قەرەبووی وانە لەدەستچووەكانی قوتابخانەكانی سنووری چەمچەماڵ دەكرێتەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ئاشكرای دەكات، بۆ قەرەبووكردنەوەی وانە لەدەستچووەكانی پۆلەكانی نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی لە قوتابخانەكانی چەمچەماڵ، پێشنیاز كراوە لە ڕۆژانی پشووی شەممە دەوام بكرێت و وانە بخوێندرێت. هاوكات بەهۆی نۆژەن نەكردنەوەی سێ قوتابخانەی سنووری لافاوەكەی چەمچەماڵ، پرۆسەی خوێندن لەو سێ قوتابخانە دەستی پێ نەكردووەتەوە.

وێنە گەورەکە: لافاوە كارەساتبارەكەی ڕۆژی نۆی 12ـی ساڵی پاری سنووری چەمچەماڵ، جگە لە زیانی بۆ سەروماڵی هاووڵاتیان و شوێنی كاركردنیان، هاوكات زیان بەر دەیان بینای حكومی و دامودەزگای خزمەتگوزاری و قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن كەوت و بەشێكیان تا ئێستا نۆژەن نەكراونەتەوە.

لێدوانی فەرمی: قاسم عەلی، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە ئاڤای ڕاگەیاند، تا ئێستا لە سێ قوتابخانەی ناوچە زیانبەركەوتووەكانی لافاوەكە، پرۆسەی خوێندن دەستی پێ نەكردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی نۆژەن نەكردنەوەیان.

زانیاریی زیاتر: بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ڕاشیگەیاند، هەردوو قوتابخانەی لاوان و ئامادەیی نوێگەری كە هەردووكیان دوو دەوامن و لە شارۆچكەی چەمچەماڵن هەروەها قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەكیە، بەهۆی ئەوەی هێشتا شیاو نین بۆ پرۆسەی خوێندن و كارەكانی نۆژەنكردنەوەیان تەواو نەبووە، خوێندن تێیاندا دەستی پێ نەكردووەتەوە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ ڕوونیشی كردەوە، بۆ ئەوەی تاقیكردنەوەكانیان نەفەوتێت، قوتابیانی ئەو سێ قوتابخانەیە لە شوێنی دیكە هۆڵی تاقیكردنەوەیان بۆ دابین كراوە.

بابەتە ستراتیژییەكە: لەبارەی قەرەبووكردنەوەی وانە لەدەستچووەكانی پۆلەكانی نۆی بنەڕەتی و دوازدەی ئامادەیی سەرجەم ئەو قوتابخانانەی چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاو خوێندن تێیاندا وەستابوو، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ وتی، لەگەڵ یەكەی سەرپەرشتیاریی چەمچەماڵ قسەمان كردووە كە لە ڕۆژانی پشووی شەممە، دەوام بكرێت و وانە بخوێندرێت، بۆ ئەمەش بەنووسراوی فەرمی سەرووی خۆمان ئاگادار دەكەینەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ