ئاڤای خەڵک

ئاڤای خەڵک

ئاڤا نیوز

ساڵی 2025 تەواو دەبێت و ئاڤا میدیا یەكێكی تر لە شانازییەكانی خۆی تۆمار دەكات، شاشە مۆرەكە سەلماندی بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە بڵندگۆی خەڵك و شەقامە و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵیانە. یەكەم كەسە دەڕواتە ماڵی زیانلێكەوتووان و دوایین كەسیشە بەجێیان بهێڵێت، وەك لە لافاوەكەی چەند هەفتەی ڕابردوودا بینیمان.


هەتا ئێستەشی پێوە بێت ستاف و پەیامنێرانی ئاڤا ماڵە و ماڵ و كۆڵانە و كۆڵان دەكەن بۆ گەیشتن بە چیرۆكە جیاوازەكان و گەیاندنی دەنگی خەڵكی موستەحەق و زیانلێكەوتوو. ئاڤا میدیا تەنها میدیایەكی سارد و سڕی نائەكتیڤ نییە وەك ژیریی دەستكرد ئیش بكات، بەڵكوو بەتەواوی لە ناو شەقامدایە و دەستلەملانی خەڵك و چین و توێژە جیاجیاكانە و پەیامنێرەكانمان بەتەواوی بوون بەشێك لە ئازار و مەینەتیەكانی خەڵكەكە.


ئاڤا میدیا تەنها شاشەیەك و مایكێك نییە لە دوورەوە باس لە كێشەكانی خەڵك بكات، بەڵكو خۆی دەچێتە ناو ئازاریان، دەبێت بە بەشێك لەوان و تیماری دەرد و برینیان دەكات، بۆ هەستانەوە دەچێتە ژێرباڵیان و بۆ گەرمبوونەوە باوەشیان پیادەكات. هەر لە ڕێكخستنی ڤیستیڤاڵە گەورەكان تا كۆكردنەوەی وەرزشوانانی كوردستان لە ئیسكانی شاری قەڵا و منارە و پشتیوانیی یانەی نەورۆز لە سلێمانی، تا دەگاتە كارەساتی لافاوەكە ئاڤا بووەتە دەزگایەك بۆ دروستكردنی گەشبینی و هیوا لەناو شەقامی كوردستان.


بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك و بۆ گەیاندنی داخوازی  كووچە و كۆڵانەكانی شار و دێهاتەكانی كوردستان، ئاڤا هەمیشە لە پێشی پێشەوەیە و هەر یەكەمە و بە ڕۆحیەتێكی بەرزی كوردانەوە ئامادەی خزمەت و گەیاندنی پەیامەكانە.

 
لە كارەساتی لافاوەكەی چەمچەماڵ، تەكیە و پیرەمەگروونیش ئاڤا دووبارە بوویە پێشەنگ و گەورەترین هەڵمەتی بۆ ئەو ناوچە زیانلێكەوتووانە نەك تەنها ڕاگەیاند بەڵكوو خۆشی جێبەجێی كرد و بەپەلە و  بەر لە هەر دەزگایەكی تر گەیشتە ماڵی زیانلێكەوتووان. شاهێدی بە حەقی مامۆستایەكی ئایینیش لە وتاری نوێژی هەینیدا بەسە بۆ ئێمە و زیاتر هانمان دەدات لەسەر خزمەت و جێبەجێكردنی ئەركی سەرشانمان.


ئێمە لە ئاڤا لەوە تێگەیشتین حاڵەتی لافاو و ئاو چوونە ناو ماڵی خەڵك، هی ئەوە نییە بیدەیتە دەست لیژنە و بە سێ هەفتە و مانگێك لیژنەی سارد و سڕ بە ڕۆتینیاتی ئیداری بەدەم خەڵكەوە بچێت، تا لیژنە دەگات خەڵكەكە لە ژێرباری مەینەتیا بناڵێنن. ئەم حاڵەتانە حاڵەتی ئیمیرجینسی و فریاكەوتنی خێرایە، بۆیە دەبێ دەستبەجێ بچیتە ماڵی زیانلێكەوتووان و ماڵ و حاڵیان لەگەڵ ڕێك بخەیتەوە. 

 

لە پاش ئەوە ئاڤا میدیا هاتنە سەر خەتی خێرخوازان و سەرمایەدارانی دڵسۆزیشی بە دەرفەت زانی تا زەحمەتی لافاو بكاتە ڕەحمەت و خەڵكانێك بەم هۆیەوە بۆ هەمیشە لە ژیانی كرێچێتی ڕزگار بكات، هەر بۆیە دابینكردنی خانووی كردە بەشێكی گەورە لە كەمپینەكە. ئەم كارەش وەك چۆن لە ڕابردوودا لە ڕێگەی بەرنامەی خۆری ئاڤا بە سپۆنسەری كۆمپانیای سەرمایەداری خێرخواز حاجی ئیدریس سوورچی دەستی پێكرا هەوڵ دەدەین بۆ لەمەودواش بەردەوام بێت بۆ دابینكردنی زۆرترین خانووی نیشتەجێبون بۆ هاونیشتمانیان.

 
ئەم شێوە ئیشكردن و ئامادەبوونەی ئاڤا میدیا لەناو شەقامدا و لە بەدەمەوەچوونی كێشەكانی خەڵك یەك ڕاستی دەسەلمێنێت ئەویش ئەوەیە؛ ئاڤا میدیا، هی خەڵكە و بڵندگۆ و مایكی هەژارانە و لە خەڵكەوەیە بۆ خەڵك.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: