
بە وێنە؛ مەسرور بارزانی سەردانی هەرەمەکان و مۆزەخانەی نەتەوەیی میسری کرد
ئاڤا نیوز
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ قاهیرەی پایتەختی میسر، سەردانی هەرەمەکانی جیزە و مۆزەخانەی نەتەوەیی شارستانییەتی میسری کرد.
چیرۆکی سەرەکی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەلایەن بەرپرسانی باڵای شوێنەوار و مۆزەخانەکانی میسرەوە پێشوازی لێکرا. لە بەسەرکردنەوەی هەرەمەکاندا، سەرۆکوەزیران لە نزیکەوە ئاشنای مێژووی دروستکردنی هەرەمەکان و لایەنە هونەری و تەلارسازییەکانی ئەو شوێنەوارە جیهانییانە بوو، کە وەک یەکێک لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکەی جیهان دەناسرێن.
زانیاریی زیاتر: هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیران سەردانی مۆزەخانەی نەتەوەیی شارستانییەتی میسری کرد و لە بەشە جیاوازەکانی مۆزەخانەکەی کۆڵییەوە، لەوانە هۆڵی مۆمیا پاشاییەکان و ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە مێژووی هەزاران ساڵەی میسری کۆن دەگێڕنەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم سەردانە کولتوورییەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە ناوبراو بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی میسر لە قاهیرەیە و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرز بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و میسر ئەنجام دەدات.
وێنە: ئاڤا دیجیتاڵ











