ترەمپ و سیناریۆی "هێڵی سوور" و ئەگەری جەنگێکی کراوە لە ئێران؟

ترەمپ و سیناریۆی "هێڵی سوور" و ئەگەری جەنگێکی کراوە لە ئێران؟

گرافیک: ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

 

ئێران بە یەکێک لە دژوارترین قۆناغە ناوخۆییەکانی مێژووی خۆیدا تێدەپەڕێت، داڕمانی بەهای تمەن و قەیرانی ئابووری، بوونەتە هەوێنی ناڕەزایەتییەکی جەماوەریی بەرفراوان کە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە زۆرینەی شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە، هاوکات لەگەڵ هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتن و دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جۆرە هەڕەشەیەک وەک هێڵێکی سووری نوێی بۆ دەسەڵاتدارانی تاران کێشاوە و هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری بەردەوامیی سەرکوتکارییەکاندا، "هەموو بژاردەکان کراوەن" و دەستوەردان دەکات، تەنانەت ڕاستەوخۆ داوا لە خۆپیشاندەران دەکات بەردەوام بن و دەست بەسەر دامەزراوەکاندا بگرن، بەڵێنی ئەوەیان پێ دەدات کە "هاوکاری لە ڕێگایە".

 

لەم نێوەندەشدا، جووڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئامادەباشیی ئیسرائیل گەیشتوونەتە لووتکە، لە بەرامبەریشدا تاران پەیامی ئامادەیی بۆ هەموو ئەگەرێک دەنێرێت.

 

هێڵی سوور و "پاشەکشە"

لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا، کاتێک سەرۆکێک دەستەواژەی "هێڵی سوور" یان هەڕەشەیەک لە ئاستی ئەو هێڵە بەکاردەهێنێت، خۆی دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی گەورە و قورس، کاتێک بڕیاردەری یەکەمی کۆشکی سپی هەڕەشەی دەستوەردان دەکات ئەگەر هێڵێک ببەزێنرێت، هەر پاشەکشەیەک لەو هەڵوێستە بە واتای لاوازی و بێبەڵێنی ئەو سەرۆکە لێکدەدرێتەوە و ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی ناوخۆ و دەرەکی دەبێتەوە، لەگەڵ دانانی هێڵەکە دۆخی کردەیی سەرۆک هاوشێوەی ئەو پەندە کوردییەیە کە دەڵێت: "سواربوون عەیبێکە و دابەزین دوو عەیب".

 

وانەی هێڵە سوورەکەی ئۆباما لە 2012

بۆ تێگەیشتن لە قورسی ئەم دەستەواژەیە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2012، کاتێک باراک ئۆباما ڕایگەیاند کە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، "هێڵی سوور"ە بۆ ئەمریکا و لەگەڵ بەکارهێنان وەڵامیان دەبێت، بەڵام ساڵێک دواتر، لە ئابی 2013، ڕژێمی سووریا لە "غوتە" چەکی کیمیایی بەکارهێنا و زیاتر لە هەزار هاووڵاتیی کوشت، لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی گورزی سەربازیی ئەمریکا بوو، ئۆباما لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و ڕێگەی دانوستانی لەگەڵ ڕووسیا هەڵبژارد، ئەمەش وەک پاشەکشەی ئەمریکا و خاڵێکی لاواز لە مێژووی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا تۆمار کرا و خودی ترەمپیش یەکێک بوو لەو کەسانەی بە توندی ڕەخنەی لێ دەگرت.

 

ترەمپ لەبەردەم دووڕێیاندا

دۆناڵد ترەمپ کە زیاتر بەوە ناسراوە یان قسە ناکات یان کە کردی جێبەجێی دەکات، ئێستا خۆی خستووەتە هەمان ئەو تاقیکردنەوەیەی کە ساڵانێک ڕەخنەی لێ دەگرت، بەتایبەت سەرەتای ئاڵۆزییەکان دەستی بۆ دانانی هێڵی سوور و بەڵێن و هاندانی خۆپیشاندەران برد و لەنوێترین پێشهاتدا ترەمپ نەرمی نواندوە کە ڕەنگە هێرش نەکات وەک خۆی دەڵێ ئێستا خۆپیشاندەران ناکوژرێن، بەمەش دوو سیناریۆی لەبەردەمدایە:

 

1- سیناریۆی پاشەکشە: ئەگەر ترەمپ وەک ئۆباما لە هەڕەشەکانی پاشگەز ببێتەوە و سەرەڕای بەردەوامیی کوشتنی خۆپیشاندەران دەستوەردان نەکات، ئەوا نەک تەنیا متمانەی خۆپیشاندەران لەدەست دەدات و ئەویش دەچێتە خانەی شکاندنی هێڵی سوور و پاشگەزبوونەوە لە بەڵێن، ئەمەش بۆ کەسایەتییەکی وەک ترەمپ کە هەمیشە بانگەشەی "بەهێزی" دەکات، گورزێکە.

 

2- سیناریۆی جەنگ: ئەگەر ئەمریکا دەستوەردانی سەربازی بکات، ڕەنگە دەرگا لەسەر جەنگێک بکاتەوە کە زۆر جیاواز دەبێت لە شەڕە سنووردارەکەی "12 ڕۆژە"، هەرچەندە ئەمریکا نایەوێت وا ڕووبدات، بەڵام ئەم جەنگە بۆ ئێرانییەکان دەبێتە شەڕی "مان و نەمان"، چونکە ئامانجی ڕاگەیەندراو بریتی دەبێت لە ڕووخاندنی سیستەمی حوکمڕانی، نەک تەنیا گۆڕینی ڕەفتارەکانی.

 

پرسیارە جەوهەرییەکەش ئەوەیە؛ ئایا ترەمپ ئامادەیە نرخەکەی بدات ئەگەر هێڵە سوورەکەی بەزێنرا؟ یان مێژووی "هێڵی سوور"ـی سەرۆکەکانی پێشوو دووبارە دەکاتەوە؟ ئەوەی ڕوونە، دۆخی ئێران و ناوچەکە لە قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدایە و هەر هەنگاوێکی هەڵە دەتوانێت دەرئەنجامی پێشبینینەکراوی هەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: