شوناس و مێژووی کورد؛ لە لووتکەی چیاکانەوە بۆناو شەقامەکانی دنیا
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

گرافیک: ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
بە بەرچاوی هەموو دنیاوە، دوو هەفتەیە ئەو ڕاستییە خۆی بۆ یار و نەیار سەلماندووە کە چییتر مێژووی کورد تەنها لە ناو ئۆفیس و کۆشکی پڕ ڕایەخدا نانووسرێتەوە. کورد هەمووانی لەو ڕاستییە تێگەیاند کە چییتر چارەنووسی خۆی گرێدراو و وابەستەی لێدوانە دیپلۆماسییەکان ناکات. ئەوەی دەبینرێت و دەبیسترێت پێمان دەڵێت: لەمڕۆ بەدواوە مێژوو لە ناو ئاپۆرای خەڵکی ناو شەقام دەنووسرێتە و بە هاڵاو و هەناسەی گەرم و جووڵەی جەستەیان، بە دەنگ، ڕەنگ و سەنگیان، بە ئیرادەو سووربوونیان، بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.
بێ ئاگایی و کاڵفامییە دەیان ڕێپێوانی جەماوەریی شەپۆلی دەریا ئاسای کوردانی سەرتاسەری دنیا، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی لێکبدرێتەوە، یان وەک کاردانەوەیەکی عاتفی بەرامبەر بە ڕووداوێک بخوێنرێتەوە، چونکە ئەوەی ڕوودەدات وەرچەرخانێکی مێژوویی هۆشیارانەیە کە سەرلەنوێ و بەدەر لە یاساو ڕێسای ستەمکارانەی داگیرکەر، پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و سیاسەت، شوناس و کردار، دادەڕێژێتەوە.
ڕێپێوانەکان بەم قەبارە بەرچاو و بەم بەردەوامییە بێوێنەیە و بەم گشتگیری و سەرتاسەرییە دەگمەنەیان، پێمان دەڵێن لەمەودوا شەقام تەنها فەزای خاڵیکردنەوەی تووڕەیی خەڵک نییە، بەڵکو تۆمار و ئەرشیفی یادەوەریی نەتەوەیە. ئیتر لەمەودوا هەرکاتێ کە چاکەت و پانتۆڵ لەبەرەکانی ناو دامەزراوە بیرۆکراسییەکان شکستیان هێنا و متمانەیان لەدەستدا، ئەو دەمەی هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان لەنگ دەبن و خێر و شەڕ تێکەڵ دەبن و تەڕ و وشک پێکڕا دەسوتێن، شەقام دەبێتە فاکتەر و ئەکتەری یەکلاکەرەوەی پرسە سیاسییە ئاڵۆزەکان و گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ دنیایەکی نا هاوسەنگ و لەگرێژنە دەرچوو.
شەپۆلی ملیۆنیی کورد، لەناو شەقامەکانی دنیادا، تەنها بۆ بەرگریکردن نییە لە کوردبوونمان، بەڵکو بۆ بەهۆشهێنانەوەی دنیایە لەو بێ باکی و خەوە قورسەی سەد ساڵە تێیدا نوقم بووە. ئەمڕۆ ملیۆنان کورد، لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی داگیرکەران و زلهێزە هاوپەیمانەکانیاندا بۆ وەدەرنانمان لە مێژوو، بۆ پەراوێزخستن و بەردەوامیدان بە سەرکوت و بێ دەنگکردنمان، بەدەنگ و ڕەنگ و بە ئامادەیی جەستە و هەناسە و لێدانی دڵیان، جارێکی تر بە زمانێک کە هەموو دنیا لێیتێدەگات، چیرۆک و داستانی نەتەوەی کورد دەنووسنەوە.
ئەم ئاپۆرا و شەپۆلانەی خەڵکی ناو شەقام، ڕێسای گەمە نێودەوڵەتییەکان و کۆت و بەندی پەراوێزخستنی کوردی تێکشکاند و کوردی گەیاندەوە ناو دڵی مێژوو. ئیتر لەمڕۆ بەدواوە هیچ هێزێک و هیچ فشارێک ناتوانێ کورد و ڕەوایەتیی دۆزەکەی لە کونجێکی تاریکی مێژوودا پەراوێز و گۆشەگیر بکات. لەمڕۆ بەدواوە ئێمەی کورد خۆمان دەقی سەرەکیی مێژوومان دەنووسێنەوە و بە هەموو دنیای ڕادەگەێنین: نەتەوەیەک بتوانێ وەکوو بورکان وەک (سونامی) پایتەختی زلهێزەکان و گەورەشارەکانی کوردستانی داگیرکراو بهەژێنێ، چییتر ئەو پارووە ئاسان و نەرمەقووتە نییە کە مەیدان چۆڵبکات و شکست بهێنێت!. ئەمڕۆ کە منداڵێکی کورد دەبینیت، بە ئاڵایەکی کوردستانەوە دوو پەنجەی سەرکەوتن ڕادەوەشێنێ و هاواردەکات: "یەکە یەکە یەکە ! کوردستان یەکە" مانای وایە چییتر نەتەوەی کورد دیل و قەتیسی ناو سنوور و جوگرافیای پاش چاڵدێران و سایکسپیکۆ، نابێ و نییە.
ئەوەی سەنگ و ڕەنگێکی زۆر تایبەت بەم ڕێپێوانانە دەبەخشێت، ئاوێتەبوونی سێ تووخمی هەرە سەرەکین کە بە دەگمەن یەکدەگرنەوە:
قەبارەیان کە شەقامی گەورەشارانی کردۆتە فەزایەکی گشتیی پڕ لە ئیرادە بۆ جەماوەرێکی هۆشیار و بەئاگا.
بەردەوامی و کۆڵنەدان، کە بە نەیاران دەڵێت: ئەوەی لە ناو شەقامەکانی دنیادا ڕوودەدات تەنیا کاردانەوە و هەستێکی کاتی نییە، بەڵکو ڕاچڵەکینێکی مێژووییە و هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی نەتەوەیەکی ناپاکی بەرامبەرکراوی غەدرلێکراوە.
سەرتاسەری و گشتگیریی کۆمەڵایەتی و جیوگرافی، کە گشت سنوورەکانی نێوان هەرچواپارچە و ڕەوەندی سڕیوەتەوە، بەربەستەکانی نێوان جەمسەرگیریی حیزبیی پەکخستووە و کوردی وەک نەتەوە، بەیەک ئاڵاوە، نەک وەک دەستە و گرووپ و حیزب، نمایش و پێناسەدەکات.
لێرە بەدواوە ئیتر ڕێپێوان تەنیا چالاکییەکی تەقلیدی نییە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتێکی دیاریکراو، بەڵکو خۆی لە خۆیدا زمانێکی سیاسیی نوێیە بۆ تێگەیشتن لێی، هەڵەیەکی گەورەیە لەناو فەرهەنگە کلاسیکییەکاندا بەدوای واتاکانیدا بگەڕێین. زمانێکە پێمان دەڵیت: ئەو سەردەمە بەسەرچوو کە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لە بەیاننامە و لێدوانی ڕەسمیدا کورت بکرێنەوە، یان تەنیا لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بەڕێوەببرێن. زمانێکە پێمان دەڵێت: نیشتمان و نەتەوەی کورد، بە ملیۆنان جەستەی ئامادەی ناو شەقامەکان خۆی دەپارێزێ و دێتەوە ناو دڵی مێژوو.
لە چەندین ئەزموونی هاوچەرخی جیهان و ناوچەکەدا، ڕێپێوانەکان گەورە بوون، بەڵام بەردەوام نەبوون، بەردەوام بوون، بەڵام فراوان و گشتگیر نەبوون، گشتگیر بوون، بەڵام لە ڕەمزییەت و ئامانجیاندا یەک گوتار نەبوون. کەچی لەم ئەزموونەی کورددا، هەر سێ توخمەکە لە یەک تابلۆدا ئاوێتەی یەکدی بوون و ڕێپێوانەکانیان لە کاردانەوەیەکی کاتی و سنووردارەوە گۆڕیوە بۆ کەلتوورێکی سیاسیی دەگمەن و مژدەبەخش.
گەنجان : لە تۆمەتبارێکی بێباکەوە، بۆ سەرکردایەتییەکی سەرنجڕاکێش:
ئەوەی زۆر جێی سەرسامیی بەندەیە و گرنگترین فیگەری ناو ئەم تابلۆی ڕاچڵەکینە سەرتاسەرییەی نەتەوەی کوردە، گرتنە ئەستۆی سەرکردایەتیەکەیەتی لەلایەن گەنجانی نەتەوەکەمەوە. ئەم نەوەیەی ساڵانێکە بە ناڕەوا ناوزەد کراوە بە بێ باکی و سەرقاڵبوونی بە شتی بێ بایەخ و پووچگەرایی ناو سۆشیال میدیاوە، تۆمەتبارکراوە بە لەدەسدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، وا ئەمڕۆ هەموو ئەو تێزانەی سەرەوژێرکرد و سەلماندی کە داینەمۆی ڕاچڵەکینە سەرتاسەرییەکەی نەتەوەیە و زۆر لەوە بە ئاگاتر و هۆشیارتر و ڕێکخراوترە کە بیری لێدەکرایەوە.
ئەمڕۆ سۆشیال میدیا بۆ گەنجی کورد، فەزای خۆدزینەوە و دەربازبوون نییە لە سیاسەت، بەڵکو مەیدانی تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دووبارە خۆ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی شوناسی کوردبوونیان.
لێرە بە دواوە “لایک” بۆ گەنجانی ڕابووی نەتەوەکەم، جێگرەوەی هەڵوێست و کردار نییە. چییتر مۆبایلەکانی دەستیان تەنیا بابەتێکی خۆشباری نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ بانگەوازی گردبوونەوە و بەیەکگەیشتن لەناو شەقامەکاندا بۆ سەرلەنوی ناساندنەوەی نەتەوەیەکی پەراوێزخراو و یەکخستنەوەی نیشتمانێکی داگیرکراوی لەت لەتکراو.
دوای دەیان ساڵ لە پەنابردن بۆ شاخەکانی کوردستان وەک تاکە دۆستی کورد و دوا پەناگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شاڵاوی وەدەرنان و سڕینەوە، ئەمڕۆ کورد لە گۆشەگیریی ناو چیا سەرکەشەکانییەوە بە هەنگاوێکی مەزن هاتۆتە ناو کایەی گشتی و مێژووی خۆی لە گۆشەگیری دەربازدەکات و دەیداتە بەر تیشکی خۆر. لەمڕۆ بە دواوە مێژوومان بەتەنها لە سەنگەرەکاندا نانووسرێتەوە، بەڵکو شەقامەکانی جیهانیش دەبنە تۆمار و پەڕاو بۆ داڕشتنەوەی شوناسمان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار
29 کانوونی دووەم

شۆڕشی کەزی لە ئەفریقاوە بۆ کوردستان
25 کانوونی دووەم
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
25 کانوونی دووەم

کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
22 کانوونی دووەم

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
21 کانوونی دووەم

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
18 کانوونی دووەم

سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
18 کانوونی دووەم

جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
17 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 29 کانوونی دووەم
سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار
- بیروڕا
- 25 کانوونی دووەم
شۆڕشی کەزی لە ئەفریقاوە بۆ کوردستان
- بیروڕا
- 25 کانوونی دووەم
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
- بیروڕا
- 22 کانوونی دووەم
کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
- بیروڕا
- 21 کانوونی دووەم
سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
- بیروڕا
- 20 کانوونی دووەم
هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا





