
بەوێنە؛ خەڵاتی "زە بێست"ـی فیفا گەیشتە هەرێمی کوردستان
ئاڤا نیوز
خەڵاتی 'زە بێست'ـی فیفا گەیشتە هەرێمی كوردستان و ئاڤا میدیا وەك تاكە میدیا و یەكەم میدیا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ساتەوەختی گەیشتنی خەڵاتەكە ئامادە بوو.
چیرۆكی سەرەكی: ئەمڕۆ خەڵكی كوردستان و هەوادارانی یانەی زاخۆ بەتایبەت، لە چاوەڕوانی هێنانەوەی ئەو خەڵاتە جیهانیە بوون كە جاری یەكەمە دەبەخشرێتە یانەیەكی وڵاتانی كیشوەری ئاسیا، ئەویش دوای دەستنیشانكردنی هاندەرانی یانەی وەرزشیی زاخۆ وەك باشترین هاندەر لە سەرانسەری جیهان، لەگەڵ گەیشتنی سەرۆكی یانەكە بە خۆی و خەڵاتەكە، تیمی دیسكی وەرزشیی ئاڤا میدیا وەك تاكە میدیای كوردستان بە چەپكەگوڵەوە لە پێشوازیی شاندەكە بوون و خەڵاتەكەش بۆ یەكەمجار لە شاشەی ئاڤاوە پیشانی خەڵكی كوردستان درا.
لێدوانی فەرمی: عەممار فەرهاد، سەرۆكی یانەی وەرزشیی زاخۆ هەر لەگەڵ گەیشتنەوەی قسەی بۆ ئاڤا كرد و وتی، وەرگرتنی ئەو خەڵاتە هەستێكە وەسف ناكرێت، بەو پێیەی بردنەوەی خەڵاتی باشترینی جیهان، دەسكەوتێكی دەگمەن و مێژووییە؛ پێشتر تەنانەت لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیاش دەسكەوتی لەمجۆرە بەدەست نەهاتووە.
سەرۆكی یانەی زاخۆ سوپاسی ئاڤا میدیای كرد كە بە دەستپێشخەریی ئەو كەناڵە سەدان هەزار دەنگی پشتیوانی بۆ یانەكەیان كۆكرایەوە، هاوكات سوپاسی لایەنە حكومی و حیزب و تێكڕای خەڵكی كوردستانیش كرد كە بەبێ جیاوازی بوونە پشتیوانی یانەكەی پردی دەلال.
لەلایەكی دیكەوە: بەشێك لە هاندەرانی یانەی زاخۆ هاتبوونە فڕۆكەخانەی هەولێر بۆ ئەوەی لەنزیكەوە بەشدار بن لە هێنانەوەی خەڵاتەكە، ئەوان دەڵێن، پشتیوانیی هەموو كورد و دەنگدانیان لە بەرژەوەندیی هاندەرانی یانەی زاخۆ، لە خودی بردنەوەی خەڵاتەكە گرنگترە، بەو پێیەی یانەی زاخۆ جیاوازییەكانی نەهێشت و هەموو كورد هاوسۆزی هاندەرانی زاخۆ بوون.
ئەوەش بزانە: خەڵاتەكەی فیفا، سەرەتا لە شوێنێك دادەنرێت كە زۆرترین دڵسۆزانی یانەی زاخۆ لەنزیكەوە بیبینن، پاشان بەرپرسانی ئیدارەی زاخۆ بڕیار دەدەن كە خەڵاتەكە چۆن و لە كوێ بپارێزرێت.
وێنە: ئاری عەبدوڵڵا





