
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان بۆ پشتگیری ڕۆژئاوای کوردستان فراوانتر دەبێت
ئاڤا نیوز
وەک پاڵپشتی بۆ کوردی ڕۆژئاوا و وەستاندنی هێرش و گەمارۆکانی سوپای عەرەبی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ هەینی لە کەشوهەوایەکی سارددا بە گەرموگوڕییەوە بە هەزاران هاووڵاتی لە زۆربەی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و هاتنە سەرشەقام.
چیرۆکی سەرەکی: هێرشەکانی سوپای عەرەبی سوریا بۆ سەر کۆبانێ، حەسەکە و گوندەکانی دەوروبەری، کوشتنی خەڵکی سڤیل و ڕەفتاری ناشرینی چەکدارەکان بەرامبەر شەرڤانان، ناڕەزایەتی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستانی لێ کەوتووەتەوە.
لە هەولێر بە هەزاران کەس لەبەردەم قەڵا و پارکى شار گردبوونەوە و بەیەک دەنگ بە وتنەوەی هوتافی یەکە یەکە کوردستان یەکە، ڕۆژئاوا ڕۆژهەڵاتە کوردستان یەک وڵاتە، دوایانکرد کورد لە سەرتاسەری جیهان بێنە دەنگ و یەکدەنگبن. پاڵپشتی خۆشییان دەربڕی بۆ کۆبانێ و شارە کوردییەکان و وتیان" ئێوە بەردەوامبن لە بەرخودان ئێمەش لە پشتتانین."
لە سلێمانیش خۆپیشاندانی ملیۆنی ڕاگەێنرا و ئەمڕۆ هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاوازەکان، لەبەردەم باخی گشتی کۆبوونەوە و شەقامی سالم تا سەهۆڵەکە پڕبوو لە خۆپیشاندەر، بە یەک دەنگ بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، وێنەی کەزی چنراو، نمایشی ئەسپسواری و خوێندنەوەی هۆنراوەی نیشتیمانی، پشتگیری خۆیان بۆ کوردانی ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە،
لێدوانی فەرمی: هاونیشتمانییەک کە ناوی کچەکەی نابوو کەزی بە ئاڤای وت، ئەمڕۆ پێویستە کورد لە هەمووکات یەکگرتووتر بێت و هەمووان دڵیان لای ڕۆژئاوا بێت.
هاوشێوەی هەولێر و سلێمانی لە بازیان، سۆران، حاجیاوا، ڕانیە و کەلار خۆپیشاندان بۆ کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
وێنە: محەممەد شوانی




























