کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی" لە قاهیرە بە عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی" لە قاهیرە بە عەرەبی بڵاو دەکرێتەوە

بەرگی کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی"

ئاڤا نیوز

 

نووسەرێکی کورد بە 11 کتێب بەشداریی پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیی کتێب لە قاهیرەی میسر دەکات، دیارترینیان کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی"ـیە کە باس لە خەباتی نیو سەدە و دیدگای دەوڵەتداری؛ ژیاننامەی سەرۆک بارزانی دەکات.

 

چیرۆکی سەرەکی: بڕیارە لە 25-1-2026، پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ کتێب لە قاهیرەی پایتەختی میسر بکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. بۆ یەکەم جارە لە مێژووی پێشەنگەکە ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک بە 11 بەرهەم بەشداریی دەکات کە باس لە مێژووی گەلی کورد دەکات.

 

لێدوانی فەرمی: شێرکۆ حەبیب، ڕۆژنامەنووس و نووسەری کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی" بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، لەم دواییانەدا کتێبەکە لەلایەن دار ئوم الدنیا بۆ توێژینەوە و چاپ و بڵاوکردنەوە، بڵاوکرایەوە کە لە ڕیزی 11 کتێبدایە لە پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی قاهیرە.

 

زانیاریی زیاتر: پەرتووکەکە لە 192 لاپەڕەدا بە قەبارەی مامناوەند، نزیکەی 17 چاوپێکەوتنی میدیایی لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی ئەنجام دراون. لەو دیدارانەدا دەرکەوتووە کە سەرۆک بارزانی خۆشەویستی گەلەکەی بۆ ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان دەربڕیوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی کتێبەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی هەمیشە دیدگای تێڕامانی خۆی بۆ عێراقێکی فیدراڵی پێشکەش کردووە کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت، بە پشتبەستن بە دەستووری وڵات کە لە ساڵی 2005 دا ڕێککەوتنی لەسەر کراوە.

 

ناوەڕۆکی کتێبەکە: ئاماژە بە هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی سەبارەت بە خاڵە ناکۆکەکان لەگەڵ بەغدا و داهاتووی هەرێمی کوردستان، ڕێگاکانی نەهێشتنی تیرۆر، هەڵوێستی لەبارەی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆ و ڕەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی لە عێراق، هەروەها دەستەواژەی "کەمینەکان" دەکات. لەهەمان کاتدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرۆک بارزانی لە دیدارەکانیدا هەمیشە جەختی لە وتە بەناوبنگەکەی کردووەتەوە کە دەڵێت، "100 ساڵ وتووێژ باشترە لە سەعاتێک شەڕ".

 

ئەمەش بزانە: پەتووکە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن سەرۆک مەسعود بارزانی گۆڕینی ناسنامەی کەرکووک بە مەحاڵ دەزانێت، هەروەها بڕوای تەواوەتی هەیە بە سەروەری یاسا و دامودەزگا دەستوورییەکان، ڕەتکردنەوەی سازشکردنی کورد لە سەر یەکڕیزی عێراق و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی میسر و کورد و جەختکردنەوەی لەسەر خواستی کورد بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییانە ببێتە بەردی بناغەی پەیوەندییە فراوانەکانیان. کتێبەکە پاشکۆیەکی وێنەیی لەخۆگرتووە کە 16 لاپەڕەیە.

 

 

لە کتێبەکەدا باس لەوانەش کراوە:

- سەرۆک بارزانی لە 16ی ئابی ساڵی 1946 لە شاری مەهابادی پایتەختی یەکەم کۆماری کوردستان لەدایک بووە کە هەمان بەرواری دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن مەلا مستەفا بارزانی نەمر.

- سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1970 ئەندامی شاندی دانوستانکاری شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ حکومەتی عێراق بووە.

- لە کۆنفرانسی هەشتەمی پارتی دیموکراتدا سەرۆک بارزانی بۆ کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و لە ساڵی 1979 بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

- لە کاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال دژی بارزانییەکان کە لە ساڵی 1983 لەلایەن سەدام حوسێنەوە ئەنجامدرا، سەرۆک بارزانی 37 ئەندامی بنەماڵەکەی و هەشت هەزار ئەندامی هۆز و ناوچەکەی لەدەستدا.

- سەرۆک بارزانی لە ساڵی 1986 یەکەم کتێبی بە زمانی عەرەبی چاپ و وەرگێڕانی بۆ چوار زمان و بەناوی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد" بوو.

 

پێشەکی کتێبەکە:

شێرکۆ حەبیب لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: " ئاسان نییە لەسەر مرۆڤە گەورەکان بنووسین و تیشک بخەینە سەر ئەو کەسانەی کە پانتاییەکی گەورەیان لە مێژوودا داگیرکردووە، چ لە ڕێگەی دەستکەوتەکانیانەوە بێت، چ لە ڕێگەی وتەکانیانەوە، یان کاریگەرییە قووڵەکانیان لەسەر واقیعێکی سیاسی دیاریکراو، لەپێناو گەیشتن بە هەندێک ئامانج کە خزمەت بە نیشتمان و پێکەوەژیانی و هەموو پێکهاتەکانی دەکات".

 

باس لەوەش دەکات، "مێژووی سیاسی و خەباتی سەرۆک بارزانی زیاتر لە نیو سەدە دەخایەنێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە کە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ دۆزی دادپەروەری گەلەکەی و بەرگری لە کەرامەتی نەتەوەیەک دەکات، پێشینەی شەرەفمەندی ئەویش لەلایەن دۆست و دوژمنەوە بە یەکسانی دانپێدانراوە.

 

تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە سەرۆک بارزانی هەرگیز سازشی لەسەر دۆزی گەلەکەی یان مافی گەلانی دیکەی نیشتەجێی کوردستان نەکردووە و داکۆکی لێکردوون.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، سەرۆک بارزانی تامەزرۆی ئازادییە و بەرگری لە چەوساوەکان کردووە، هەوڵیداوە بناغەی خۆشەویستی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا بنیات بنێت، هەروەها لە ڕێبازی بارزانی مانای ئازادی و ڕەتکردنەوەی کڕنۆش بردن یان ملکەچبوون بۆ هیچ کەسێک جگە لە خودای مەزن، مافی مرۆڤ و چۆنێتی بەرگریکردن لە بەها پیرۆزەکانی نیشتمان فێربوو.

 

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەی هاتووە، "سەرۆک بارزانی لە سەرەتای گەنجێتییەوە، لە تەمەنی 16 ساڵیدا، چەکی کەرامەت و بەرگریکردن لە ڕاستییەکانی هەڵگرتووە، بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لە پێناو دامەزراندنی ئاشتی و بنیاتنانی نیشتمانێکی دیموکراسی و فرەیی. بەم شێوەیە هەمووان لەسەر بەها و باڵای ئەو کۆکین و ناوەکەی لەناو کەسایەتییە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا نەمر دەبێت".

 

لەلایەکی دیکەوە: سەبارەت بە بەشداریکردنی کتێبی "مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی"، دەستەی گشتیی ڕێکخراوی کتێبی میسری لە قاهیرە ئاماژەی بەوە کردووە، خولی ئەمساڵی پێشەنگەکە فرەچەشنی بڵاوکراوەکان لەخۆدەگرێت، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانیش، بوونی بەرفراوانی پەرتووکەکان سەبارەت بە دیدی مێژوویی و سیاسی و کەلتووری و پرسی کوردە.

 

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، کەسایەتیی مەلا مستەفا بارزانی یەکێک دەبێت لە دیارترین کەسایەتی کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک پەرتووکەوە زیاتر دەناسێنرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو بەرهەمانەی شێرکۆ حەبیب کە بەشدارن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە قاهیرە، ئەمانەن:

 

- کورد لە بەڵگەنامەکانی بەریتانی.

- شۆڕشی بارزان 1931-1932.

- بزاڤی نەتەوەی کورد لە کوردستان.

- گرفتی کەنداو و کورد لە عێراق.

- مەلا مستەفا بارزانی هێمای نەتەوەیەک.

- ناونیشانی سەرکەوتنی کورد لە بەڵگەنامەکانی بەریتانی 1943-1977.

- بزوتنەوەی نیشتمانی بارزان.

- مەسعود بارزانی، پیاوی ئاشتی.

- رواق الاکراد.

- یادەوەری عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە گێژاودا.

- ئیتێکی کاری ڕۆژنامەوانی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ