ئاڤا چیرۆکی ڕاستەقینەی فڕێدانی کەللەسەری گوێدرێژێک ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


دوای ئەوەی دۆزینەوەی کەلەسەری کەرێک لە زبڵدانی کانی قرژاڵە ترس و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن کە ئەو کەرە نە بۆ کەباب و نە بۆ قۆزی بە خەڵک نەفرۆشراوە، بەڵکو گۆشتەکەی وەک خۆراک دراوە بە شێرێکی باخچەی ئاژەڵانی هەولێر.


لێدوانی فەرمی: هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر بە ئاڤای ڕایگەیاند، دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان لیژنەیەکی وردیان پێکهێناوە و دەرکەوتووە بابەتەکە بەو جۆرە نەبووە کە لە سۆشیاڵ میدیا باسکراوە. ناوبراو جەختی کردەوە کە گۆشتەکە نەچووەتە بازاڕەکانەوە.


بەدواداچوونی ئاڤا: بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ڕۆژنامەنووسی ئاڤا، ڕزگار کۆچەر، توانراوە لە ڕێگەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلەی پاشماوەکەی فڕێداوە، سەرەداوی ڕووداوەکە بدۆزرێتەوە. دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکە سەر بە باخچەی ئاژەڵانی هەولێرە و ئەو کەیسە پەیوەندی بە بەخێوکردنی ئاژەڵە دڕندەکانەوە هەیە.


ئەمەش بزانە: لە باخچەی ئاژەڵانی هەولێر، بەشێوەیەکی ڕۆتینی ئەو گوێدرێژانەی نەخۆشن یان لە لێواری مردندان، سەردەبڕدرێن و گۆشتەکەیان دەدرێت بە شێر و پڵنگەکان. ئەم ڕوونکردنەوانەش دوای ئەوە هاتن کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر ژمارەیەک ژینگەپارێز بە دۆزینەوەی کەلەسەرەکە، گومانی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە گۆشتەکەی دەرخواردی خەڵک درابێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ