ئێران لەڕێگەی ئاڤا پەیامێکی تایبەت بۆ پارتی و یەکێتی دەنێرێت لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار

شەیری بکە لە:

فەرامەرز ئەسەدی، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەولێر

ئاڤا نیوز

 

کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر لە ڕێگای ئاڤاوە پەیامێک ئاڕاستەی پارتی، یەکێتیی و لایەنە سیاسییەکان دەکات دەڵێت، بەرەو بەغدا نەڕۆن تاوەکو لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان ڕێکنەکەون، بە پێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.

 

وێنە گەورەکە: پەیامەکەی تاران لە کاتێکدایە ململانێی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار گەیشتووەتە لوتکە و تەنیا سێ هەفتە بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە ماوە، ئێران دەیەوێت لە ڕێگای "یەکڕیزیی کورد"ـەوە، سەقامگیریی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق گەرەنتی بکات.

 

لێدوانی فەرمی: فەرامەرز ئەسەدی، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە هەولێر، قسەی بۆ ئاڤا کرد و ڕایگەیاند، داوا لە پارتی، یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکەین یەکڕیز و یەکگرتوو بن، دەشڵێت، باشترە لە ماڵی خۆتان لە هەرێمی کوردستان ڕێکبکەون.

 

کونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، ئەمانەشی وت:

-وا باشترە لایەنە سیاسییەکان یەک کاندیدیان هەبێت ئینجا بڕۆنە بەغدا، ئەمە زۆر باشترە و بەهیوام هەر واش بێت.

 

-ئێمە پشتگیریی لە یەکڕیزی کورد دەکەین و ڕێز لە برا کوردەکانمان دەگرین.

 

- کوردەکان لە نێوان خۆیاندا لێرە ڕێکبکەون باشتر لەوەی بڕۆنە بەغدا و لەوێ ناچار بن ڕێکبکەون.

 

- لێرە لە ماڵی خۆیان واتە هەرێمی کوردستان ڕێکبکەون زۆر باشترە و بەهیوام هەر واش بێت.

 

زانیاریی زیاتر: ئەمڕۆ دووشەممە 5-1-2026، وادەی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کۆتایی هات و 81 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە، یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکەو کەسایەتییەکانی دیکە بەشێوەی جیاواز ناوی خۆیان تۆمارکردووە، جگە لەوەی دەیان هاوڵاتی عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق دەیانەوێت ڕکابەرێتیی بکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.

 

زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستی جیاجیادا لەم دوو ڕۆژەدا کۆببنەوە و هەماهەنگیی بکەن بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.

 

ڕاگەیێندراوی فەرمی: ڕۆژی 29-12-2025 سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشێوەیەکی ڕوون هەڵوێستی خۆی ئاشکراکرد لەبارەی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆماری نوێ، لەهەمان کاتدا جەخی لەوەکردەوە کە پۆستەکە دەبێت هەر بۆ پێکهاتەی کورد بێت لە عێراقدا و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات و کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت.

 

باکگراوند: پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەکو عورفێکی سیاسی، بەرکەوتەی پێکهاتەی کوردە لە عێراق، لەکاتێکدا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعەکانە.

 

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ