سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا

سەرۆک بارزانی و پاپای ڤاتیكان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

لە پاش كۆبوونەوە خراپەكەی تۆم باراك لەگەڵ سەرۆك بارزانی و وەفدی رۆژئاوا لە هەولێر، ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند، سەرۆك بارزانی وەك چیا لە پشتمان وەستاوە.

سەرۆك بارزانی لەم دۆخە نەخوازراوەی كوردانی رۆژئاوا بووەتە هاوبەش و هاوخەم و لەگەڵیان چووەتە ژێر باری بەرپرسیارێتێكی سیاسی و مێژوویی و هەموو پەیوەندییەكانی بۆ ئەم پرسە خستووەتە كار.

لە ئێستادا سەرۆك بارزانی بەسەردانێكی تایبەت بە دۆخی كوردانی رۆژئاوا لە ڤاتیكانە و لەگەڵ پاپای ڤاتیكان كۆبووەوە بۆ ئەوەی پاپای ڤاتیكانیش بە رۆڵی خۆی هەستێت لە هێوركردنەوەی ئەو دۆخە و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف، یان لانی كەم ڕاگرتنی هێرشی سەر كوردان.

سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ ڤاتیكان لە پاش پەرەسەندنە مەترسیدارەكانی سووریا دێت، لەوانە دۆخی كەمپی هۆل و هاتنە دەرەوەی چەكدار و سەركردەكانی داعش كە كەس نازانێت دەرئەنجامەكەی چۆن دەبێت.

ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی بەشێكە لەو هەوڵە دیپلۆماسییەی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لە هەرێمی كوردستان خستوویەتیەكار بۆ ڕاگرتنی ئەم شەڕە و پاراستنی كورد لە سووریا كە دەركەوت هیچ دۆستێكیان نییە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ وەفابوو بەرامبەر قوربانییەكانیان.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسیانەش هاوتەریبە بەو خرۆشانە جەماوەرییەی لە سەر ئاستی كوردستان و ڕەوەندی كوردی لە دنیا بۆ دۆخی رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئارا.

لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەكانی سوپای عەرەبی سووریا و چەكدارە بیانییەكان بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، هەموو هەوڵ و توانا سیاسی و جەماوەرییەكان لەناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان خراونەتەكار بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە و پشتیوانی كوردانی رۆژئاوا.

سەرۆك بارزانی لەچەند لێدوانێكدا ڕایگەیاندوە: زیانگەیاندن بە كەس و كارمان لە رۆژئاوای كوردستان بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەین و هەموو هەوڵەكانیشی لەگەڵ سەرۆكی كاتی سووریا داوە بۆئەوەی پابەندی ڕاگرتنی شەڕ بێت.

لە هەمانكاتدا لەسەر ئاستی دەرەوە و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا جگە لەسەرۆك بارزانی، سەرۆكایەتی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمیش پەیوەندییەكانی خۆیان خستووەتەكار و لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپا لەسەر پرسی رۆژئاوی كوردستان و ڕاگرتنی شەڕ كاردەكەن.

سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی لە داڤۆس دۆخی رۆژئاوا لەسەرجەم دیدارەكانیدا لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان تاوتوێ دەكات و داوای هەڵوێستی خێرایان لێ دەكات.

سەرۆكی حكومەتی كوردستان لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان دۆخی سووریا و مەترسییەكانی پەرەسەندنی ئەو شەڕانەی بۆ ڕوونكردوونەتەوە و داوای لێكردوون ڕۆڵ ببینن لە ڕاگرتنی شەڕ و كوشتار.

هەروەها سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەرێی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ زۆربەی وڵاتان و سەركردەكانی ناوچەكە و دنیا داوای لێكردوون ڕۆڵ ببینن لە ڕاگرتنی هێرشە چەكدارییەكان.

هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە، ڕەوەندی كوردیش لە دەرەوە بۆ پشتگیری رۆژئاوا و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی ئەوروپی لە هەمو وڵاتانی ئەوروپا ڕژاونەتە سەرشەقام.

بەپێی لێكدانەوە ڕۆژنامەوانییەكان، پەرەسەندنەكانی سووریا بە تەنیا كاریگەرییان لەسەر ئەم ناوچەیە نابێت، بەڵكو لەپاش كردنەوەی دەرگاكانی كەمپی هۆل كە ئەندامانی رێكخراوی داعشی تێدان، ئاراستەی ڕووداوەكان بەرەو نائارامی زیاتر دەڕۆن و خودی ئەوروپاش نیگەرانە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش.

دۆخی سووریا تا بێت بەرەو خراپی دەچێت، ئەمەش وادەكات بۆ ڕاگرتنی ئەو سەرەولێژبوونەوەیە و ڕێگری لە دروستبوونی فەوزا و بێسەروبەری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش ببەسترێت.

هەوڵەكانی سەركردایەتی كوردیش بەسەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی بێگومان ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لە دروست كردنی لۆبییەكی گەورە لەناو وڵاتانی ئەوروپا لەبەرژەوەندی كوردانی رۆژئاوا.

كوردانی رۆژئاوای كوردستان یان باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕابردوودا قوربانی گەورەیان دا لە كۆتاییهێنان بەمەترسی داعش و دروستكردنی ئارامی لە ناوچەكانیان، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم وێستگە هەستیارەی پاش نەمانی ڕژێمی پێشوو پشتی تێكردن! ئێستاش كاتی ئەوەیە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو هەڵەیە راست بكاتەوە، بۆ ئەمەش سەرۆك بارزانی گفتوگۆکانی دەستپێكردوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: