
یەکێک لە پێشانگاکانی کتێب لە هەرێمی کوردستان
ئاڤا نیوز
وەرگێڕان ئاڵوگۆڕی پەیوەندیی نێوان نەتەوەکانە، کە خاوەن کلتوور و شارستانیەتی جیاوازن و هاوزمان نین. ئەدەب ئاوێنە و ڕەنگدانەوەی شێوازی ژیان و چۆنیەتی بیرکردنەوەی هەر نەتەوەیەکە. گرنگی ئەدەب لە گرنگی شێوازە جیاوازەکانی ژیانەوە سەرچاوەی گرتوە و بووە بە بەشێکی گرنگی ناسنامە و مێژووی نەتەوە جیاوازەکان. نوسەر و ڕوناکبیر و ئەدیبەکان هەڵدەستن بە ئافراندنی ئەو بەرهەمانەی لە ئەنجامی ئەو هەست و نەستەی لە کانگای هەست و سۆزیانەوە هەڵقۆلاوە .
بواری ئەدەبیش وەک هەموو بوارە جیاوازەکانی دیکە بێبەری نییە لە پڕۆسەی وەرگێڕان و هەر زوو دەست بۆ وەرگێڕانی ژانرا جیاوازەکانی ئەدەب وەک شیعر، چیرۆک ، ڕۆمان، پەخشان… هتد بردراوە.
لە پڕۆسەی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکاندا وەرگێڕ ڕووبەرووی چەندەها ئاڵنگاری دەبێتەوە. لەبەر ئەوەی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمانە وەکو وەرگێڕانی بابەتێکی زانستی یاخود ژیانی کەسێکی بەناوبانگ و پارچە نوسینێکی مێژوویی نین، بەڵکو پڕن لە هەست و سۆز و دیاردەی ئاڵۆز. لە کاتی وەرگێڕان دا، وەرگێڕ سەرەڕای گواستنەوەی مانا دەبێت هەست و سۆزی ئەم دەقە ئەدەبییانە لەبیر نەکات و وەکو خۆی بیگەیەنێت. گەر بێت و وەرگێڕ تەنیا هەوڵ بۆ گواستنەوەی ماناکەی بدات، ئەوا وەک پارچە نوسینێکی مردووی بێ گیانی لێ دێت و چیتر چێژێکی وای نامێنێت.
"وەرگێڕانی هەڵە، بڵێسە و ئاگری وشەکان بۆ هەمیشە خامۆش دەکات"
کەوایە دەتوانین بڵێین لێرەدا ڕۆڵی وەرگێڕ هێندەی ڕۆڵی نوسەرەکە خۆی گرنگە، ئەگەر زیاتر نەبێت ئەوا کەمتر نییە. لەبەر ئەوەی نوسەر ئازادە و هەرچیێکی بوێت دەتوانێت بینوسێت، بەڵام وەرگێڕ دەسەڵاتی سنووردارە و دەبێت لەو قاڵبەدا بمێنێتەوە کە نوسەرەکە دایڕشتوە. وەرگێڕ بەردەوام لە شەڕێکی دەست بە یەخەدایە لەگەڵ گواستنەوەی ماناو پاراستنی هەست و خەیاڵی دەقێکی ئەدەبی لە کاتێکدا بە تەواوی لەگەڵ زمانی ئامانجدا بگونجێت. زۆر گرنگە ئەو کەسەی دەست بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی دەبات شارەزایێکی تەواوی لەو بوارە هەبێت یاخود خۆی لەو بوارەدا کار بکات. بۆ نمونە گەر کەسێک بیەوێت شیعر وەربگێڕێت ئەوا باشترە خۆی شاعیر بێت یان لانی کەم شارەزایێکی باشی لە چۆنییەتی نوسین و داڕشتنەوەی شیعر دا هەبێت. یان گەر بیەوێت ڕۆمانێک وەربگێڕێت ئەوا بە هەمان شێوە خۆی نوسەر بێت و ئاشنای چۆنییەتی داڕشتنەوەی سەر لە بەری ڕوداوەکانی ناو ڕۆمانەکەی هەبێت هەر وەک ئەوەی خۆی نوسەری ڕۆمانەکە بێت، بە شێوەیەک لە کاتی خوێندنەوەی ئەم بەرهەمەدا خوێنەر هەست نەکات دەقێکی وەرگێڕدراو دەخوێنێتەوە، بەڵکو وا بزانێت هەمان دەقە ڕەسەنەکەی نوسەر خۆیەتی و بە زمانی ئەم نوسیویەتی.
من لەوێم. من لێرەم.. و لە وێ نیم، و لێرە نیم
دوو ناوم هەیە کە یەکتر دەبینن و جیا دەبنەوە..
و دوو زمانم هەیە، لەبیرم چووە بە کامیان خەونم دەدیت..
أنا من هناك. أنا من هنا.. ولست هناك، ولست هنا
لي اسمان يلتقيان ويفترقان ..
ولي لغتان، نسيت بأيهما كنت أحلم..
ئەگەر سەیری ئەم پارچە وەرگێڕانە بکەین، ئەوا بە ئاشکرا دەردەکەوێت کە وەرگێڕانە نەیتوانیوە هەست و ڕۆحی دەقە ڕەسەنەکە بگەیەنێت.
هەر لە کۆنەوە نوسەر و شارەزایانی بواری ئەدەب وەرگێڕانی ئەدەبی بە کارێکی قورس و پڕ لە زەحمەت لە قەڵەم دەدەن. لەبەر ئەوەی ئەدەب جیاواز لە تێکستەکانی دیکە خاوەن ڕۆحیەتێکی زیندووە و بۆی هەیە بە هۆی وەرگێڕانی خراپەوە ئەم ڕۆحیەتە بوونی نەمێنێت.
وەرگێڕان لە ئەدەب و زمانی کوردی دا دەرفەتێکی گرنگی مێژوییە بۆ سەلماندنی هەبوون و ناساندنی دەوڵەمەندی فەرهەنگ و کلتوور و زمانی کوردی و زیندوو هێشتنەوەی بەرهەمە کوردییەکان و دەوڵەمەندکردن یان لە ڕێگەی ناساندنی بە میللەتانی جیهان. کەوایە لێرەدا وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکان بۆ سەر زمانی کوردی، بە پێچەوانەشەوە، وەرگێڕانی بەرهەمە کوردییەکان بۆ سەر زمانە جیهانییەکان پێویستیێکی گرنگە.
کاتێک قسە و باس دێتە سەر وەرگێڕانی ئەدەبی کوردی، هێشتا وەرگێڕانی ئەدەبی نەیتوانیوە ببێتە پرۆسەیەکی گرنگی مەعریفی لەناو کۆمەڵگای کوردی دا. ئەگەر بێت و بەراوردێک بکەین لە نێوان بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی ئێستا و ڕابردوو، لەوانەیە بە ژمارە زۆر زیاتر بن، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا تێبینی دەکرێت زۆربەیان ڕۆحیەتی ئەدەبییانەی خۆیان لە دەست داوە و پڕن لە هەڵەی ڕێنوسی و ناوەڕۆکی دەستکاریکراو بە شێوەیەک کە نەتوانی جیایان بکەیتەوە لەگەڵ هەر دەقێکی دیکەی ئاسایی و بگرە زۆربەشیان بە کەڵکی خوێندنەوە نایەن. کە ئەمەش گەورەترین سوکایەتییە بە نوسەر و ئەو بەرهەمەشی کە ئەتککراوە. ئەمەش چ کاتێک ڕوودەدات؟ ئەو کاتەی کە وەرگێڕانی ئەدەبی وەک هەر وەرگێڕانێکی دیکەی ئاسایی سەیربکرێت و مەبەستەکەشی تەنیا بۆ بازرگانیکردن و دەرکەوتن بێت. لێرەدا وەرگێڕ بەرهەمەکە وەک کاڵایێکی بازرگانی دەبینێت و تەنیا بۆ ویستی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.
لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من
هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من
ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من
یا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من
Since the day you left, angry is my heart
No matter how much I search, remains lost my heart
Tell me, on which mountain has been caught my heart
Or by which sorrow has been burned for, my heart
ئەم نمونەیە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی وەرگێڕ سەرنجی لەسەر گەیاندنی پەیامی شیعرەکە نەبووە و تەنها مانایەکی سارد و سڕی شیعرەکەی گواستۆتەوە.
زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان بەهۆی نەبوونی توانای زمانەوانی، توانای نوسین، نەبوونی لێزانی لە تەکنیکەکانی وەرگێڕاندا جا چ لە زمانی سەرچاوە بێت یان لە زمانی مەبەست، سستی ئاستی زمانەوانی و لاوازی تێگەیشتنی ئەدەبی زۆر بە جوانی دەبینرێت و تێبینی دەکرێت. شایەنی باسە بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی وەرگێڕان بە گشتی و وەرگێڕانی ئەدەبی بە تایبەتی تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێکی جدی نەدراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لە چەند هەوڵێکی تاک و تەرا. نەبوونی لیژنەی پێویست بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان پێش ئەوەی بکەوێتە بازاڕ و بگاتە دەستی خوێنەر بۆ ڕێگری کردن لەوەی وەرگێڕ و چاپخانەکان نەتوانن تەنیا وەکو سەرچاوەیێکی ماددی مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆسەیەدا بکەن ئەمەش لە پێناو ئەوەی بەرهەمی وەرگێڕدراوی ساخلەم بگات بە دەستی خوێنەر.
"هیچ شتێک هێندەی وەرگێڕانی خراپ ئەدەب ناکوژێت"
لێزانی وەرگێڕ بۆ هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمانەی وەرگێڕانیان گرنگە لە ناساندنی بیر و فکری نوێ بۆ پرکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کتێبخانەی کوردی تووشی هاتووە زۆر پێویستە. هەڵبژاردنی بەرهەمەکان بە کوێرانە و وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانەی کە ئەرکی وەرگێڕ ئاسانتر دەکەن، بۆ ئەوەی بە کەمترین کات بتوانن زۆرترین بەرهەم و فرۆشیان هەبێت هۆکارێکی دیکەی دارمانی ژێرخانی پرۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبیە. واتە لێرەدا وەرگێڕ نایەوێت ئەرکێکی قورس بگرێتە ئەستۆ، هەربۆیە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکان نەک تەنیا پێداویستی کتێبخانەی کوردی پرناکەنەوە، بەڵکو ئەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕدراون جگە لە چەند بابەتێکی سەرپێیی ماوە بەسەرچوو کە لە زۆربەی جیهان وەرگێڕەکان تەنانەت ئاوڕیشی لێ نادەنەوە و شایەنی خوێندنەوە نین، کەچی لە میدییا کوردییەکان و دەزگا و چاپەمەنییەکاندا بازاڕی ئەو بەرهەمانە گەرمن و زۆرترین خواستیان لەسەرە.
ئەمانەی خوارەوە نمونەن لەسەر گەیاندنی پەیام و ڕۆحی دەقە ئەدەبییەکە بەهۆی لێزانی وەرگێڕ لە داڕشتنەوەی ناوەڕۆک و پەیامی شیعر.
گوێم نا بە دڵی خاکەوە
باسی دڵداریی باران و خۆی بۆ کردم.
گوێم نا بە دڵی ئاوەوە
باسی خۆشەویستیی خۆی و سەرچاوەکانی بۆ کردم.
I listened to the heart of the earth,
And it spoke of its love for the rain.
I tuned into the heart of the water,
It sang of its love for the springs.
لە وەرگێڕانی ئەم پارچە شیعرەی شێرکۆ بێکەس دا وەرگێڕ هەوڵی داوە هەست و سۆز و ڕۆحی وشەکان بە جوانی بگەیەنیت و خوێنەری زمانی ئینگلیزی وەکو دەقی ئەدەبی سەیری دەکات.
کای تازە گل خزان ڕسیدە
رفتە ز جهان جهان ندیدە ئەی تازە گوڵ خەزان ڕەسیدە
نە جیهان لوای جیهان ندیدە
ئەم پارچە شیعرەی نظامی زۆر بە جوانی لەلایەن خانای قوبادیەوە وەرگێڕانی بۆ کراوە بۆ زمانی کوردی.
ئەگەر بێت و هەوڵی جدی نەدرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و ئاوا بەردەوام بێت سەرەنجام کتێبخانەی کوردی دەبێتە زبڵخانە و گۆڕستانی بەرهەمە وەرگێڕدراوە مردوو و ماوە بەسەرچوەکان.
نوێترین بیروڕا

ڕیالیستی ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا
20 کاتژمێر لەمەوپێش

مانگەشەوی سەر لە ئێوارەی 2026؟
4 کانوونی دووەم

بۆچی سۆمالی لاند؟
29 کانوونی یەکەم

ئاڤای خەڵک
28 کانوونی یەکەم

شێرپەنجەی گەندەڵی و بەهەدەردانی خێروبێری وڵات
27 کانوونی یەکەم

نەوەی سەڵاحەدین دەگەڕێتەوە
25 کانوونی یەکەم

سەنگی "خاورمیانە" لە پلانە ستراتیژییەكەی دۆناڵد ترەمپدا
24 کانوونی یەکەم

پۆستەكەی د بەرهەم لە دیدێكی ناسیۆنالیستانەوە
23 کانوونی یەکەم

لە هەولێرەوە بۆ قاهیرە
23 کانوونی یەکەم

خۆماڵیكردنی سیاسەت و گەڕاندنەوەی عێراق بۆ عێراقییەكان
22 کانوونی یەکەم
- بیروڕا
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕیالیستی ترەمپ بەرامبەر ڤەنزوێلا
- بیروڕا
- 4 کانوونی دووەم
مانگەشەوی سەر لە ئێوارەی 2026؟
- بیروڕا
- 29 کانوونی یەکەم
بۆچی سۆمالی لاند؟
- بیروڕا
- 28 کانوونی یەکەم
ئاڤای خەڵک
- بیروڕا
- 27 کانوونی یەکەم
شێرپەنجەی گەندەڵی و بەهەدەردانی خێروبێری وڵات
- بیروڕا
- 25 کانوونی یەکەم
نەوەی سەڵاحەدین دەگەڕێتەوە






