دادگای كەركووک، لە 12 بواری جیاواز پێویستی بە شارەزایە

شەیری بکە لە:
دادگای كەركووک، لە 12 بواری جیاواز پێویستی بە شارەزایە

باڵەخانەی دادگای کەرکووک

ئاڤا نیوز

دادگای كەركووک پێویستی بە شارەزا هەیە لە 12 بواری جیاواز، ئەمەش بۆ خەمڵاندنی بارودۆخەكانی هەر دۆسیەیەكی دادگا بەپێی پسپۆڕی.

نووسراوی فەرمی: بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکوک/گەرمیان كە دەست ئاڤا میدیا كەوتووە، تێیدا لیژنەی شارەزایانی دادوەری، سەرجەم ئەو كەسانە ئاگادار دەكاتەوە كە داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی لە بەردەم دادگاكان ببنە شارەزا، كە لە ڕۆژی 7ـی ئەم مانگە، سەردانی زانكۆی گەرمیان بكەن، بەمەبەستی ئەنجامدانی تاقیكردنەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەشێك لە دۆسیەكانی بەردەم دادگاكان، پێویستی بە ڕاپۆرتی شارەزای پسپۆڕ لە بوارێكی دیاریكراودا هەیە و پێویستە لەكاتی دادبینی، شارەزای ئەو بوارە ئامادە بێت، بەنموونە، ئەگەر دۆسیەیەكی تاوانی پەیوەندی بە ڕووداوی هاتووچۆوە هەبێت و ناڕوونی لە دۆسیەكە هەبێت، ئەوا دادگا بانگهێشتی شارەزایێكی بواری هێڵكاریی هاتووچۆ دەكات تا بیروڕای خۆی لەسەر حاڵەتی دۆسیەكە بە ڕاپۆرتێك بخاتەڕوو.

زانیاریی بەدەستهاتوو: ئاڤا زانیویەتی 49 كەس لە 12 پسپۆڕی، خۆیان بۆ بەشداریكردن لە تاقیكردنەوەی دەستنیشانكردنی شارەزایانی دادوەری تۆماركردووە و ئەوانەی باشترین كۆنمرە بەدەستدەهێنن، هەڵدەبژێردرێن.

زانیاریی زیاتر: ئەو پسپۆڕییانەی كە دادگای كەركووک پێویستی بە شارەزا هەیە ئەمانەن؛ (ئای تی، دیاریكردنی بڕی بژێوی، شارەزای زمان بۆ وەرگێڕ، دابەشنامەی شەرعی، ژمێریاری، هێڵكاریی هاتووچۆ، شارەزای كارەبا و ئامێرە كارەباییەكان، ئەندازیاری مەدەنی ئاستی پێشكەوتوو، دیاریكردنی بڕی قەرەبوو، تۆماركردنی ئامێرەكان، پشكنینی ئامێرەكان، خەملاندنی نرخی زەوی).

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ