سەرۆك بارزانی كاندید بۆ نۆبڵی ئاشتی 2026

سەرۆك بارزانی كاندید بۆ نۆبڵی ئاشتی 2026

سەرۆک بارزانی

کورد لە مێژووی خۆیدا نەتەوەیەكی شۆڕشگێڕ بووە، لە هەمانكاتدا نەتەوەیەكی ئاشتیخوازیش بووە؛ واتە (ئاشتی) یەكێكە لە بەها شۆڕشگێڕییەكان (القيم الثورية)ى شۆڕشەكانی كورد.

چەكی شان و دەستی كورد هەرگیز ئامانجی خوێنڕشتن و داگیرکردنی موڵك و ماڵی ئەوانی تر نەبووە، بەڵكو هەمیشە ئەو چەكە چەكی شۆڕشێک بووە دژ بە ستەم و داگیرکردنی خاک و ئاو ماڵی كورد. كورد هەمیشە بەم ڕۆحیەتەوە شۆڕشەكانی خۆی سەرپێ خستووە، ئاوێتەكردنی ئاشتی و ئازایەتی. هەركات دوژمنەكەی ئامادەی جەنگ بووبێت ئەو لەو ئازایەنەتر هاتۆتە دەست، هەركاتیش دوژمن ئاشتی ویستبێت ئەمیش باڵی بۆ ئاشتی ڕاخستوە و ئاشتی وەك تاكە بژاردە هەڵبژاردووە.

بەمەش شۆڕشی كورد هەردوو بەهای ئامادەیی بۆ جەنگ و ئامادەبوون بۆ ئاشتی لە ناواخنی خۆیدا هەڵگرتووە، هەروەک لە قورئانی پیرۆزیش بە ڕوونی لە دوو ئایەتدا گوزارشت لەم دوو بەهایە كراوە:

وَأَعِدُّوا لَهُم مَّا اسْتَطَعْتُم مِّن قُوَّةٍ وَمِن رِّبَاطِ الْخَيْلِ تُرْهِبُونَ بِهِ عَدُوَّ اللَّهِ وَعَدُوَّكُمْ وَآخَرِينَ مِن دُونِهِمْ لَا تَعْلَمُونَهُمُ اللَّهُ يَعْلَمُهُمْ ۚ وَمَا تُنفِقُوا مِن شَيْءٍ فِي سَبِيلِ اللَّهِ يُوَفَّ إِلَيْكُمْ وَأَنتُمْ لَا تُظْلَمُونَ ۞ وَإِن جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا وَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ ۚ إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ .

سەرۆک مەسعود بارزانی لە وتارەكەی لە كۆنگرەی میزۆپۆتامیا بۆ تەندروستی لە هەولێر، زۆر بە ڕوونی گوزارشتی لەم ڕاستییە مێژووییە كرد و ئاشتی وەك بەهایەكی باڵا لە هزری نەتەوەیی كوردا چەسپاند.


ئەوەی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەكەدا وتی، بیروباوەڕی هەموو كوردێكە "بیر لە شەڕ ناكەینەوە بەڵام زۆری زۆردارانیش قبووڵ ناكەین". ئەوەشی ڕوونكردەوە هەرگیز شەڕی كورد دژی میللەتانی بەرامبەر نەبووە بەڵكوو شەڕی ستەم و زۆرداری بووە، ئەمەش بیر و دیدگای هەموو شۆڕشگێڕانی مێژووی كوردستانە و پوختەی چیرۆكی شۆڕشەكانی كوردە.

سەرۆك بارزانی لە ئێستادا بە حوكمی مێژووەكەی لە خەباتی ڕزگاریخوازی كوردا، بەرجەستەبووی ئەو دیدگا ئاشتیخوازە شۆڕشگێڕانەیەی كوردە و ئەمەشی لە دۆخی ڕۆژاوای كوردستان وەك ستراتیژێکی سیاسی جێبەجێ كرد، كە خێری بۆ هەمووان دایەوە.

وەك خۆی باسی كرد ئەوەی ئەوان كردیان لە دۆخی سوریا و ڕۆژاوای كوردستان، ڕێگرتن بوو لە تەشەنەسەندنی ئاگرێكی گەورە. وتی: ستراتیژی ئەوان ئەمجارە "كوژاندنەوەی ئاگرەكە بوو" ئەم ڕستەیە لە زاری سەرۆكێكەوە كە خۆی لەناو دۆخەكەدا بووە كەم نییە، دەرخەری ڕووداو و ئەگەرەكانی پشتی پەردەیە. بە وردبونەوە لە ڕەوتی ڕووداوەكان و وردەكارییەكان بە ڕوونی تێدەگەیت ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەو دۆخەی ڕۆژاوا و سووریادا ئاوكردن بووە بە خۆڵەمێشی ئاگرێك كە خەریك بووە لە ناوچەكە كڵپە بستێنێت و تەشەنە بكات، ئاگرێك كە ناونیشانەكەی  شەڕی كورد و عەرەبە.

وەك خۆی  وتی "دفع الله ماكان أعظم" (خودا بەڵایەكی لادا كە زۆر گەورەتر بوو). ئەمە یانی چی؟ ئەمە واتە ئەگەر ئەو ستراتیژە ئاشتیخوازانە نەبوایە  ئێستا دۆخی ناوچەكە دۆزەخێك بوو تەڕ و وشکی پێكەوە دەسوتاند.

سەرۆك بارزانی وتی: زۆرجار دەبێ عەقڵ بریار بدات نەك عاتیفە، لێرەدا دەردەكەوێت سەركردایەتیی كورد  لەو قۆناغەدا لە بەردەم بژاردەی جیاوازدا بووە. بژاردەیەك كە عاتیفە و سۆزگەرایی بە سەریا زاڵە و پاڵنەرەكەشی دڵشكانێكی سیاسی گەورە بوو كە لەسەر مێزەكەی تۆم باراك لە هەولێر بینیمان، بژاردەیەكیش كە عەقڵ و ژیری دەیسەپێنێت و واقیع لە پێش چاودەگرێت.

دیار بوو دواجار ئەوەی سەركەوت لەم ململانێیەدا لەنێوان دوو بژاردەی بەردەم سەركردایەتیی كورد، عەقڵانیەت بوو. چونكە هەر بڕیارێك لەژێر فشاری سۆزگەراییدا لەو كاتەدا دەكرا ئاگرێك لە ناوچەكەدا بكاتەوە كە زەرەرمەندی یەكەم تیایدا خودی گەلی كورد لە ڕۆژاوای نیشتمان بێت.


بۆیە كورد لە نێوان دوو بژادەی شەڕ و ئاشتی، ئاشتی هەڵبژارد نەك شەڕ، بەمەش ئاوی بە ئاگری شەڕ و فیتنەیەكی تائیفی گەورەدا كرد، كە دەكرا ساڵانێك درێژە بكێشێت و كارەساتێكی گەورە لە ناوچەكەدا دروستبكات. بێگومان ئەگەر هەق و ئینساف هەبێت دەبێ ئەمە بۆ كورد تۆمار بكرێت، چونكە ئەو ئاگرە كە هەڵدەگیرسا تەنها كوردی نەدەسوتاند، بەڵكوو هەموو ئەوانی تریشی دەكردە خۆڵەمێش.

ئەم بژاردەیە بۆ ئاشتی، هەم ناوچەكەی لە ئاگرێكی بێ بەزەیی دوورخستەوە، هەم كۆمەڵێك دەستكەوتی سیاسیشی بۆ كوردی ڕۆژاوا دەستەبەر كرد و بوویە سەرەتای قۆناغێكی نوێ. بۆیە پێمان وایە سەرۆك بارزانی بەم ستراتیژە ئاشتیخوازانەوە لەو قۆناغەدا و بەم هەوڵەی بۆ كوژاندنەوەی ئاگری فیتنەی شەڕی كورد و عەرەب لە سوریا و ناوچەكەدا دای، بە هەق دەبێتە ئەو كەسەی شایانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە بۆ ساڵی 2026.


ئەمەش بەمانای خەڵاتێك نییە  تەنها بۆ كەسێك، بەڵكو خەڵاتێكە بۆ نەتەوەیەك كە مێژوویەكی پڕ لە ئاشتیخوازی هەیە. لێرەوە پێمان وایە دەبێ جڤاتی كوردستانی هەموو هەوڵ و توانای خۆی بخاتەگەڕ بۆ كاندیدكردنی سەرۆك مەسعود بارزانی بە نوێنەرایەتیی نەتەوەی كورد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی ساڵی 2026 لە پای هەوڵەكانی بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی لە سووریا و ڕۆژاوای كوردستان.

ئاشتیەك كە سەرەتاكەی لەلایەن كوردەوە دامەزرا، ماوەتەوە ئەوەی ئەوانی تر لە عەرەب و دەسەڵاتی سووریا تێكی نەیەن، بەڵكوو لەسەر ئەو بناغەیە ئاشتیەكی درێژخایەن بنیادبنێن لە ڕێگەی ڕژێمێكی سیاسی كە مافی هەمووان تیایدا مسۆگەر بێت.

بەخوێندنەوەی پێوەرەكانی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی كە سەرەكیترینیان ڕۆڵبینینە لە بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەیەك و لە قۆناغێكی دیاری كراودا بەهەق سەرۆك بارزانی وەك كوردێك شایانی ئەم خەڵاتەیە، خۆ ئەگەر هۆكارێك هەبێت لەم خەڵاتە بێبەشی بكات تەنها ئەوەیە كە كوردە.

شەیری بکە لە: