکەشکاری ژمارەیەکی کوردستان بۆ خەڵکی چەمچەماڵ:

 

- بەم هێرشە بۆ هەموومان دەرکەوت چەمچەماڵ، شارە بێنازەکە چەند گرنگە، سەرچاوەی کارەبای زۆربەی کوردستانە. وەڵا شەرمە ئەو شارە گرنگە ئاوی نییە، ئیهمال کراوە، سەوزایی و خزمەتگوزاری نییە، دوو جادە و دوو باڵەخانە و دوو پارکی جوانی تێدا نییە. گەنجانی بێ کارن، یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین گەنجی بۆ ئەوروپا کۆچیان کردووە، تخوا ئەوە عەیب نییە. من ناڵێم هیچ نەکراوە، بەڵام ئەوەی کراوە لە ئاست گرنگی ئەو شارە و خەڵکەکەیدا نییە، یەکێکە لە ناوچە لەبیرکراوەکان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە.


- عەیبە دوای ئەم هەموو ساڵە پڕۆژەی نەبێ، کۆمپانیەکی گەورە و کارگەیەکی تیانەبێ. 30 ساڵە بێ ئاوە، بەم سەرما و زستانە دوو هەفتە جارێک ئاو دابەش دەکرێت. ئێستا پڕۆژەی ئاوی بۆ دەرچووە، عەیبە مەیکەن بە مونافەسەی حیزبی. ئەوەی گرنگە دەبێت بەزووترین کات جێبەجێ بکرێت.


-ئەگەر ئێستا بڵێن قەیرانی داراییە، ئەی  ساڵانی ڕابردوو ئەم هەموو پارەیە هەبوو بۆ هیچتان بۆ نەکردن ئێستا شانازی پێوە بکەن. خەڵکەکە نازانن ڕوو لە کوێ بکەن، ڕاستە لەڕووی ئیدارییەوە کوردستان بەسەر دوو ناوچە دابەش بووە، بەڵام پێش هەموو شتێک ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکە بەرپرسە لە وەزعی ئەم خەڵکە.


- چەمچەماڵ پایتەختی ئەنفالە، زۆرترین قوربانییان داوە بەرامبەر ڕژێمی بەعس، عەیبە بەرپرسەکان بەس ساڵیادی ئەنفال بیریان دەکەوێتەوە، بە بۆینباغی ڕەشەوە دەچن ڕەسمێک دەگرن و دەگەڕێنەوە. جگە لەمە خەڵک شەڕێکی دەروونی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵ دەکەن، بە تەعلیقەوە دەڵێن شەڕانگێزن.


-کەس حەدی نییە لە جوامێری بگاتە خەڵکی چەمچەماڵ. هەر کەسێک هاوڕێیەکی چەمچەماڵی هەبێت، دەزانێت چەند جوامێر و مرۆڤدۆست و میواندۆستن، هەرگیز شەڕانگێز نین.


-سڵاو بۆ چەمچەماڵ، سڵاو بۆ خەڵکە ئازیزەکەی، فەرموون خزمەتیان بکەن. هەر هیچ نەبێت لە داهاتی نەوت و گازی ناوچەکە بەشێکی تەرخان بکەن بۆ بونیادنانی شارەکە و خەڵکەکەی. چەندین کەس و کۆمپانیا بەم داهاتە بوونە ملیۆنێر، کفرنابێ بەشێکی بۆ خەڵکەکە بێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ