فەزڵ شاكر دادگایی دەکرێت

شەیری بکە لە:
فەزڵ شاكر دادگایی دەکرێت

ئاڤا نیوز

 

میدیاکانی لوبنان وادەی دادگاییکردنەوەی "فەزڵ شاكر"ـیان ئاشکرا کرد و دەستەی دادوەری پێشنیازی کردووە ئەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە "پشتیوانی تیرۆر" بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە لە دۆسیەکەیدا لاببرێن.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی 5-10-2025، فەزڵ شاکر هونەرمەندی لوبنانی لە کەمپی عەین ئەلحیلوە خۆی ڕادەستی سوپای لوبنان کرد. پارێزەرانی فەزڵ شاکر پێشنیازیان کردووە دوو تۆمەتی سەرەکی لەسەر لاببرێت، کە پێشتر حوکمی لەسەر درابوو، ئەوانیش تۆمەتەکانی "سووکایەتیکردن بە دەوڵەت" و "پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان" بوو.

 

زانیاری فەرمی: میدیای لوبنانی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، دادگای سەربازی لوبنان دەست بە دادگاییکردنی هونەرمەند فەزڵ شاكر بکات. هاوکات سەرچاوەکان لەبارەی بێتاوانبوونی لە دۆسیەی دارایی گروپە تیرۆرستییەکان جەختیان کردوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی پێویست لەبەردەستدا نییە کە هونەرمەندە لوبنانییەکە بە چالاکییە داراییە نایاساییەکانەوە گرێ بداتەوە و لێکۆڵینەوەکان هیچ ئاماژەیەکی گوماناوییان لە مامەڵەکانیدا نەدۆزیوەتەوە.

 

زانیاریی زیاتر: فەزل شاکر لە ساڵی 2012 بە ڕیشەوە دەرکەوت و وازهێنانی خۆی لە هونەر ڕاگەیاند، دواتر داوای لە هاووڵاتیانی سووریا کرد بەشداربن لە شۆرش و چەک دژی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەڵبگرن.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمساڵ هونەرمەند فەزڵ شاکر چەند گۆرانییەکی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکرد. یەکێک لەو گۆرانیانە "سەحاک شووک" لەماوەی دوو مانگدا نزیکەی 110 ملیۆن بینەری هەبووە.

 

باکگراوند: پێشتر فەزڵ شاکر شانبەشانی ئەحمەد ئەسیر، پیاوی ئایینی سەلەفییەکان دژی سوپای لوبنان لە ناوچەی عیبرا لە شاری سەیدای لوبنان لە ساڵی 2013دا کە بە "ڕووداوەکانی عیبرا" ناسراوە شەڕیان کردووە. بەو هۆیەوە چەندین ئەندامی سوپای لوبنان کوژران. دادگای سەربازیی لوبنان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020دا سزای 22 ساڵ زیندانیکردنی بە غیابی بۆ دەرکرد. لە دوای ئەوە فەزڵ شاکر بۆ ئەوەی لە دەستبەسەرکردن ڕزگاری بێت، پەنای بۆ کەمپی عەین ئەلحیلوە برد کە دەکەوێتە شاری سەیدا و ئەم کەمپە بۆ ئاوارە فەڵەستینییەکان دروستکراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ