هەرێمی کوردستان لەنێوان هەلی زێڕین و مەترسی گەورە
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

کیفاح مەحموود کەریم
نووسەر و توێژەری سیاسی

ئایا کاراکاس پەیامێکی سیاسی بوو؟
لەو کاتەوەی لە 3ـی کانوونی دووەمی 2026ـدا، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی "نیکۆلاس مادۆرۆ" و گواستنەوەی بۆ نیویۆرک ئەنجام درا، وادیارە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت شێوازێکی نوێ لە بەڕێوەبردنی ململانێکان جێگیر بکات؛ ئەویش ستراتیژی "سەربڕین و لێدانی سەر"ـە لەبری هەڵگیرساندنی جەنگی داگیرکاریی درێژخایەن کە وڵاتان هەڵدەوەشێنێتەوە و سوپاکان دەپڕوکێنێت.
واشنتن ئەم ئۆپەراسیۆنەی وەک "جێبەجێکردنی یاسا" دژ بە تۆمەتبارانی تیرۆر و بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان نیشان دا، بەڵام زۆرێک لە چاودێران بە تاقیکردنەوەی سنووری شەرعییەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکای دەبینن. ئەمە ئاماژەیەکە کە واشنتۆن ئێستا "وەشاندنی گورزی خێرا"ی لا پەسەندترە لەوەی خۆی تێوەبگلێنێت لە کێشەکانی "قۆناغی دوای جەنگ" کە لە بەغدا گۆڕا بۆ مۆتەکەیەکی درێژخایەن.
لێرەوە پرسیارە گرنگەکە بۆ ناوچەی ئێمە سەرهەڵدەدات: ئایا کاراکاس پەیامێکی سیاسی بوو بۆ تاران و بریکارەکانی؟ بە تایبەت دوای ئەوەی لە ساڵی 2025ـدا دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان) کەوتنە بەر شاڵاوی هێرشە ئەمریکییەکان، بە مەبەستی ڕاگرتنی پڕۆژە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە.
ئیدارەی ئەمریکا ئەو هێرشانەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد و بەرپرسان پێیان وایە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دوو ساڵ پاشەکشە پێ کردووە، هەرچەندە هەندێک دزەپێکردنی زانیاری باس لەوە دەکەن کاریگەرییەکە تەنیا چەند مانگێک بووە. لە نێوان گێڕانەوەی فەرمی و خوێندنەوە جیاوازەکاندا، یەک ڕاستی وەک خۆی دەمێنێتەوە: واشنتن دەیەوێت بڵێ "توانای وەشاندنی گورزمان هەیە و مەودای مانۆڕکردنی ئێوەش بێسنوور نییە."
لە دیدگای ئەمریکاوە، مەترسییەکە تەنیا لە "چەکی ئەتۆمی"ـدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ڕەفتارەکانی ئێران لە ڕێڕەوە ئاوییەکان و تۆڕی بریکارەکانیشی دەگرێتەوە. هۆشدارییە فەرمییەکان باس لە مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان لە نزیک گەرووی هورمز دەکەن. لەولاشەوە، هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر بازرگانیی جیهانی، وەک نموونەی "بریکارێک" دەبینرێت کە تێچووی ململانێکان نەک هەر بۆ ناوچەکە، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان زیاد دەکات. لێرەدا پەیامەکان تەنیا بە چەک نین، بەڵکوو بە ئابووریشە؛ چونکە خوێنبەری وزە و بازرگانی، هەستیارترین گۆڕەپانی تاقیکردنەوەیە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئۆپەراسیۆنی کاراکاس دەبێتە "تۆقاندنێکی ڕەمزی": ئەگەر واشنتۆن بتوانێت سەرۆکی وڵاتێک بگرێت و بیباتە بەردەم دادگایەکی ئەمریکی، ئەوا تاران دەبێت تێبگات کە پارێزبەندییە سیاسییەکەی زۆر نامێنێت کاتێک سیاسەتەکانی لەگەڵ دۆسیە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان (بەو جۆرەی ئەمریکا دایاندەڕێژێت) تێکەڵ دەبن. بەڵام دووبارەکردنەوەی مۆدێلی ڤەنزوێلا لە ناو ئێراندا تەنیا کارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو بوومەلەرزەیەکی سیاسییە. ئێران ڤەنزوێلا نییە و ڕەگ و ڕیشەی لە ناوچەکەدا قووڵترە؛ هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕەنگە ئێران بەرەو کاردانەوەی توند لە گەرووەکان یان لە ڕێگەی میلیشیاکانی لە عێراق، سووریا و یەمەن ببات.
لێرەدا ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە کە زۆرجار بە هەڵە دەخوێنرێتەوە: ئێران لە یادەوەریی وڵاتانی کەنداو و ناوچەکەدا، هێشتا بیرۆکەی "پۆلیسی ناوچەکە"ی جێ نەهێشتووە. ئەمە ئەو ڕۆڵە بوو کە "شا" پێش شۆڕشی ئیسلامی دەیگێڕا بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداو بەپێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی. دواتر شۆڕشی 1979 دیمەنەکەی گۆڕی. هەندێک پێیان وایە واشنتۆن لەو سەردەمەدا ئاسانکاریی بۆ هاتنی خومەینی کرد یان چاوی لە ڕووخانی شا پۆشی، نەک لەبەر خۆشەویستیی شۆڕش، بەڵکوو بۆ ڕاکردن لە سیناریۆی پڕشێواوتر. چ ئەم خوێندنەوەیە ڕاست بێت یان نا، ڕاستییەکی تاڵ هەیە: ئەمڕۆ هیچ لایەنێک نایەوێت "پۆلیسی ئێرانی" بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە، نە بە وەشانی "شا" و نە بە بەرگی "کۆماری ئیسلامی".
بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕەهەندەکانی ئەم پەیامە دوو هێندە گرنگن. توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر بوونی ئەمریکا لە عێراق. واشنتۆن لە ساڵی 2025ـدا گوشارە داراییەکانی بۆ سەر ئەو گرووپانە زیاد کردووە و لە کانوونی یەکەمی 2025ـیشدا بەغدا هەنگاوێکی نا بۆ سڕکردنی دارایی ئەو گرووپە چەکدارانەی سەر بە ئێران. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەودای مانۆڕکردن خەریکە تەسک دەبێتەوە.
ئەگەر سیاسەتی ئەمریکا بەرەو 'تۆقاندنی تووند' هەنگاو بنێت، بەغدا دەخرێتە بەردەم دوو بژاردەی سەخت: یان دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە بۆ پاراستنی سەروەری و گێڕانەوەی متمانەی ناوخۆ و دەرەوە، یان ئەوەتا قبووڵکردنی دووسەرەبوونی دەسەڵات (بوونی دەسەڵاتێکی هاوتەریب بۆ دەوڵەت)، کە دەرەنجامەکەی بریتی دەبێت لە سزای جۆراوجۆر و گوشار و ساردبوونەوەی وەبەرهێنەران.
لەم نێوەندەدا هاوپەیمانەکانی ئێران ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی دووسەرە دەبنەوە: چۆن هەژموونی خۆیان بپارێزن بەبێ ئەوەی لە هەر ئاڵۆزییەکدا ببنە ئامانجێکی ئاسان؟ هەروەها چۆن بۆ لایەنگرانی خۆیان پاساوی بەردەوامیی ئابووریی سێبەر و مانەوەی چەک لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بهێننەوە، لە کاتێکدا سەرچاوە داراییەکان خەریکە وشک دەبن."
هەرێمی کوردستانیش لە نێوان "هەلی زێڕین" و "مەترسیی گەورە"دا دەمێنێتەوە؛ هەلە، چونکە هەر پاشەکشەیەکی هەژموونی بریکارەکان، دەبێتە هۆی سەقامگیری و هاتنی وەبەرهێنەری زیاتر. مەترسییە، چونکە ڕەنگە هەرێم بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێکان لە ڕێگەی گرژیی ئەمنی، گوشاری سیاسی، یان گوشار خستنە سەر دۆسیەی نەوت و بودجە.
کورتەی قسە؛ "پەیامی کاراکاس" زیاتر لەوەی پلانێکی جێبەجێکراو بێت، هۆشدارییەکی توندە. پەیامەکە دەڵێ: لە دیدی واشنتۆندا، هەڕەشەی سەر ناوچەکە لە تارانەوە دەست پێ دەکات و بە باڵەکانی کۆتایی دێت. وەک هەمیشەش، یەکەمین گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی ئەم هاوسەنگییە نوێیە، پێش هەموو شوێنێک عێراق دەبێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئێستا نۆرەی حیزبەکانە؛ پەیام و وانەکانی میللەت لە شەقامەوە
1 کاتژمێر لەمەوپێش

شوناس و مێژووی کورد؛ لە لووتکەی چیاکانەوە بۆناو شەقامەکانی دنیا
31 کانوونی دووەم

سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار
29 کانوونی دووەم

شۆڕشی کەزی لە ئەفریقاوە بۆ کوردستان
25 کانوونی دووەم
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
25 کانوونی دووەم

کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن
22 کانوونی دووەم

سەرۆك بارزانی لە خەمی ڕۆژئاڤا دا
21 کانوونی دووەم

هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی کورد لە سەکۆی داڤۆسدا
20 کانوونی دووەم

نامەکی کراوە بۆ دێنیزی ناسنامە و بەرخودان …
19 کانوونی دووەم

گوڵان دەپشکوێن بە نەرمە باران، نەک بە بروسکەو بە گرمەی هەوران
18 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێستا نۆرەی حیزبەکانە؛ پەیام و وانەکانی میللەت لە شەقامەوە
- بیروڕا
- 29 کانوونی دووەم
سەرۆک بارزانی؛ مەرجەعێک بۆ كورد بە كردار
- بیروڕا
- 25 کانوونی دووەم
شۆڕشی کەزی لە ئەفریقاوە بۆ کوردستان
- بیروڕا
- 25 کانوونی دووەم
بۆ ژەنەڕاڵ مەزڵووم
- بیروڕا
- 22 کانوونی دووەم
کورد و ناسەقامگیری درێژخایەن



