ئێستا نۆرەی حیزبەکانە؛ پەیام و وانەکانی میللەت لە شەقامەوە

ئێستا نۆرەی حیزبەکانە؛ پەیام و وانەکانی میللەت لە شەقامەوە

ئەمە وەرچەرخانێکی مێژوویی شۆکهێن و بونیادییە لە کۆنەست و هۆشیاریی تاکی کورددا


ئەم خرۆشان و ڕێپێوانە ملیۆنییەی ڕۆڵە بەئەمەکەکانی کوردستان، تەنیا کاردانەوە و هەڵچوونێکی کاتی و دەربڕینی تووڕەییەکی گشتگیر نییە؛ ئەمە وەرچەرخانێکی مێژوویی شۆکهێن و بونیادییە لە کۆنەست و هۆشیاریی تاکی کورددا.

نمایشی ملیۆنان کورد لە یەک ساتەوەختی ڕەمزیدا لە سایەی یەک ئاڵا و بە وتنەوەی دروشمی "یەکە یەکە یەکە، کوردستان یەکە"، بە فەرمانی هیچ حیزبێک و بە بانگەوازی هیچ سیاسییەک نەبووە. ئەو هێزەی لە قووڵایی ناخەوە لەم سەرما و تەڕوتووشییەدا، بە لێشاو کوردی ڕژاندووەتە ناو شەقامەکانی کوردستان و دنیای دیموکراسی، مەترسییەکی وجودییە لەسەر چارەنووسی هاوبەشی کورد و سەرتاسەری خاکە بەشبەشکراوەکەی.


ئەمجارەش خەڵک چەند هەنگاوێک پێش نوخبەی سیاسی کەوتوون و لە ناو شەقامەوە بە چەپکێک پەیام و وانەی کاریگەر، پێشەکییەکیان بۆ تۆماری قۆناغێکی نوێ نووسییەوە کە دەبێ زۆر بە وردی بخوێنرێنەوە و بە ئەقڵێکی کراوەوە وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت:

وانەی یەکەم: لەمڕۆ بەدواوە شەرعییەتی ڕاستەقینە تەنیا لە ڕابردوویەکی پڕ خەبات و قوربانیدانەوە بەدەست نایەت، بەڵکوو لە توانای ڕابەرایەتیکردنی ئەم هۆشیارییە نەتەوەییە یەکگرتووەوە بەدەست دێت. دەبێ حیزبە کوردییەکان ئەو ڕاستییە بسەلمێنن کە ململانێکانی نێوانیان هەموو سنوورێکی بەزاندووە و میللەتی بێزار کردووە؛ بووەتە بارگرانییەکی ئەخلاقی بەسەر شانی جەماوەری کوردستانەوە و ئیتر ناچارن بیگۆڕن بۆ کێبڕکێ لەسەر پێشکەشکردنی باشترین بەرنامە بۆ خزمەتکردن بەو میللەتەی تا ئێستا بە خوێن و فرمێسک ڕەوایی پێ داون. کەس داواتان لێ ناکات حیزبەکانتان هەڵوەشێننەوە، بەڵکوو ئەقڵییەتی حیزب لە "گەمەی کۆ سفر - Zero-sum game" و "یان من یان تۆ"ـوە، بگۆڕن بۆ کێبڕکێیەکی نیشتمانیی دیسپلینکراوی ئەخلاقی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان لەسەروو هەموو بەهاکانەوە دابنێت.


وانەی دووەم: دروشم و دەنگهەڵبڕینی ملیۆنان کورد بۆ بەرزڕاگرتنی شکۆ، کەرامەت و مافی چارەی خۆنووسین بوو، نەک بۆ پشتیوانیی حیزبێک یان سەرکردەیەک. ئەم هەڵوێستەی شەقامیش ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە چەمکی سەرکردایەتییەوە هەیە و بە هەموو حیزبەکانی کوردستانی گوت: قۆناغی داهاتوومان پێویستی بە میکانیزمی هەماهەنگیی نێوانیانە لە ئاستێکی باڵادا، کە تێیدا پرسی ئاسایشی نەتەوەیی و پەیوەندییە هەرێمییەکان لەسەر بنەمای کۆدەنگییەکی ستراتیژی بەڕێوە ببەن، نەک لە پێناو دەستکەوتی حیزبیدا.


وانەی سێیەم: ئەم یەکگرتووییەی کورد لە ناو شەقامی ناوخۆ و تاراوگەدا، نیشانی دا کاتێک میللەت هەست بە هەڕەشەیەکی وجودی دەکات، توانای بەرگریی لە کوردبوونی خۆی لە ئاستێکی باڵادایە. ئەم پەیامەش ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمەوە هەیە و پێیان دەڵێت: بەردەوامی و خۆڕاگریی ئەم یەکبوونە نەتەوەییە، گرێدراوی وەبەرهێنانێکی سیاسییە لە چاکسازی و پاکسازییەکی ڕاستەقینەدا (بڕیاردان لە دەستووری هەرێم، شەفافییەتێکی زیاتر، بەرەنگاربوونەوەیەکی سەرتاسەریی گەندەڵی، دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی دادوەری، زامنکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی هێز).


وانەی چوارەم: شەقامی کوردی پەیوەندیی نێوان باشوور و پارچەکانی تری کوردستانی لە هاوسۆزییەوە گۆڕی بۆ هاوڕیزی و هاودەنگی بۆ پشتیوانیکردن لە مافە ڕەواکانی کورد لە باکوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات. هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی دیپلۆماسی و پێگەیەکی جیۆسیاسی و بازرگانی و سەروەت و سامانێکی ئەوتۆیە کە دەتوانرێت وەک ئامرازی "نەرمەهێز" بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمی، بخرێتە خزمەتی دۆزی کوردەوە لە هەموو پارچەکانی تری کوردستاندا.


وانەی پێنجەم: ملیۆنان کورد لە ئەورووپا و ئەمریکادا چیتر تەنیا هەر ڕەوەند نین، بەڵکوو ئەو ئەکتەرە سیاسی و میدیاییە کارایانەن کە پێویستە سەرکردایەتیی کورد زۆر بە جددی ئاوڕیان لێ بداتەوە؛ لەبری ئەوەی دەستپێشخەرییەکانیان پەرشوبڵاو بێت، وەک فاکتەرێکی گرنگی فشار و ئامرازێکی دیپلۆماسییەتی جەماوەری لە ناو پایتەختە کاریگەرەکاندا پشتیان پێ ببەسترێت.


گرنگترین و دوا پەیام: حیزبەکان، سیاسەتمەداران و سەرکردەکانی کوردستان دەبێت ئەم ڕاستییە بسەلمێنن کە میللەتی کورد قسەی خۆی کرد؛ ئەوەی لە ئەستۆی بوو بە زیادەوە بەجێی گەیاند، ئێستا ئیدی نۆرەی ئێوەیە و تۆپەکە لە یاریگەی ئێوەدایە. ئەم یەکگرتنە نەتەوەییەی کورد "چێکێکی سپی - Blank Check" نییە، بەڵکوو دەرفەتێکی مێژوویی دەگمەنە؛ لە دەستی ئێوەدایە بیگۆڕن بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی هەمەلایەنە کە متمانەی نێوان کۆمەڵگە و حیزب بگێڕێتەوە، یان بەفیڕۆی دەدەن و تووڕەییەکانی داهاتووش نە ئارام دەبن و نە تەنیا ڕوویان لە دەرەوە دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: