
بە فەرمانی مەسرور بارزانی چوارەم كاروانی نەخۆشانی تالاسیما ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كران
ئاڤا نیوز
بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، چوارەم كاروانی نەخۆشانی تالاسیما لە هەرێمی كوردستان بەمەبەستی چارەسەركردن و چاندنەوەی مووخی ئێسك ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كران.
ڕاگەیێنراوی فەرمی: وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 28-11-2025، بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، کاروانی چوارەم کە بریتیە لە 52 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەکانیان بۆ نەشتەرگەری چاندنی مووخی ئێسک دوای پشکنین و ئامادەکارییەکانی پزیشکی و ڕێکارەکانی زانستی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
زانیاریی زیاتر: تەواوی خەرجییەكانی چوون و هاتنەوە، مانەوە و پشكنین و نەشتەرگەری و چارەسەر ئەم نەخۆشانە لەسەر ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
ئەمەش بزانە: بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بودجەی پێویست بۆ چارەسەركردنی 140 تووشبووی تالاسیما كە بریتییە لە چاندنی مووخی ئێسک تەرخان كراوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: نەخۆشەكان دەنێردرێن بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەن متمانەی نێودەوڵەتی بە بودجەی نزیكەی 11 ملیار دینار بۆ نەخۆشانی خاوەن بەخشەر و نەخۆشانی بوونی بەخشەر، ئێستا 172 هاووڵاتی لە نەخۆشخانەکانن و لە ڕۆژانی داهاتووش کاروانی پێنجەم لە تووشبووان و هاوەڵەکانیان بەڕێ دەکرێن بۆ هەمان مەبەست.
وێنە: بڕیار کۆیی






