گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم

گرافیک: ئاڤا نیوز
هەموو ساڵێک، لە پاش خەزان و ڕووتبوونەوەی درەخت و دەشت ودەر، بە لوورەی ڕەشەبا و نەعرەتەی زریان و ئەرد و ئاسمان هەژێن سەوزپۆش نابنەوە، بەڵکو بە ئارامی و هێدی هێدی بە بێدەنگی و لە سایەی نەرمە بارانی بە ڕەحمەتدا، جارێکیتر گەڵا و گوڵی نوێ، بەڕووی خۆری بەهاراندا دەکرێنەوە. ڕێک بەم شێوەیە، بە درێژایی مێژوو ژیان بنیات نراوە و دەنرێت، نەک بە شاتە شات و بۆڵە بۆڵ، بەڵکو بە پشوودرێژی؛ نەک بە خۆ نواندن و نمایش، بەڵکو بە دانایی و بە حیکمەت، بە بازدان نا، بەڵکو بە هەنگاو چەسپیو بەرەو پێش کە ڕەنگە چاوەڕوانی وهەندێ جار هەنگاوێک دوان بۆ دواوەش ناچاری و پێویستبێ.
لەم دۆخە هەستیارو چارەنووسسازەدا بۆ دۆزی کورد، لە نێوان تێوەگلان لە ئاڵۆزی و بارگرژییەکانی ناوچەکە، کە هەڕەشەی جددین بۆ سەر سەقامگیری وڵاتان بە کوردستانیشەوە، پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئارام و ئەقڵانی، درووستترین بژاردەی هێز و سەرکردایەتیی کوردە چ بۆ ناوخۆ، چ بۆ دەوروبەریش، نە نیشانەی لاوازییە و نە پاشەکشەیە لە مافی ڕەوا؛ بەڵکو حیکمەتێکی ستراتیژیی دووربینە بۆ پاراستنی کورد و دەستکەوتەکانی. هێمنی و دان بەخۆداگرتنێکی حیسابکراوی ڕێزلێگیراوە و خۆی لەخۆیدا زمانێکی سیاسیی زۆر کاریگەرترە لە هەر لێدوانێکی توند و بۆمبڕێژکراو.
ئەو پراگماتیزمە ئارام وهێمنەی ئەمڕۆ سەرکردایەتی کورد، بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک و پێشمەرگە: مەسعوود بارزانی، دەینوێنن، پاشەکشە نییە لە خەباتی کوردایەتی، بەڵکو گواستنەوەیەکە لە مەیدانی سۆزەوە بۆ مەیدانی هاوکێشەکان، لە کاردانەوەی توندەوە، بۆ کردەی کاریگەر و بە بەرهەم. مێژووی گەلانیش پاداشتی ئەو کەسانەی نەداتەوە کە تەنها دەنگیان بەرز و هاواریان کردووە، بەڵکو میداڵی ئەڵماسیی شانازیی بەو کەسانە بەخشیوە زۆرترین خۆڕاگرییان نواندووە و زانیویانە چۆن قەیرانەکان بگۆڕن بە دەرفەت، دەزانن چۆن داهاتوو ناچاربکەن باوەش بۆ دۆزی ڕەوایان واڵابکات، نەک ببێتە ڕۆژی ڕەشی میللەتەکەیان.
هەڵوێست و جووڵە و کۆبوونەوە و لێدوانە دەگمەنی سەرۆک بارزانی، بەرجەستەکردنێکی کردەیی سیاسەتی پشوودرێژیی و خۆڕاگری و دووربینییە. تۆڕی پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی خۆی خستۆتە خزمەتی هەوڵێکی سەخت و پڕ ئاڵنگاریی بۆ هێورکردنەوە و کۆنترۆڵکردنەوەی بارودۆخی ڕۆژاڤا و کوردستان بەگشتی. بە لێدوانی هێمن و بێ ئیستفزاز، توانیویەتی هەولێر بکاتە ڕووگەیەکی ئارام بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە و بە بەرهەم. هەولێر چیتر تەنیا پایتەختی هەرێمی کوردستان نییە وبەس، بەڵکو شاری کۆبوونەوەی ئەقڵی سیاسیی ناوچەیی و جیهانییە. جێ ژوانی بەیەکتر گەیاندن و لەیەکتر گەیاندنی ناکۆکەکانە. ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان ئەڵقەی نێوەندگیری و بەڕێوەدەبردنی قەیرانەکانە نەک گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە و سەنگەر لەیەکتر گرتن. باشوور، سەرزەمینی هەنگاوی ئارام و پتەوە، نەک مەیدانی جریتبازی و بازدان و خۆفڕیدانە ناو ئاگر و نادیار.
یەکڕیزیی گەل و سەرکردایەتیی باشوور و ڕۆژاڤا، لەم بارە نالەبارەدا، موژدەبەخشە و یەکگرتووییەکی مێژووییە بۆ پاراستنی گەل و ڕێگریکردن لە وێرانکاری و لەدەستدانی سەروەرییەکانی ساڵانێک خەبات و بەرخۆدان. پاراستنی دۆزی کوردە لە هەڵخلیسکان بۆناو گەمەیەکی چەپەڵی خوێناوی کە تەنها خزمەت بە داگیرکەران دەکات.
ئەمڕۆ بۆ کورد، پشوودرێژی، درووستترین بژاردەی سیاسییە، دایالۆگیش هێز و توانایە و باشترین چەکی دەستی ئەوانەیە کە دڵنیان شەوەزەنگ چەندە تارو نووتەک بێت، هەر دەبێ خۆر لەناو لووتکەی چیا سەختەکانەوە هەڵبێت و تاریکی بڕەوێنێتەوە. ڕەنگە ڕەشەبا و گەردەلوول و هەورەگرمە، ئەرز و ئاسمان بهەژێنن، بەڵام نە کێڵگەیەک سەوز و نە تەنیا گوڵێکیش دەپشکوێنن.
ئەمڕۆ دۆزی کورد ( لە ناوخۆ و لە دەرەوەش) پێویستی بە پشوودرێژی و سیاسەتێکی دووربین و درێژخایەنە ؛ سیاسەتێک کە دەستبەرداری مافەکان نابێت، بەڵام قوماریشیان پێوەناکات. گەلی کوردستان لەهەر چوار پارچەی نیشتمان، پێویستی بە سیاستێکە شەڕیان لەسەر بکات نەک شەڕیان پێ بکات. سەرکردەی حەکیم، داهاتووی میللەتێک ناکات بە قوربانی حەماسەتی ساتەوەختێک و چەپڵە و هوتافی پۆپۆلیستانە. حیکمەت بە توانای سەرکردایەتی بۆ خۆڕاگری و دەربازبوون لە زریانەکان بە کەمترین زیان دەپێورێت. لە مێژوودا ئەوپەری ئازایەتی و کوردایەتی لە پاراستنی گیانی کورد و خاکی کوردستاندا ڕەنگدەداتەوە، نەک تەنیا لە پاراستنی دروشم و لۆگۆ و تابلۆ و وێنەی ئەم و ئەودا.
ڕاستە هەورەگرمەو بروسکەو ڕەشەبا سەرنجڕاکێشن و لە باران دراماتیکترن، بەڵام تەمەنیان کورتە و زۆر زوو تێدەپەڕن و لەیاد دەچنەوە. کەچی باران تا نەرم و ئارامتر بێت، کاریگەرییەکی درێژخایەنترە، ساڵ و وەرزێکی بە خۆشی و بەهاتەوە، لە دوای خۆی جێدەهێڵێت. ئەمڕۆ دوێنێ نییە و سبەیش ئەمڕۆ نابێ. ئێمەی کورد لە سەردەمێک و لە ناوچەیەکدا دەژێین لەسەر لێوی تەقینەوەیە. زریان وگەردەلوول تا بڵێی زۆرو توندن، سەرکردایەتی کوردیش هیچ بژاردەیەکی لەوە باشتری لەبەردەست نییە کە وەک بارانێکی هێمن و ئارام سەرزەمینی کوردستانەکەی خۆی تێرئاو و سەوز بکات، نەک وەکوو گرمەی هەور لە ئاسمانی بەریندا ون و بێ سەروشوێن بێ.
تێبینی:
ناونیشانەکە، ئیلهامی وتەیەکی بە نرخی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمییە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
10 کاتژمێر لەمەوپێش

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
18 کانوونی دووەم

جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
17 کانوونی دووەم

عێراق؛ قەوارەیەکی درزبردوو، لەناو دڵی شەڕی تاران و واشنتن دا
16 کانوونی دووەم
ئەی تی ئێمەکانیش پێویستییان بە هاوکارییە
16 کانوونی دووەم

ژنانی كورد؛ لە ژیاندا چاونەترس و لە شەهیدبووندا نەمر
15 کانوونی دووەم

ترەمپ و سیناریۆی "هێڵی سوور" و ئەگەری جەنگێکی کراوە لە ئێران؟
15 کانوونی دووەم

ڕەهەندەكانی شەڕی حەلەب
14 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
- بیروڕا
- 20 کانوونی دووەم
هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
- بیروڕا
- 19 کانوونی دووەم
نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
- بیروڕا
- 17 کانوونی دووەم
جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
- بیروڕا
- 16 کانوونی دووەم
عێراق؛ قەوارەیەکی درزبردوو، لەناو دڵی شەڕی تاران و واشنتن دا






