
گەر لە پەراوێزی مێژووی خوێناوی و پڕ لە شکستی عێراقەوە سەیری ڕووداوەکان بکەین، عێراقی ساڵی 2026 وەک تاقیگەیەکی جیۆپۆلەتیکی دێتە بەرچاو کە تێیدا هەموو تیۆرییەکانی (دەوڵەتی شکستخواردوو) و (قەوارەی دەستکرد) تێیدا دەردەکەون.
لەم ساتەدا عێراق چیتر تەنیا وڵاتێک نییە کە کێشەی حوکمڕانیی هەبێت، بەڵکو گۆڕەپانێکی کراوەیە کە تێیدا دوو ئیرادەی دژبەیەک، واتە واشنتن و تاران، خەریکی نووسینەوەی کۆتاییەکانی مێژووی ئەم وڵاتەن. پێشهاتە خێراکانی ناوچەکە پێمان دەڵێن؛ ئەم قەوارە درزبردووە کە لە ساڵی 1921ـەوە لەسەر بنەمای زۆرەملێ و پێکەوەژیانی نالۆژیکی بونیاد نراوە، ئێستا لەبەردەم گەورەترین تاقیکردنەوەی مان و نەماندایە.
دەوڵەتی قووڵی عێراق
ناوەڕۆکی قەیرانی عێراق لە ئێستادا لە بوونی (دەوڵەتی قووڵ)دا کورت دەبێتەوە، کە وەک شێرپەنجەیەک جەستەی دامەزراوە فەرمییەکانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەم دەوڵەتە قووڵە کە لەناو سێبەری حیزبە ئایدۆلۆژییەکان و گروپە چەکدارەکاندا گەورە بووە، عێراقی لە دەوڵەتێکی خاوەن بڕیارەوە گۆڕیوە بۆ پاشکۆیەکی بێ ئیرادە. لەم پێکهاتەیەدا، بڕیاری شەڕ و ئاشتی، سیاسەتی دارایی و تەنانەت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیش، لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان و لەژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی تاراندا دادەڕێژرێن. ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە کە عێراق هەرگیز ناتوانێت ببێتە نیشتمانێک بۆ هەمووان، چونکە کاتێک ناسنامەی مەزهەبی و ئایدۆلۆژی دەبێتە پێوەری یەکەم بۆ حوکمڕانی، نەتەوەکانی تری وەک کورد و سوننە دەبنە تەنیا ژمارەیەکی کەم بایەخ لەناو هاوکێشەی دەسەڵاتدا. وە ئەم دەوڵەتە قووڵە نەک هەر ڕێگرە لە سەقامگیری، بەڵکو هۆکاری سەرەکیشە بۆ ئەوەی عێراق هەمیشە وەک مەڵبەندی گرژی و پێکدادان بمێنێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە. دیاردەی میلیشیاگەری بووە بە سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت، کە عێراقی پەلکێشکردووە بۆ ناو دۆخێکی نائاسایی. میلیشیاکان لە ئێستادا چیتر تەنیا گروپێکی چەکدار نین، بەڵکو ئەوان خاوەنی بانک، کۆمپانیا، میدیا و جومگەکانی بڕیاردانن. ئەم میلیشیایانە کە هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی فرەسنوورن، عێراقیان کردووەتە قەڵغانێکی مرۆیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
کاتێک گروپێکی چەکدار خۆی لە سەرووی یاسا و دەستوورەوە دەبینێت و فەرمانەکانی لە دەرەوەی وڵات وەردەگرێت، واتای وایە کە چەمکی دەوڵەت - نەتەوە لە عێراقدا مردووە.
گوشاری واشنتن و گێژاوی ستراتیژی
ئەم ئاڵۆزییە ناوخۆییە هاوکاتە لەگەڵ گوشارێکی بێوێنەی ئەمریکا کە دەیەوێت لە ڕێگەی دایەلۆگی هێزەوە هاوسەنگییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی بگۆڕێت. ئیدارەی ئەمریکا لە ساڵی 2026 ـدا چیتر کات و وزەی خۆی بۆ دیپلۆماسییەتی بێ دەرئەنجام لەگەڵ بەغدا بەفیڕۆ نادات. واشنتن چەکی ئابووریی وەک کاریگەرترین کەرەستە بەکار دەهێنێت؛ بۆ گەمارۆدانی سیستەمی بانکی و ڕێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بە عێراق، کە ئەم وڵاتەی بەرەو داڕمانێکی دارایی بردووە.
عێراقێک کە 90%ـی بودجەکەی لەسەر نەوتە و نەوتەکەشی لەژێر چاودێریی بانکی فیدراڵیی ئەمریکادایە، ناتوانێت لە یەک کاتدا هەم دۆستی ئەمریکا بێت و هەمیش ببێتە بنکەیەک بۆ میلیشیا دژەئەمریکییەکان. ئەم پێکدادانی بەرژەوەندییانە عێراقی خستووەتە ناو گێژاوێکی ستراتیژییەوە کە تێیدا هەر هەنگاوێک بەرەو تاران، واتای خنکانی ئابوورییە لە لایەن واشنتنەوە، هەر هەنگاوێک بەرەو واشنتن، واتای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییە لەگەڵ میلیشیاکان و دەوڵەتی قووڵدا.
لەناو ئەم دیمەنە شێواوەدا، ئابووریی عێراق بووەتە گەورەترین قوربانی. دەوڵەتێک کە نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین بکات بەهۆی سزاکانی ئەمریکا و تاڵانکاریی میلیشیاکانەوە، شەرعییەتی مانەوەی نامێنێت. ئەم داڕمانە ئابوورییە تەنیا قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو مەرگی گرێبەستی نیشتمانییە. خەڵکی عێراق چیتر متمانەیان بەو سیستەمە سیاسییە نەماوە کە لە 2003 ـەوە بۆیان دروست کراوە. داڕمانی بەهای دینار و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری، درزێکی گەورەی لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا دروست کردووە کە بە هیچ جۆرە چاکسازییەک پڕ ناکرێتەوە. ئەمە وای کردووە کە ئەگەری تەقینەوەی کۆمەڵایەتی و شەڕی شەقام ببێتە واقیعێکی چاوەڕوانکراو .
عێراق لە چەقی ململانێکانی تاران و واشنتندا
کاتێک باس لە ئەگەری هێرشی سەربازیی واشنتن بۆ سەر ئێران دەکرێت، باس لە سیناریۆیەک دەکرێت کە عێراق دەخاتە ناو دۆخی سفرەوە. ئیدارەی ئەمریکا، دوای ئەوەی هەموو کارتە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی تاقی کردەوە، ئێستا لەبەردەم ئەگەرێکی سەربازیی دایە کە ئامانج لێی لێدانی ناوەندە هەستیارەکانی وزە و سیستەمی موشەکیی ئێرانە. بۆ عێراق، ئەمە تەنیا هەواڵێکی میدیایی نییە، بەڵکو ئەگەرێکی مەترسیدارە کە تێیدا ئاسمانی وڵات و بنکە سەربازییەکانی دەبنە ڕێڕەوی هێرشەکان. چونکە واشنتن چیتر ڕێگە نادات عێراق وەک ناوچەیەکی ئارام بۆ گرووپە چەکدارەکان بمێنێتەوە و هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران، وەک ئەگەرێکی کراوە، لێدانی باڵە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لەناو خاکی عێراقیش دەگرێتەوە. ئەمەش وا دەکات قەوارەی عێراق لەناو بچێت، چونکە هەر جۆرە بێدەنگییەک بەرامبەر بە هێرشەکان وەک هاوکاری بۆ ئەمریکا لێکدەدرێتەوە و هەر هەوڵێک بۆ بەرپەرچدانەوەش عێراق دەخاتە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆوە کە توانای بەرگەگرتنی نییە.
عێراق وەک مەیدانی یەکلاکردنەوەی هەژموون
لەلایەکی ترەوە، تاران وەک کاردانەوەیەکی ستراتیژی بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی و ڕێگریکردن لە ڕووخانی ڕژێمەکەی، پەنا بۆ گواستنەوەی جەنگ بۆ دەرەوە دەبات. عێراق لەم هاوکێشەیەدا یەکەمین و گرنگترین بەرەی پێشەوەیە. ئەگەری ئەوە هەیە کە ئێران لە ڕێگەی میلیشیاکانی ناو عێراقەوە، هێرشی پێچەوانە بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بە مەبەستی دروستکردنی پشێوی و بەرزکردنەوەی تێچووی جەنگ بۆ واشنتن.
ئەمە واتای ئەوەیە کە عێراق دەبێتە "مەیدانی یەکلاکردنەوەی هەژموون". ئەم ئەگەرە زەنگێکی مەترسیدارە؛ چونکە شەڕی ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق، واتای لەناوچوونی تەواوەتیی ئەو کەمە سەقامگیرییە ئابووری و ئەمنییەیە کە ماویەتی.
لە کۆتاییدا، دەبێت بڵێین عێراق: "قەوارەیەکی درزبردووە" کە چیتر چەسپێکی سیاسی نییە بتوانێت پارچەکانی پێکەوە ببەستێتەوە. ئایدۆلۆژیای میلیشیاگەری و دەوڵەتی قووڵ بوونەتە مۆتەکەیەک کە هەناسەی لە دەوڵەت بڕیوە . گوشاری ئەمریکاش تەنیا پەلە دەکات لە پرۆسەی داڕمانەکە. مێژووی عێراق بەرەو خاڵی کۆتایی هەنگاو دەنێت؛ خاڵێک کە تێیدا جوگرافیا چیتر ناتوانێت درۆ لەگەڵ واقیع بکات. عێراقێک کە لە ناو دڵی شەڕی تاران و واشنتندا گیری خواردووە، هیچ ئایندەیەکی گەشی نییە و تەنیا ئەگەرێک کە مابێتەوە، بریتییە لە دابەشبوونێکی ڕاستەقینە. ژیریی سیاسی بۆ کورد لەوەدایە کە بەر لە داڕمانی تەواوەتیی ئەم مۆڵگە وێرانەیە، دیوارەکانی ماڵی خۆی ئەوەندە بەهێز بکات کە نەکەوێتە ژێر پاشماوەی داروپەردووی دەوڵەتێک کە کەتووەتە پەلەقاژەی مەرگ.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
10 کاتژمێر لەمەوپێش

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
18 کانوونی دووەم

سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
18 کانوونی دووەم

جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
17 کانوونی دووەم
ئەی تی ئێمەکانیش پێویستییان بە هاوکارییە
16 کانوونی دووەم

ژنانی كورد؛ لە ژیاندا چاونەترس و لە شەهیدبووندا نەمر
15 کانوونی دووەم

ترەمپ و سیناریۆی "هێڵی سوور" و ئەگەری جەنگێکی کراوە لە ئێران؟
15 کانوونی دووەم

ڕەهەندەكانی شەڕی حەلەب
14 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
- بیروڕا
- 20 کانوونی دووەم
هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
- بیروڕا
- 19 کانوونی دووەم
نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
- بیروڕا
- 17 کانوونی دووەم
جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ






