
ئاڤا نیوز
ئەمڕۆ گرێی هەر کەزییەکی کچانی کورد، یادەوەرییەکی دێرین، ناسنامەیەکی نەتەوەیی، یان کۆدێکی بەرەنگاری حەشار داوە. ئەم ڕیشاڵە تێکئاڵاوانە، وەک پردێکی تۆکمە، دوێنێ بە ئەمڕۆ و ئەمڕۆ بە سبەی دەبەستنەوە. چیرۆکی کەزی لە قوڵایی مێژووەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ نزیکەی 28 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە؛ ئەو ساتەوەختەی مرۆڤ دەرکی بەوە کرد، کە پرچ تەنیا بەشێک نییە لە جەستە، بەڵکوو درێژبووەوەی ڕووح و سیمبوڵی بوونی ئینسانە.
سەرەتا لە ئەفریقاوە وەک هونەری بەرگری دەرکەوت. لەوێ هۆزەکانی وەک (هێمبا) لە نامیبیا، کەزییان کردووە بە پێوەر بۆ تەمەن و پلەوپایە؛ کچانی تەمەن 16 ساڵ 100 کەزییان دەهۆنییەوە و دواتر دەیانکردە 4 کەزی ئەستوور وەک نیشانەی ئامادەیی بۆ هاوسەرگیری، بەڵام "تراژیدیای مێژوو" وایکرد ئەم ئیستاتیکایە لە جوانییەکی ڕووتەوە بۆ "هێمای بەرخودان" وەربچەرخێت. لە سەردەمی کۆیلایەتیدا، بازرگانانی کۆیلە بە بیانووی تەندروستی قژی ئەفریقییەکانیان دەتاشی، ئەمەش ئەوانی توڕە دەکرد. لێرەوە کەزی بوو بە یەکەم چەکی شاراوەی ئەوان بۆ پاراستنی فەرهەنگی ئەفریقی و بەرەنگاربوونەوەی ڕەگەزپەرستی و ستەمکاری؛ تەنانەت کلیۆپاترای میسریش، کەزیی وەک نیشانەی شکۆ و دەسەڵات بەکارهێناوە.
ئەم گەشتە مێژووییە تەنیا لە ئەفریقا نەمایەوە؛ لای دانیشتووانە ڕەسەنەکانی ئەمریکا، کەزی سیمبوڵی "یەکگرتوویی" بوو، چونکە لای ئەوان یەک تاڵەقژ بە تەنیا لاواز بوو، بەڵام کە دەکرایە کەزی بەهێز دەبوو. لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستیشدا، "کەزیی تاج" نیشانەی ڕێز و خانەدانی بوو. ئەم مێژووە درێژەی کێشا تا لەم ڕۆژهەڵاتە خوێناوییەی خۆماندا، وەرچەرخانێکی دڕاماتیکی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەت کاتێک گەیشتە دەستی کچانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
لە میراتی ئەدەبی و کولتووریی ئێمەدا، کەزی هەمیشە بابەتی غەزەل و هێمای شەرمنی و ناز و نوز بووە. چەندین شاعیر و نووسەر، چەندین قەڵەمی بەسۆز، لە وەسفی بسک و کەزیدا دیوانیان پڕ کردووە، یەکێک کردوویە بە تەنافی عیشق، ئەوی دی کردوویە بە کەمەندی ڕاوچی، بەڵام کاتێک شەڕی مان و نەمان بەرۆکی کوردی ڕۆژئاوای گرت، کەزی لە "دیوانی شیعر"ـەوە خزایە سەنگەرەکانی بەرخودان.
لە دۆزەخی شەڕی دژی شۆڤێنییەکان، ژنانی شەڕڤان کەزییان کردە بەشێک لە یەکپۆشیی سەربازیی. ئەمە هەر جوانی نەبوو، بەڵکوو "پەیامێکی بوونگەرایی" زۆر قوڵی تێدا بوو؛ پەیامێک دەڵێت: "ئێمە شەرڤانین، بەڵام دەستبەرداری سروشتی ژنانەی خۆمان نابین، ئێمە هاتووین ژیان بپارێزین، نەک تەنیا مەرگ ببەخشینەوە." دیمەنی شەڕڤانێک لە نێو تەپوتۆزی جەنگدا، بە ئارامی دادەنیشێت و پرچی هەڤاڵەکەی دەهۆنێتەوە، تێکەڵەیەکە لە "نەرمی و پۆڵا". ئەم کەزییانە بوون بە کابووس بۆ دوژمنە تاریکپەرستەکان، چونکە لە زهنییەتی ئەواندا، کوژران بە دەستی ژنێک، کلیلی دەرگای بەهەشتیان لێ وەردەگرێتەوە.
لێرەدا دەبێت لە بەردەم دیمەنێکدا ڕابمێنین کە تراژیدیا و شانازی تێکەڵ بە یەک دەکات؛ ئەو ساتەوەختەی کاتێک توندڕەوێک دەستی گەیشتە لاشەی شەڕڤانێکی شەهید، کەزییەکەی بڕی. ئەو بە عەقڵیەتە نەخۆشەکەی خۆی وایزانی بە بڕینی ئەو کەزییە سووکایەتی بە پیرۆزیی ژن دەکات و شکۆی دەشکێنێت، غافڵ بوو لەوەی کە ئەو کەزییە بڕاوە دەبێتە "تەلیسمی بەرخودان". نەیزانی بەو کارەی، سنووری جوگرافیای بەزاند و وایکرد هەزاران ژن لە سەرانسەری جیهاندا، وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر ئەو وەحشیگەرییە، پرچیان بکەنە کەزی. ئەو ویستی بە مەقەستی کینە داستانێک کۆتایی پێ بێنێت، کەچی نەیزانی بەو کارەی کەزی کردە ئاڵایەک کە هەرگیز نانوێت.
ئەمڕۆ، گەرچی لە پاریس و میلانۆ کەزی وەک مۆدەیەکی سەردەم دەدرەوشێتەوە، بەڵام لە زاکیرەی زیندووی مرۆڤایەتیدا، ماناکەی زۆر لەوە گەورەترە. کەزی ئێستا پردێکە لەنێوان ئەو ژنە ئەفریقییەی دژی ستەمکاری بەکاری هێنا، بۆ ئەو ژنە کوردەی ڕۆژئاوا بە کەزییەکانیەوە بەرگری لە "کەرامەتی جیهان" کرد. لە داهاتووشدا، کاتێک مێژوو دەنووسرێتەوە، باسی کەزی قۆناغی جوانکاریی قژی تێپەڕاندووە و سەردەمی بەرخودان و یەکگرتنی مرۆڤایەتی دژی تاریکی هێنایە ئارا.

بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:
“تاريخها بدأ قبل 28 ألف عام.. تعرّف على أصول مستحضرات التجميل عبر العصور:(Arabic Post)”
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
6 کاتژمێر لەمەوپێش

کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
22 کانوونی دووەم

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
21 کانوونی دووەم

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
18 کانوونی دووەم

سووریای نوێ؛ لە نێوان واقیعبینیی سیاسی و ئاسۆی ئاشتەواییدا
18 کانوونی دووەم

جارێكی تر هەولێر؛ ناوەندێكی دیپلۆماسیی گرنگ
17 کانوونی دووەم

عێراق؛ قەوارەیەکی درزبردوو، لەناو دڵی شەڕی تاران و واشنتن دا
16 کانوونی دووەم
ئەی تی ئێمەکانیش پێویستییان بە هاوکارییە
16 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 6 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
- بیروڕا
- 22 کانوونی دووەم
کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
- بیروڕا
- 21 کانوونی دووەم
سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
- بیروڕا
- 20 کانوونی دووەم
هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
- بیروڕا
- 19 کانوونی دووەم
نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
- بیروڕا
- 18 کانوونی دووەم
گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران





