هێمن لهۆنی: مێپس بووە وێستگەیەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکانی عێراق
ئاڤا نیوز
لە سێیەم و کۆتا ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک، هێمن لهۆنی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری گوتی: بەرپرسانی کورد ڕایانگەیاند لە داهاتوو لە عێراق مەرجەکانیان چین، دەمانەوێت چی بگۆڕین.
چیرۆکی سەرەکی: بەئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و 150 سەرکردەی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لە 25 وڵاتی جیاواز، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دهۆک کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2025)، بەڕێوەچوو.
لێدوانی فەرمی: هێمن لهۆنی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری لە دیدارێکی تایبەتدا بە ئاڤای ڕاگەیاند: کۆڕبەندی مێپس بووە وێستگەیەکی نوێ بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکانی عێراق، ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە سەرەتایی قۆناغێکی نوێ و سەرەتایەکی نوێ بۆ پرۆسەی سیاسی، عێراقی پێش هەڵبژادن و دوای هەڵبژاردن جیاواز دەبێت.
زانیاریی زیاتر: لهۆنی گوتیشی، کۆڕبەندی ئەمساڵ بە دەستپێشخەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جیاواز بوو، مێپس بووە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان. سەرکردە و حیزبە گەورەکانی عێراق بەشداربوون و دەرکەوت داواکاری لایەنەکان چییە، هەموو لایەنەکانی عێراق خواستی خۆیان دەربڕی، بەڕوونی سەرکردایەتی کورد گوتیان، ئێمە لە داهاتوو لە عێراق مەرجەکانمان چین؟ دەمانەوێت چی بگۆڕین؟ هەروەها کورد لەم کۆڕبەندە پەیامی ئاشتی و تەبایی و برایەتییان ڕاگەیاند.
گوتیشی: کۆڕبەندی مێپس، وێستگەیەکی گرنگ بوو بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و یەکخستنەوە پارچەکانی کوردستان و هەمووان پشتیوانیان لە پرۆسەی ئاشتی کرد لە سووریا، تورکیا و عێراق، سەرۆکوەزیرانیش پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆسەکە دووپات کردەوە.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەگوتەی لهۆنی، لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی عێراق، هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە یاساکە یاسایەکی دادپەروەرانە نییە.
هێمن لهۆنی، بەرپرسی ئۆفیسی دەستپێشخەری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەمانەشی گوت:
٠ سەرۆکوەزیران پلان و دیدگای هەیە بۆ داهاتوو، ئەو پرۆژانەی کە دەستیان پێکردووە تەواو دەکرێن بۆ کابینەی داهاتووش دیدگای هەیە، لە ڕابردوودا پلانی بۆ پڕۆژەی ڕووناکی، هەژماری من و چەند پڕۆژەیەکی ستراتیژی هەبوو بینیمان چەند سەرکەوتووانە جێبەجێکران.
٠ ئاشتی نەبێت ئاسایش دروست نابێت، ئارامی و سەقامگیری نەبێت ئاوەدانی بوونی نابێت.
٠ کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان خەڵک خاوەنییەتی، ئەم پێکەوەژیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە نموونەیەکی سەرکەوتنە.
٠ دیدگای سەرۆکوەزیران گشتگیرە بۆ ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، جاران دەیانگوت تەنیا لە هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئێستا لە هەموو بەشەکانی کوردستان کاریگەری هەیە.









