دیداری تایبەت؛ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا چەند نهێنییەکی نوێ ئاشکرا دەکات
ئاڤا نیوز
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاڤا میدیا، وەڵامی پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەت، ململانێی واشنتن و تاران و دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.
چیرۆکی سەرەکی: محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، لە بەرنامەی 'دوو قسە'ـی ئاڤا میدیا كە شەوی شەممە سەعات 9:00 پەخش کار، وەڵامی چەند پرسێكی پەیوەست بە ناوخۆی عێراق و ناوچەكەی داوەتەوە، بەتایبەت پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی فیدراڵ و هەڵوێستی ئەمریكا لەسەر دژایەتیكردنی نووری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەڵوێستی ئێران لەبارەی سەرۆككۆماری داهاتووی عێراق.
دەقی دیدارە تایبەتەکەی ئاڤا میدیا لەگەڵ محەممەد کازم ئال سادق:
ئاڤا میدیا: هەڵوێستی ئێران بەرامبەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو چییە؟ پەیامتان بۆ لایەنە شیعەکان و لایەنەکانی دیکە لەم بارەیەوە چییە؟
ئال سادق: کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکەم لایەن بوو کە دوای ڕووخانی سەدام حوسێن پێشوازیی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق کرد و بەردەوامیش چاودێریی دۆخەکەی کردووە. ئەمڕۆ شایستەیەک هاتۆتە پێش دوای هەڵبژاردنەکان کە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو. وەک چۆن لە نەریتی سیاسیی عێراقدا باوە، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ برایانی سوننە، سەرۆککۆمار بۆ کورد و سەرۆکوەزیران بۆ شیعەیە. ئێمە پیرۆزباییمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد و دواتریش کە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" لەسەر کاندیدکردنی بەڕێز نووری مالیکی ڕێککەوتن، پیرۆزباییمان لێ کردن. چاوەڕوانین بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت بڕۆن.
ئاڤا میدیا: چی لە حکومەتی داهاتووی عێراق داوا دەکرێت تاوەکو لای ئێران پەسەند بێت؟
ئال سادق: هەر حکومەتێک بێت، لە سەرەتادا دەبێت سەروەریی وڵاتەکەی بپارێزێت و کار بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی بکات. گەلی عێراق شایستەی خزمەتگوزاریی، چارەسەری بێکاریی و بونیادنانەوەی ژێرخانە.
ئاڤا میدیا: ئەو تایبەتمەندییانە چین کە ئێران لە کەسایەتیی سەرۆکوەزیرانی داهاتوودا دەیانبینێت؟
ئال سادق: عێراق خۆی بڕیار لەسەر سەرۆکوەزیرانی خۆی دەدات. ئاساییە کە هەر وڵاتێک هەوڵ بدات سەرۆکوەزیرانەکەی کەسایەتییەکی بەهێز، کارا و خاوەن ئەزموون بێت لە بەڕێوەبردن و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکاندا.
ئاڤا میدیا: ئایا ئەم تایبەتمەندییانە لە نووری مالیکیدا دەبینن؟
ئال سادق: ئێمە پیرۆزباییمان لە هەڵبژاردنی نووری مالیکی لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە کرد، ئەو خاوەن ئەزموونێکی زۆرە لە بەڕێوەبردنی دوو حکومەتی پێشوودا.
ئاڤا میدیا: دۆناڵد ترەمپ دژایەتیی کاندیدکردنی نووری مالیکی دەکات، سەرنجت چییە لەسەر ئەم قسانە؟
ئال سادق: ئێمە ئەمە بە دەستوەردانێکی زەق لە کاروباری سیاسیی عێراق دادەنێین. هیچ کەس و وڵاتێک مافی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتێکی خاوەن سەروەریی وەک عێراقدا بکات. ئەوەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا دەیکەن، نا تەندروستە.
ئاڤا میدیا: ئەی ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگیی ڕازیی بوو کاندیدەکەی خۆی بگۆڕێت؟
ئال سادق: ئێمە لەگەڵ هەر کاندیدێکداین کە چوارچێوەی هەماهەنگیی دیاری بکات، چونکە ئەوان فراکسیۆنی گەورەن و بڕیارەکە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.
ئاڤا میدیا: هەڵوێستتان بەرامبەر حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی چییە؟
ئال سادق: پەیوەندییەکی نایابمان لەگەڵ حکومەتەکەی سوودانیدا هەیە، ئەو دەسپێشخەریی باشی کردووە لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی و پارێزگاریشی لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات کردووە.
ئاڤا میدیا: ئایا لەسەر سوودانی لەگەڵ ئەمریکا کۆکن؟
ئال سادق: هەر کاندیدێک پاڵپشتیی چوارچێوەی هەماهەنگیی هەبێت، ئێمە ڕێز لەو بڕیارە دەگرین و مامەڵەی لەگەڵ دەکەین.
ئاڤا میدیا: ئایا ئێران فشاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی یاسا؟
ئال سادق: ئێمە پێمان وایە ئەم بابەتە دەبێت بۆ حکومەت و گرووپە عێراقییەکان جێبهێڵدرێت. لە عێراق بەرەی مقاوەمە هەیە، پێدەچێت دوای پاشەکشەی هێزە بیانییەکان، لە ڕێگەی گفتوگۆی نێوان گرووپەکان و حکومەت ئەم پرسە یەکلایی بکرێتەوە.
ئاڤا میدیا: سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، هەڵوێستی ئێران چییە لەنێوان پارتی و یەکێتیی؟
ئال سادق: داوامان لێکردوون لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکبکەون. وتەیەکی بەڕێز مەسعوود بارزانیم بیرهێنانەوە کە دەڵێت "کاری سیاسیی دەبێت لەسەر بنەمای شەراکەت، تەوافوق و هاوسەنگیی بێت". بە ڕەچاوکردنی ئەم سێ خاڵە، هەردوو حیزبە گەورەکە دەگەنە ڕێککەوتن.
ئاڤا میدیا: پەیوەندیی ئێران و هەرێمی کوردستان ئێستا چۆنە؟
ئال سادق: پەیوەندییەکی دێرین و پتەومان لە هەموو بوارەکاندا هەیە. پەیوەندییەکی قووڵ لەنێوان نەتەوەی کورد لە هەرێم و کۆماری ئیسلامییدا هەیە و هەوڵی بەهێزترکردنی دەدەین.
ئاڤا میدیا: بۆچی هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق کەم بووەتەوە؟
ئال سادق: ئەمریکا ڕێگرە و فشار لە عێراق دەکات کارەبا لە ئێران نەکڕێت. هەروەها لە زستاندا بەهۆی سەرماوە لە ناوخۆی ئێران پێویستمان بە غازی زیاترە. کێشەی گواستنەوەی پارەشمان هەیە، چونکە پارەکە بە نەختینە نایەتەوە بۆمان و دەبێت بە شێوەی خۆراک و پێداویستیی وەریبگرینەوە.
ئاڤا میدیا: دەگوترێت ئێران نایەوێت هەرێمی کوردستان غاز بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت، ئەمە ڕاستە؟
ئال سادق: ئەمە پرسیارێکی سەیرە. هەرێم وەک وڵاتێکی جیاواز نییە لە عێراق، دەبێت دەسەڵاتداران لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون. هەولێر و سلێمانی و دهۆک بەشێکن لە عێراق.
ئاڤا میدیا: سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەرێم و ئێران، ڕازین بە ئاستی جێبەجێکردنی؟
ئال سادق: ڕێککەوتنەکە زۆر باش بوو، بەڵام هەندێک بابەت جێبەجێکران و هەندێکیان نەخێر. چەکدارە جوداخوازەکان لەسەر سنوور نەمان، بەڵام هێشتا ئاژاوەگێڕیی و کاری تێرۆر ئەنجام دەدەن و لە کەمپەکاندا ڕاهێنانی سەربازیی دەکەن. بەندێکی ڕێککەوتنەکە باس لە ڕادەستکردنی تاوانباران دەکات، لیستی ناوەکانمان داوە بە هەرێم بەڵام جێبەجێ نەکراوە.
ئاڤا میدیا: ڕاستی هەواڵەکانی دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری ئێران و هەرێم چین؟
ئال سادق: سنوورمان 560 کیلۆمەترە، بەشێکی دەتوانرێت پتەو بکرێت. گوێمان لێ بوو عێراق دەیەوێت ئەو کارە بکات بەپێی ڕێککەوتنەکە.
ئاڤا میدیا: دۆخی سووریا و زیندانەکانی داعش نیگەرانتان دەکات؟
ئال سادق: بەڵێ، شکاندنی زیندانەکانی داعش و گواستنەوەی بەشێکیان بۆ عێراق نیگەرانمان دەکات. داعش هەڕەشەیە بۆ ئێمە و عێراق و هەمووان.
ئاڤا میدیا: ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکات، وەڵامتان چی دەبێت؟
ئال سادق: ئێمە شەڕمان ناوێت، بەڵام ئەگەر ڕوویدا بە دوو گورز وەڵامی گورزێک دەدەینەوە. ئەگەر هەر گەمژەییەک بکەن، ڕووبەڕووی وەڵامێکی توند و لەناوبەر دەبێتەوە. ئێمە لەگەڵ دانوستانی لۆجیکیین نەک سیاسەتی سەپاندنی فەرمانەکان.