
بەوێنە؛ هەولێر لە پێشوازی ساڵی نوێ دا
ئاڤا نیوز
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی، ژمارەیەکی زۆری گەشتیار و هاونیشتمانییان لەبەردەم قەڵای هەولێر کۆبوونەوتەوە و لە کەشێکی ئارام ئاهەنگ دەگێڕن.
چیرۆکی سەرەکی: ساڵانە بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار بەتایبەت لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دراوسێ، ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و پشووەكانیان لە كەشێكی ئارام و دڵنیایی بەسەردەبەن.
لێدوانی ڕۆژنامەوانی: ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، تەواوی ئامادەکارییە ئەمنییەکان کراون و هاونیشتمانیان و گەشتیاران لە کەشێکی ئارام شەوی سەری ساڵ بەڕێ دەکەن، ئەمشەو کاتژمێر 12:00 لەگەڵ هاتنی سەری ساڵی نوێ بەشێوازێکی جیاواز لەسەر قەڵای هەولێر یاری ئاگرین هەڵدەدرێت. پێشتریش ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئەو بۆنەیە کرابوو شارەوانی هەولێر لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا لە سەنتەری هەولێر چەندین فێستڤاڵ و پێشانگای هونەری و کولتووری جیاوازی کردووەتەوە.
وێنە: محەممەد شوانی
























