
پشتیوانیی مەدەنیی بۆ ڕۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەبێت
ئاڤا نیوز
درەنگانی شەوی ڕابردوو هاووڵاتییان لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سووریایان کرد.
چیرۆکی سەرەکی: شەوی ڕابردوو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی ڕژانە سەر شەقامەکان، خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی مەدەنییانە داوایان کرد کە خاک، سەروماڵ و ژیانی کوردانی ڕۆژئاوا لە دەستی گرووپە چەکدارەکان بپارێزرێت و ئەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر بە گەلی کورد لە سووریا دەکرێت دەستبەجێ ڕابگیرێت.
زانیاریی زیاتر: گردبوونەوەکان لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، کەرکووک، ڕانیە، حاجیاوا و کەلار بە شێوەیەکی مەدەنییانە بەڕێوەچوون، کە تێیدا ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە و هوتافی پشتیوانیی بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوا وترایەوە.
٠ لە هەولێر بەشێکی زۆری خۆپیشاندەران لەبەردەم کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا کۆبوونەوە تاوەکو داوای دەستێوەردانی خێرا بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە ئەنجام دەدرێن. چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆش لە چەند شار و شارۆچکەیەکی دیکە گردبوونەوەی هاوشێوە ئەنجام بدرێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆخی ئەمنیی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا بەهۆی بەردەوامیی هێرشەکان و پێشێلکردنی چەندین جارەی هەوڵەکانی ئاگربەست و دانوستان، گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و مەینەتییەکانی خەڵکی سڤیلی زیاتر کردووە.
باکگراوند: هێرشەکانی سوپای سووریا لە 6ی کانوونی دووەمی 2026ـەوە بە بۆردوومانکردنی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب دەستیپێکرد و دواتر ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدەی گرتەوە. سەرەڕای چەندین هەوڵ بۆ ئاگربەست، بەڵام هێرشی چەکدارانی سوپای سووریا بەردەوام بوو تا لە 17ی ئەم مانگەدا هێرش بۆ سەر ناوچەکانی دێرحافر و مەسکەنە چڕتر بووەوە، کە ئەمەش نیگەرانیی یەکجاریی لای کوردانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.
وێنە: ئاڤا دیجیتاڵ










