
ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەیەکی هەولێر دەکەوێتەوە
ئاڤا نیوز
تەقینەوەیەک لە بەنزینخانەیەکی گەڕەکی فەرمانبەران لە شاری هەولێر ڕوویدا، خاوەنی بەنزینخانەکەش دەڵێت، پێنج کارمەندمان بە سووکی بریندار بوونە و لە نەخۆشخانە چارەسەرکراون، ژمارەیەک تانکەر و ئۆتۆمبێلیش سووتاون.
چیرۆکی سەرەکی: بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لەکاتی داگرتنی بەنزین لەنێو تانکەرێکی گواستنەوەی بەنزین بۆ نێو عەمباری بەنزینخانەکە، ئاگر گڵپە دەسێنێت و دواتر بەهۆی پاڵەپەستۆی بەنزینی نێو عەمبارەکە، تەقینەوەیەکی گەورە لەنێو بەنزینخانەکە ڕوودەدات.
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەزوویی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بەخێرایی ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد.
زانیاریی پەیامنێر: نەجات فارس، پەیامنێری ئاڤا لە شوێنی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکە بەنزینخانەکە بەتەواوی سووتاوە، دوو تانکەری پڕ لە بەنزین و چەند ئۆتۆمبێلێک سووتاون، شایەدحاڵەکانیش باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە کارمەندانی بەنزینخانەکە بریندار بووە و بەشێک لە جەستەی سووتاوە.
لێدوانی فەرمی: خاوەنی بەنزینخانەکە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەقینەوەکە تەنها زیانی ماددی هەبووە و پێنج کارمەندیش بە سووکی بریندار بوونە کە برینی هیچ کامێکیان جێی مەترسی نییە. هاوکات سوپاسی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکات کە زۆر بەخێرایی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ڕێگەیان نەداوە ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بکات.
ئەوەی لەبارەیەوە دەوترێت: شایەدحاڵەکان باس لەوە دەکەن بەهۆی کاریگەریی تەقینەوەی بەنزینخانەکە، شووشەی پەنجەرەی خانووەکانی دەوروبەری بەنزینخانەکە بە دووری دەیان مەتر شکاوە و، تەقینەوەکە دەنگێکی ئێجگار تۆقێنەری هەبووە و ترس و دڵەڕاوکێی لەلای دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەران دروستکردووە، هاوکات تینی ئاگرەکە کەشی ناوچەکەی بۆ کاتژمێرێک گەرم کردووە و خنکاندووە. لە ترسی تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە، خەڵکەکە هەڵساون بە گواستنەوەی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانیان بۆ شوێنێکی سەلامەت.
شایەدحاڵەکان لەڕێگەی ئاڤاوە داوا دەکەن، ڕێگە بە کردنەوەی بەنزینخانە لەنزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان نەدرێت.
وێنە: ئاری عەبدوڵڵا







