
شاندی یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە کۆبوونەوەدان
ئاڤا نیوز
دوای ماوەیەک لە وەستانی دانیشتنەکانی نێوانیان شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە و ئێستا شاندی هەردوولا لە پیرمام لە کۆبوونەوەدان.
وێنە گەورەکە: دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک بەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو براوەی یەکەم چەندین گەڕی دانوستانی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەنجامداوە و هێشتا لەبارەی بەشێکی پۆستە سیادییەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
زانیاریی پەیامنێر: هیشام سەعید، پەیامنێری ئاڤا میدیا ڕایگەیاند: شاندێکی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان کە پێکهاتوون لە قوباد تاڵەبانی، دەرباز کۆسرەت، شاڵاو شێخ سەڵاح و ڕێواز فایەق بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی گەیشتنە پیرمام و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.
هیشام سەعید دەشڵێت: شاندی پارتی پێکهاتوون لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و د.ئومێد سەباح.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستەکان دانیشتنەکان ڕاگیرابوون. بەدیاریکراوی پۆستی وەزیری ناوخۆ کە یەکێتی داوای دەکرد و پارتی بە مافی خۆی دەزانی و پێدانی ئەو پۆستەی بە یەکێتی ڕەتکردەوە، لەبەرمبەردا چەند پۆستێکی دیکەی بۆ یەکێتی پێشنیاز کردبوو.
باکگراوند: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی 10-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی حەوت کورسی، هەڵوێست چوار کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، بزوتنەوەی گۆڕان یەک کورسی، هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان یەک کورسی لەگەڵ پێنج کورسی کۆتای پێکهاتەکان هەڵبژێردران.
وێنە: ئاڤا دیجیتاڵ


