
گرافیک: ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
بارودۆخی کورد لە سوریا و ناوچەکە نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ئاڵۆزە لەوەی کە لە دەروونزانی سیاسیدا بە چەمکی ناسەقامگیری درێژخایەنی گەلانی بێدەوڵەت ناسراوە (Chronic Instability of Stateless Nations). کورد نەک هەر ململانێی خەباتێکی سیاسی تەقلیدی لەسەر زەوی ئەزموون دەکات، بەڵکو لە ململانێیەکی دەروونی قووڵی پەیوەست بە شوناس و مانا و متمانە بە جیهان دایە. گەلێکین لەسەر ئەو لێوارە هەمیشەییەی نێوان دانپێدانان و ئینکاری، ئیستغلالکردن و وازهێنان، هیوا و نائومێدیدا دەژین.
ئەم نووسینە بەو گریمانە دەست پێدەکات کە چیتر دۆخی سەختی کورد تەنیا سیاسی نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی دەروونی بەکۆمەڵی کورددا بووەتە پێکهاتەیی. دووبارەبوونەوەی ئەزموونی مێژوویی خیانەت و نائومێدی نەک هەر جێپەنجەی خۆی لەسەر نەخشەکان بەجێهێشتووە بەڵکو قووڵترین پێکهاتەی دەروونیی گرتووەتەوە، ئەمەش وایکردووە نەخشەی دووبارەبوونەوەی مێژوویی بەبێ دەستێوەردانێکی هۆشیارانەی دەروونسیاسی نەشکێنرێت،، کە تێگەیشتن لەم ڕەهەندە سایکۆلۆژیە گرنگیەکەی لە پڕۆژەیەکی سیاسی و سەربازی کەمتر نییە.
لەم چوارچێوەیەدا زەبری دەسبەرداربوونی پێشبینیکراو (PBT) وەک کلیلی تێگەیشتن لە دۆخی کورد لە سوریا سەرهەڵدەدات. ئەدەبیاتی زەبری سیاسی (Political Trauma) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کۆمەڵگەیانەی کە ستراتیژی وجودگەرایی خۆیان لەسەر بنەمای هاوپەیمانی نایەکسان دادەنێن، زیاتر بەرەوڕووی زەبری خیانەت دەبنەوە، بەتایبەتی کاتێک لایەنی وازلێهێنەر زلهێزێکە کە هیوای پاراستن و دانپێدانان و دەسبەردارنەبوونی لەسەر هەڵچنراوە. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە کورد لە کاتی شەڕی داعشدا ئەزموونی کرد، کە تێیدا ڕۆڵی سەربازی و ئەمنیی و نەبردییەکەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە دانپێدانرا، لە کاتێکدا نزیکەی تەواوی مافە سیاسی و سەروەرییەکانی ڕەتکرایەوە.
ئەم پشتکردنە کورد و یارییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیە وەک ڕووداوێکی تەنیا تێپەڕ نەبووە؛ بەڵکو زەبرێکی قووڵی دەروونی بەکۆمەڵی بەجێهێشت، متمانەی بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان شێواند و هەستی دابڕانی بوونگەرایی چەسپاند- ئەو هەست بەژانەی کە کورد تەنیا لە کاتی پێویستیدا وەک (بەکاربەر) دەبینرێت، پاشان جارێکی دیکە بۆ پەراوێز دادەبەزێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەم وریاییە سیاسییە گۆڕاوە بۆ وریایییەکی زۆر درێژخایەن (Hypervigilance)، هەندێکجار هاوسنوورە لەگەڵ پارانۆیای سیاسی. مەترسی لێرەدا لە خودی خیانەتەکە و نائومێدیکەدا نییە، بەڵکو لە گۆڕینیدایە بۆ مۆدێلی چاوەڕوانییەکی ناوەکی، قەناعەتێکی دەروونی بێدەنگ کە “هەموو هاوپەیمانییەک بە خیانەت کۆتایی دێت”. ئەم قەناعەتە، لە ڕووی دەروونی و سیاسییەوە، دەبێتە پێشبینییەکی خودکار (automatic prediction).
جگە لەوەش کورد ئەو شتە ئەزموون دەکات کە دەکرێ ناوی بنێین پارادۆکسی بوونگەرایی کورد. ئەوان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک هێزێکی ئەخلاقی و سەربازی ناسراون کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەمان کاتدا وەک ئەکتەرێکی سیاسی تەواو شەرعی ڕەتدەکرێنەوە. ئەم پارادۆکسە یان بلێین ئەم ناکۆکیە هەستیە ناسنامەیەکی دووانەیی توند بەرهەم دەهێنێت: شەڕکەرێکی شەرعی لە لایەک، و لە لایەکی دیکەوە قەوارەیەکی ناشەرعی. حاڵەتێکی ئیستغلالکردنی ئەخلاقییە (Moral Exploitation)، کە چاوەڕوان دەکرێت کورد قوربانی بدات، بەڵام داواکارییە سیاسییەکانی وەک بارگرانییەک یان وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرێت. بە تێپەڕبوونی کات ئەم دژایەتییە شتێک دروست دەکات کە دەتوانرێت پێی بڵێین شەکەتی و مانا ماندوێتی (Meaning Fatigue)، کە تێیدا خەبات ڕوونی ئامانجەکەی لەدەست دەدات و دەست دەکات بە هەستکردن بەوەی کە لە خولگەیەکی خراپدا دەخولێتەوە.
لە چوارچێوەی سوریادا ئەم دۆخە لە شتێکدا بەرجەستە بووە کە دەتوانرێت بە سایکۆلۆژیای قوربانی- شەڕکەر وەسف بکرێت. کورد هەڵگری یادەوەرییەکی مێژووییە کە بارگرانی ستەم و لە هەمان کاتدا خەباتێکی مۆدێرن بۆ بەرخۆدان و بەرگریکردن لە خۆی ئەزموون دەکات. ئەم دووانەییە خۆڕاگرییەکی دەروونی سەرنجڕاکێشی پێبەخشیون، بەڵام زەبری دەروونی چارەسەرنەکراویشی کەڵەکە کردووە، ئەمەش وایکردووە ناسنامەیان ئامادەبێت بۆ جێگیربوون لەسەر ئازار. کاتێک خۆڕاگری خۆی دەبێتە ناسنامە، دەگۆڕێت بۆ ئاوەڕۆکی درێژخایەن نەک هێزێکی ڕزگارکەر. سەرەڕای فۆرمەکانی خۆبەڕێوەبەری، دەسەڵاتی کۆتایی بڕیاردان لە دەرەوە مابووەوە، هەستی لەدەستدانی کۆنترۆڵی قووڵتر کردەوە- یەکێک لە هۆکارە وێرانکەرەکان بۆ تەندروستی دەروونی بەکۆمەڵ. ئەم هەستە نەک هەر دڵەڕاوکێی سیاسی بۆ داڕمانی کتوپڕ دروست دەکات، بەڵکو بە قووڵی هەستی سەروەری دەروونی دەشکێنێت، بەوەی کە چارەنووسی مرۆڤ بە تەواوی وابەستەی ئیرادەی ئەوانی دیکەیە.
ئەم ئەزموونە ناتوانرێت لە چوارچێوەی فراوانتری پارچەپارچەبوونی کورد لە ناوچەکەدا داببڕدرێت. دابەشبوونی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا نەک هەر لە ئەنجامدا دابەشبوونی جوگرافیای لێکەوتووەتەوە، بەڵکو ئەو شتەی دروستکردووە کە دەروونزانی سیاسی پێی دەڵێت خودێکی دەستەجەمعیی پارچەپارچە (Fragmented Collective Self). گێڕانەوەی خود پەرەی سەندووە و دڵسۆزی حزبی و ناوچەیی هەندێک جار جێگەی شوناسی نەتەوەیی گرتووەتەوە و توانای کردەوەی مێژوویی یەکگرتووی لاواز کردووە و دەروونی کوردیان خستۆتە حاڵەتی دابەشبوونێکی درێژخایەنی ناوخۆییەوە.
لە بەرامبەر ئەم بارگرانییە، کۆمەڵگەی کوردی میکانیزمی بەرگریی دەروونی بەکۆمەڵی پەرەپێداوە. ئازار بە سیاسی کراوە و ڕەوایی بەبەردەوامبوونی دراوە، ئەمەش خەیاڵی سیاسی سنووردار دەکات و هەر هەوڵێک بۆ دەربازبوون لە سووڕی ئازارەکان وادەکات وەک خیانەتێک لە یادەوەری دەربکەوێت. فۆرمەکانی نەرگسیی گروپی بچووکیش (Small-groupNarcissism) سەریان هەڵداوە، کە دەستکەوتەکان زیادەڕەوییان تێدا دەکرێت، ڕەخنەکان بە هەستیارییەکی زۆرەوە بەرەوڕوو دەبنەوە.
سەبارەت بە کوردانی ڕەوەند، ڕوویەکی تری ئەم قەیرانە دەروونییە ئەزموون دەکەن. هەستێکی بەردەوام بە تاوانباری دەربازبوون لە گۆڕەپانەکانی ئازارەکان (Survivor’s Guilt)- و ناسنامەیەک کە لە نێوان تێکەڵبوونی ناتەواو لەگەڵ کۆمەڵگا نوێیەکان و پەیوەندییەکی نەتەوەیی کە ئاسۆیەکی سیاسی ڕوونی نییە، هەڵواسراوە. چالاکیی سیاسی لە ڕەوەنددا زۆرجار دەگۆڕێت بۆ کردەوەیەکی سۆزداری، کە بەهۆی توڕەیی و نۆستالژیاوە دەجووڵێتەوە، نەک هەوڵێکی ستراتیژی درێژخایەن.
لە کوردستانی عێراقدا وێنەکە لەوەش ئاڵۆزترە. لە کاتێکدا لە ژیانی ڕۆژانەدا ئاسایشی ڕێژەیی هەیە، بەڵام دڵەڕاوکێیەکی قووڵی بوونگەرایی سەبارەت بە داهاتوو هەیە. ترسی دووبارەبوونەوەی خیانەتەکانی ڕابردوو بە بێدەنگی لەدڵی خەڵکدایە، لە کاتێکدا کۆمەڵگە تووشی ماندوێتی سیاسی و دووبەرەکیی حزبی و لەدەستدانی متمانە بە نوخبەکان بووە. لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە دەتوانرێت ناوی لێ بنرێت "ئاساییکردنەوەی خیانەتی هاوپەیمانمان یان نائومێدی بە هاوپەیمانان"، هەستکردن بەوەی کە "جیهان لەگەڵ ئێمەدا نییە" دەبێتە شتێکی دەروونی. ئەمەش لە خودی سەرکوتکردن مەترسیدارترە، چونکە لە ناوەوە کردارەکان دەخنکێنێت.
لە چوارچێوەی بەرفراوانی عێراقیشدا، پرسیارێکی بە هەمان شێوە گرنگ دێتە پێشەوە: ئایا ئەوەی بەسەر کورد لە سوریادا دێت، دەکرێت وەک ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بۆ شیعەکان لە عێراق لێکبدرێتەوە؟ پەیامێک کە هەڵوەشاندنەوەی هاوسەنگییە سیاسییەکان و وازهێنان لە هاوپەیمانە مێژووییەکان دەتوانێت دەرگای ئاژاوەگێڕییەکی کۆنترۆڵنەکراو بکاتەوە.. ئەم پرسیارە بە لەبەرچاوگرتنی کاتی ئەم پێشهاتانە لەگەڵ دووبارە ڕەچاوکردنی کاندیدبوونی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران، قورسایی زیاتری دەبێت. دەکرێت ئەمە وەک ئاماژەیەک لێکبدرێتەوە کە هەندێک لە هێزە شیعەکان هەست بە پێویستی کەسایەتییەک دەکەن کە کاریگەری و ئەزموونی هەبێت لە حوکمڕانیدا، لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە بەهۆی هەستکردن بە مەترسییەکانە نەک سەقامگیری. ئایا ئەمە گوزارشتە لە خواستێکی شیعی بۆ هاوپەیمانێتی هاوشێوەی دوای ڕوخانی سەدام لەگەڵ کورد وەک بەشێک لە کردەوەی هاوسەنگی نێوخۆیی، یان بەکاردەهێنرێت بۆ بەرهەمهێنانەوەی ناوەندگەرایی دەسەڵات بەبێ ئەوەی چارەسەری ڕەگ و ڕیشەی ناهاوسەنگیی پێکهاتەیی لەناو دەوڵەتی عێراقدا بکرێت. لەگەڵئەوەشدا ناتوانرێت چاوپۆشی لە پرسیارێکی تری زەق بکرێت: ئایا گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی سوریا، و سەرهەڵدانی هێزە ئایینی-سیاسییەکان، پاڵنەرێکە بۆ پڕۆژەیەکی نوێی سیاسی سوننە لە عێراقدا؟ پڕۆژەیەک کە ڕەنگە پشتیوانی ناوچەیی لەپشت بێت.
هەموو ئەمانە پرسیارێکی پڕ لە کێشەترمان لێدەکەوێتەوە: ئایا ئەوەی ئەمڕۆ دەیبیین، سەرەتای کۆتایییەکی نەخشەکێشراوە؟ ئایا ڕووبەڕووی قۆناغێک دەبینەوە کە دەوڵەتەکان لە ناوەوە خەریکە دادەڕمێن پێش ئەوەی لە ڕووی سیاسییەوە داڕوخێن، ئایا ئەوەی لە سوریا ڕوویدا پێشەکییەکە بۆ کاردانەوەی فراوانتر کە کاریگەری لەسەر عێراق و ڕەنگە هەموو ناوچەکەش هەبێت؟
لە کۆتاییدا تاڵترین پرسیار هەر دەمێنێتەوە: ئایا ڕاستە کورد شەڕڤانێکی باشە، بەڵام لە ڕووی مێژووییەوە قەدەرە سووتەمەنی شەڕی بە وەکالەت بێت؟ ئایا وێنەکەمان لە خەیاڵی نێودەوڵەتیدا چەسپاوە وەک "خەباتکاری ئایدیاڵی بێ ماف"، لە کاتی مەترسیدا بانگ دەکرێین و کاتێک داوای مافەکانمان دەکەین پشتمان تێدەکەن؟ وە ئەگەر ئەم نەخشەیە جار و بار دووبارە بووبێتەوە، ئایا کێشەکە تەنیا لە سیاسەتی زلهێزەکاندایە، یان هەروەها لە شکستی کورد، لە ڕووی دەروونی و سیاسییەوە، لە ڕزگاربوون لەم ڕۆڵە سەپێندراوە؟
ئەم پرسیارانە بەدوای وەڵامی ئاساندا ناگەڕێن، بەڵکو ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات تەنها پرسێکی کورد نییە، بەڵکو دووڕیانێکی ناوەندییە بۆ داهاتووی ناوچەکە. وەڵامەکە بەتەنها لە لێدوانەکاندا یان لە بەرەکانی شەڕدا نادۆزرێتەوە، بەڵکو لە توانای هەموو ئەکتەرەکاندا، کورد و غەیرە کورد، ئەم ساتە وەک هۆشدارییەکی کۆتایی سایکۆسیاسی لێکبدەنەوە، نەک تەنها بابەتێکی دیکە لە سووڕی توندوتیژیدا.
نوسەر
*دکتۆرا لەدەروونزانی
**بەرێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری دەرونی و کۆمەڵایەتی لە EPU
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
23 کاتژمێر لەمەوپێش

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
18 کانوونی دووەم

سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
18 کانوونی دووەم

جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
17 کانوونی دووەم

عێراق؛ قەوارەیەکی درزبردوو، لەناو دڵی شەڕی تاران و واشنتن دا
16 کانوونی دووەم
ئەی تی ئێمەکانیش پێویستییان بە هاوکارییە
16 کانوونی دووەم

ژنانی كورد؛ لە ژیاندا چاونەترس و لە شەهیدبووندا نەمر
15 کانوونی دووەم

ترەمپ و سیناریۆی "هێڵی سوور" و ئەگەری جەنگێکی کراوە لە ئێران؟
15 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
- بیروڕا
- 20 کانوونی دووەم
هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
- بیروڕا
- 19 کانوونی دووەم
نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
- بیروڕا
- 17 کانوونی دووەم
جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ






