توونی بابا
ئاڤا نیوز
شەکەت و ماندوو، هەڵهاتوو لە چنگى دوژمن، ڕێگاى هات و نەهاتى گرتۆتە بەر، ئەو نازانێ ئەم کەندڕە بەرتەسک و دوورمەودایە کە باراناو لەسەر سنگى ئەم زەوییە سەختە دروستى کردووە لەکوێ سەر دەردێنێ؟! بەڵام سور دەزانێ بە گەڕانەوەى؛ مەرگ لە دەروازەى توونەکەدا چاوەڕێى دەکات..!
چیرۆکی سەرەکی: هەرچەندە ڕاى جیاواز لەسەر ئەم کەسایەتییە بوونى هەیە و هەندێک بە یارسان و هەندێکى تر بە زەردەشتى لە قەڵەمى ئەدەن، بەڵام بە بیروباوەڕى بەشێکى زۆر لە دانیشتووانى ناوچەکە؛ ئەم کەسایەتییە مێژووییە ڕەگوڕیشەیەکى ئیسلامى هەیە و عارف و لەخواترسێکى گەورە بووە، تەنانەت هەندێکیان بە ئەولیا و ئەسحابەى سەردەمى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) ئەژمارى دەکەن.
(حاجى محمد پساکانى) تەمەنى لەسەروو نەوەت ساڵەوەیە و خەڵکى گوندى پساکانە کە دەکەوێتە قەدپاڵى ئەو زنجیرە چیایەى توون و کەندڕەکانی لەسەر دروستبووە، ئەو دەڵێ؛ پشتاوپشت لە باووباپیرانمانەوە زانیارى لەسەر ئەم کەسایەتییە گەیشتۆتە ئێمە کە ناوى باباى عەمرە بووە و ئەسحابەى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) بووە.
وێڵ و بێچارە؛ بەنێو تولەڕێى توونەکەدا هێواش هێواش هەنگاو دەنێ، لەهەردوولاى شانیدا لێوارى چیاى بەرز دەورى داوە و هیچ دەرچەیەک بۆ قوتاربوون شک نابات.
ئەوەى ئاهێک بە هەناسەى سوار و دەروونى پڕ لە ترس و بیمى ئەو ئەدا؛ تەنها دەرکەوتنى ناوبەناوى تیشکى خۆر و دەلاقەى بەشى سەرەوەى توونەکەیە کە بەسەر ئاسماندا کراوەتەوە.
ڕێگاى نەبڕاوەى توون و برسێتى زۆر، بڕستیان لێبڕیوە، بۆیە بەناچارى ناوبەناو ئیستێک ئەدا و گوڕى هەنگاوەکانى داهاتووى بەدەستدەهێنێتەوە.بوونى سەرچاوەى ئاوى سازگار کە توونەکەى پێدەناسرێتەوە، تەنها گرەنتى مانەوەى ئەوە لە ژیاندا.
ئیدى لە خاڵێکدا بەچۆکدا دێ و ماندوێتى هەرەسى پێدەهێنێ، ناچار لەجێگەى خۆیدا دەکەوێتە سەر ئەژنۆ و دەستى نزا بەرە و ئاسمان بڵند دەکات .... تا تواناى هەیە لە خودا دەپاڕێتەوە و داواى موعجیزەیەکى لێدەکات کە لەم سەدان دەر و توونەدا ڕزگارى بکات .... بەڵام مەرجێک لە گەردنى خۆى دەئاڵێنێ و بە خودا دەڵێت؛ گەر لێرە قوتارم کەیت، ئیدى بشمرم ئاساییە.
پاش پاڕانەوەیەکى قوڵ؛ ئیدى خودا دەروازەى ڕزگاربوونى لەسەر واڵا دەکات، هێندە نابات بەهیوایەکى زۆرەوە لەبەشى سەرەوەى توونەکەدا خۆى دەبینێتەوە.
دواى بڕینى ڕێگەیەکى دوور، ڕێکەوتى چەند کەسێک دەکات کە سەرقاڵى هەڵکەندنى گۆڕێکن، ئەویش لێیان نزیکە دەبێتەوە و گفتووگۆیان لەگەڵ دەکا و دەربارەى گۆڕەکە پرسیار دەکات.
پاشان مۆڵەتیان لێدەخوازێ لەنێو گۆڕەکەدا بۆ چەند ساتێک پاڵکەوێ، بەڵام لەسەر بەڵێن و مەرجى خۆى؛ خودا ڕۆحى لێدەستێنێتەوە و هەر لەنێو گۆڕەکەدا گیان دەسپێرێت، ئیدى ئەو شوێنە دەبێتە دوا مەنزڵى ئەو کەسایەتییە کە بەبیروباوەڕى خەڵکى ناوچەکە ناوى باباى عەمرە بووە و ناوى توونەکەش لەو کەسایەتییەوە سەرچاوەى گرتووە.
ئێرە شوێنەوارى گۆڕى بابا عەمرەیە کە دەکەوێتە خۆرئاواى گوندى پساکان لە سنوورى قەزاى دەربەندیخان، ڕێگەیەکى سەخت و دژوارى هەیە و مەودایەکى زۆر لە گوندى پساکانەوە دوورە، هەرچەندە چیرۆکى ئەم گۆڕە لە ئەدەبیاتى فۆلکلۆرى و داستان و ئەفسانەى خەڵکى ناوچەکەدا ڕەنگى داوەتەوە، بەڵام مێژووەکەى بەدیاریکراوى دیارنییە ... خەڵکى ناوچەکە ڕێزێکى زۆریان بۆ ئەم گۆڕە هەیە، بەڵام هاوشێوەى گۆڕى شەخس و ئەولیا و ئەسحابەکانى تر پیرۆزیان نەکردووە، گۆڕێکى سادە و ساکارى هەیە و چەند خڕە بەردێک لەدەورى هەڵچنراوە تاکو سنوربەندییەکەى دیاربێت.
ئەوەى لێرە جێگەى سەرنجە؛ بوونى درەختێکى بەتەمەنى بەڕووە کە بە بیروباوەڕى خەڵکى ناوچەکە تەمەنى سەدان ساڵە، تەنانەت هەندێک کەس دەیگەڕێننەوە بۆ سەردەمى خودى بابا عەمرە، دەوترێت ئەم درەختە لە کۆندا تاقە درەخت بووە لەناوچەکەدا، هێما و ئاماژەى کۆچەرى و ڕێبوار و کاروانچییەکان بووە.
ڕایەکى تر لەسەر ناوى توونەکە هەیە کە دەوترێت لە کەسایەتى (باباى عەییار)ەوە وەرگیراوە کە لەسەردەمى ئەسکەندەرى مەکدۆنیدا حاکمى ناوچەکە بووە، ئەم باباى عەییارە جادووگەر بووە ویستبێتى بچێتە شێوەى هەر کەسێکەوە ئەنجامیداوە، دەشگوترێت لەکاتى شەڕەکاندا خۆیی و هێزەکەى لەم توونەدا خۆیان حەشارداوە.
چیرۆکى ئەم کەسایەتییە لە ئەدەبیاتى کلاسیکى کوردیشدا بەرجەستە بووە، ئەوەتا شاعیرێکى گەورەى وەک نالى لە کۆپلە شیعرێکیدا دەڵێ؛
پەیامت هات و پەیکت ڕۆى، خەیاڵم نارد و نەیگەییێ
ڕەسوڵم کەوتە ڕێ، گرتى، هێناى وەک ئاگرە سوورە
کە دیتم شەکڵى سەد ڕەنگى، گوتم: باباى عەییارە
کە بیستم لەفزى بێ دەنگى، گوتم: شەیپورى شاپورە
بەڵام دانیشتووانى ناوچەکە ئەم ڕایە بە لاواز دادەنێن و بۆچوونى یەکەم پەسەند دەکەن کە بابا عەمرە عارف و پیاوچاکێکى سەردەمى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) بووە.
گوندى پساکان کەوتۆتە بەشی باشوری پاشماوەی (کەلی پەیکوڵی) کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان لەنێوان ( ٢٢٧ بۆ ٦٥١)ى زایین، بەگوێرەى زانیارییە مێژووییەکان لەم ناوچەیەدا پاشا (نەسر) فەرمانڕەوایەتی کردووە، لە کۆندا بەشێکی پاشماوەکە بریتی بووە لە بتخانەیەک کە دەوترێ ناوى پساکان هەر لەو بتخانەیەوە سەرچاوەى گرتووە و سەرەتا ناوى گوندى بتەکان بووە پاشان بووە بە پساکان.
ئەم گوندە دەکەوێتە قەدپاڵى ئەو زنجیرە چیایەى پەل و دەرەکانى توونى بابا عەمرەى لەسەر دروستبووە کە لەڕووى زانستى زەویناسییەوە بە پێکهاتەى بەختیاریی سەروو ناسراوە، بوونى ڕێژەیەکى زۆرى ئاو تایبەتمەندى هەرە دیارى ئەم پێکهاتەیەیە لەناوچەکە، ئەمەش وایکردووە گوندەکە لەڕووى دەرامەتى ئاوەوە زۆر دەڵەومەند بێت، تەنانەت خەڵکى ناوچەکە بەرهەمێکى زۆرى چەڵتوکیان لە دەم کردووە.
لەدێر زەمانەوە ناووناوبانگى توونى بابا عەمرە لەسەرتاسەرى کوردستان و تەنانەت ناوچەکەشدا بەربڵاوە و چەندین چیرۆکى تەلیسماوى لەگەردن ئاڵێنراوە، ئەمەش وایکردووە بەبەردەوامى جێگەو پێگەیەکى بەنرخى لەلاى ئەو کەسانە هەبێت کە پەرۆشى گەڕانن بەدواى نهێنییەکانى سروشت یاخود چێژبینین لە سەختى و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانى.
کۆمەڵەى شاخەوانانى سلێمانى لە دەستەبژێرى کۆمەڵگەى سلێمانى پێکهاتوون کە زۆربەیان دکتۆر و مامۆستاى زانکۆن، ئەوان ساڵانێکى زۆرە کار لەسەر بە کلتورکردنى وەرزشى شاخەوانى دەکەن و پەرۆشى سەردانیکردنى ئەو ناوچە سروشتییانەن کە پەنهانن و تۆپۆگرافیایەکى سەخت و دژواریان هەیە ... ئەمڕۆ بەشێک لە ئەندامانى کۆمەڵەکە سەردانى توونى بابا عەمرەیان کردووە و نیازیانە لە نزیکەوە ئەزمونى حەقیقەتى ئەو دەرکەوتە زەویناسییە بکەن کە ملیۆنان ساڵە باراناو لە پێکهاتەى زنجیرە چیاکانى ئەم ناوچەیەدا دروستى کردووە.
ئەوان نزیکترین خاڵیان هەڵبژاردووە بۆ گەیشتن بە دەروازەى توونەکە، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکى سەختیان لەبەردەمە بۆ دابەزین بە قەدپاڵى سەرەتاى توونەکە و پاشان دەستپێکردنى گەشتە دوور مەوداکەیان .... بە ئارامییەکى لەڕادەبەدەر و ئامادەکارییەکى باش لەڕووى پێداویستییەکانى وەرزشى شاخەوانى؛ ڕیزیان گرتووە و پێشڕەوى دەکەن.
وەک نەریتى هەمیشەییان لە دەستپێکى گەشتەکەیاندا، سەرۆکى کۆمەڵەکە چەند ئامۆژگاریى و تێبینی و زانیارییەکى گشتى لەسەر پلانى گەشتەکە و سروشتى ناوچەکە و مەترسییەکانى دەخاتە ڕوو، بەتایبەت گەشتى ئەمڕۆیان کۆمەڵێک ئامۆژگارى نوێى پێویستە کە ڕەنگە لە شوێنى دیکەدا پێویست نەبووبێت.
پاش ڕێنمایی و ئامۆژگارى سەرۆکى کۆمەڵەکە، ئیدى بە ئاگاییەکى قوڵەوە دەکەونە ڕێ، یەک بەدوا یەکدا ڕیزێکى درێژیان دروستکردووە و بەشوێن پێى یەکدیدا هەنگاو دەنێن تاکو لەیەک وون نەبن.
ڕاستە هەندێکیان پێشتر سەردانى ئێرەیان کردووە، بەڵام بۆ هەندێکى تریان ئەزمونێکى نوێیە و دەیانەوێ لەنزیکەوە حەقیقەتى ئەم دەرکەوتە سروشتییە ببیین کە ساڵانێکى زۆرە ئەفسانە و چیرۆکى نامۆى لەبارەوە دەبیستن.
گروپێک گەنجى گوندنشینى ناوچەکەن، شارەزاى کون و کەلەبەرى پەل و لقەکانى توونى بابا عەمرەن، ئێمە لە بەشێکى ترى توونەکەدا هاوڕێیەتى ئەوان دەکەین و درێژە بە گەشتەکەمان ئەدەین، ئەوان هەر لە منداڵییەوە لەتەک ئەم سروشتە سەخت و دژوارەدا باڵایان کردووە، هەربۆیە خۆشەویستییەکى لەڕادەبەدەریان بۆى هەیە و خۆیان بەخاوەنى دادەنێن.
وەک خۆیان دەڵێن؛ دەیان و سەدان جار سەردانى ئەم توونەیان کردووە، تەنانەت شەوبێدار بوون و تیایدا ماونەتەوە، ئەوان باس لە هەندێک چیرۆک و ڕووداوى ناو توونەکە دەکەن کە لەڕابردوودا ڕوویداوە.
ئەم توونە لەسەر پێکهاتەی چینە بەردێک دروستبووە کە لە زمانى زەویناسیدا بە پێکهاتەى بەختیارى سەروو ناسراوە، تەمەنى ئەم چینە بەردە لەنێوان 2 ملیۆن و نیو بۆ 5 ملیۆن ساڵدایە و لە چاخە دێرینەکانى زەویناسیدا نیشتووە، بەشێوەیەکى گشتى ئەم پێکهاتەیە لە لم و چەو قوڕ پێکهاتووە کە چینە بەردێکى دروستکردووە پێى دەووترێت (کۆنگلۆمێرەیت)، لەهەندێک شوێندا چینە بەردێکى ئەستورى ڕەنگ سەوزى ڕەساسى باو دەردەکەوێت کە پێى دەووترێت (ساندستۆن یاخود بەردى لمین)، لەهەندێک شوێنى دیکەدا چینێکى گڵی دەردەکەوێت کە پێى دەووترێت (کلەیىستۆن یاخود بەردى گڵین)، بەڵام لە توونى بابادا تەنها چینى بەردە لمینەکە دەردەکەوێت کە کەوتۆتە نێوان چینەکانى (کۆنگلۆمێرەیت)ەکەوە.
(پرۆفیسۆر دکتۆر فازیل لاوە)، لە بەناوبانگترین پسپۆڕەکانى زەویناسییە لە هەرێمى کوردستان و عێراق، ئەو زیاتر لەنیو سەدەیە سەروکارى لەگەڵ پێکهاتەى بەرد و کانزاکاندا هەیە و پسپۆڕى بەردە نیشتەنییەکانە، ئەو تێڕوانینێکى سەیر و نامۆ لەسەر ئەم پێکهاتەیە دەخاتەڕوو و دەڵێت؛ ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا ئەم شوێنەى لەسەرى وەستاوین قوڵایی ئاوى ئۆقیانوس بووە، دەشڵێت؛ ئەم پێکهاتەیە کە بە بەختیارى سەروو ناسراوە دەرئەنجامى ڕاماڵین و گواستنەوەى پێکهاتەى چینە بەردى ناوچەکانى ترى کوردستان بووە و پاشان لێرەدا نیشتووە.
بۆ پشتڕاستکردنەوەى بەڵگە زانستییەکانى، (پڕۆفیسۆر دکتۆر فازیل لاوە) پێکهاتەى ئەو بەردانە بەنموونە دێنێتەوە کە لە چینەکانى ئێرەدا نیشتوون و لەبەردى ئاگرین و گۆڕاو و نیشتەنى پێکهاتوون، ئەمەش بەڵگەیە بۆ گواستنەوەى ئەم بەردانە لە ناوچەکانى ترى کوردستانەوە بۆ ئێرە.
ئەندامانى کۆمەڵەى شاخەوانى سلێمانى بەردەوامن لە گەشتەکەیان، هێدى هێدى لاپاڵى شاخەکانى ئەملاولایان بەرزتر دەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەشدا مەترسییەکان زیاتر دەبن، چونکە لەئەگەرى کەوتنە خوارەوە هەر بەردێکدا ڕەنگە کارەسات بخوڵقێنێت، بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە هەنگاو بنێن.
لە ئاسمانەوە توونەکە شێوە ئەندازەیەکى درەختى هەیە کە پەلوپۆکانى بڵاوبوونەتەوە، لەنێوەڕاستدا شاڕێگەیەک هەیە کە لەشێوەی قەدى درەختەکەدا بەرجەستە بووە.
بەگوێرەى زانستى زەویناسى، کاتێک هەر جوڵەیەکى تێکتۆنى ڕوویداوە ڕاستەوخۆ درز و کەلێن لەنێو ئەم پێکهاتەیدا دروستبووە، پاشان بە تێپەڕبوونى زەمەن دابارینى باران کەلێن و درزەکانى گەورەتر کردووە، واتە ئەم توونە دەرئەنجامى داخورانى چینە بەردەکانە، بە بەردەوامیش ڕێڕەوى توونەکان بەهۆى بارانبارینەوە لە گەورەبوون و فراوانبووندایە، ئەوەى ئەمڕۆ دەیبینین ڕەنگە هەزاران ساڵى تر دوو هێندە بێت.
بارانبارین گەورەترین مەترسى ناو توونەکەیە، چونکە لە چرکەساتێکدا بەهۆى پێکەوەبەستراوى پەلەکان بەیەکدییەوە ئاو بە بەرزى چەند مەترێک کۆدەبێتەوە و بە شاڕێگەکەدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە گەشتکردن لە وەرزى بارانباریندا مەترسیدارە و ڕەنگە کارەساتى لێبکەوێتەوە.
ئازا و چاونەترس، کێوماڵى هەر کونجێکى ئەم توونە دەکەن، بۆ ئەوان گەشتکردن بەم دەر و ڕێڕەوانەدا یەکجار سادە و ئاسانە.
(میقداد پساکانى) گەنجێکى چاپوک و ئازاى ناوچەکەیە و هەر لەمنداڵییەوە بەرخوردى لەگەڵ توونى بابا عەمرەدا هەیە، ئەو باسى ئەم شوێنەمان بۆ دەکات کە تەنها ناوچەى پارێزراوى توونەکەیە لە کاتى بارانباریندا، واتە تەنها دەرچەى ڕزگاربوونە لە مەرگ ئەگەر هاتوو باران بارى، ئەو چیرۆکێکى سەرنجڕاکێشى باوکى و چەند خزمێکى لەوبارەوە دەگێڕێتەوە.
ئەمەى دەیبینن لێکترازانێکى گەورەى چینێکى پێکهاتە بەختیارى سەرووە لەنێو توونەکە، دوورنییە لە بارانبارینى ئەمساڵدا بەهۆى گرتنەخۆى ئاو و پاشان قورسبوونەوە هەرەس بهێنێت، هەربۆیە گومانى تێدانییە هەرەسى چینە بەردەکانیش مەترسییەکى ترە لەسەر گەشتیارانى ئەم توونە، ڕەنگە ڕێڕەوى توونەکەش بگرێ و دەرفەتى هاتووچۆ نەهێڵێت.
ئەمەى دەیبینن بەردێکى قەبارەى گەورەیە کە لە بەرزاییەکانەوە کەوتۆتە خوارەوە، گومانى تێدانییە ئەگەر گەشتیارێک لەکاتى کەوتنەخوارەوەى لێرەدا بوایە ئەوا بێشک ژیانى دەخستە مەترسییەوە.
دەرەکان زۆرن، گەر شارەزا نەبیت دوورنییە سەرت لێبشێوێنن، بۆنمونە گەر سەیرى ئەم شوێنە بکەین دوو لقى هاوشێوەى لێدەبێتەوە کە یەکێکیان گوزارشتە لە شاڕێگەى توونەکە و ئەوى تریشیان لاوەکى، بۆیە باشتر وایە لەگەڵ کەسى شارەزادا سەردانى ئەم توونە بکرێت یاخود هێما و ئاماژە دابنرێت بۆ دۆزینەوەى ڕێڕەوى دروست.
فرە ڕێڕەوى توونەکە وایکردووە تەلیسماوى بێت و چەندین چیرۆکى ئەفسانەیی لەبارەوە دروستبکرێت بۆنمونە هەرچى بچێت ناگەڕێتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە ئیدیۆمى لەسەر دابنرێت بۆ نمونە (ئاوى ئاموون و توونى بابا چیت)، ئەم گوزارەیە بۆ سەرتیاچوون و نەگەڕانەوەیە، (ئاوی ئاموون) كەوتووەتە نێوان توركمانستان و خۆراسانەوە، (توونی بابا)ـیش كەوتووەتە قەزاى دەربەندیخان.
شاخەوانەکان ماندوون، لێرەدا پشووییەکى کورت ئەدەن و هەندێک چەرەس و پارچە شیرینى دەخۆن بۆ بەدەستهێنانەوەى وزەى پێویست بۆ گەیشتن بە دوا خاڵى پلانى گەشتەکەیان کە تاڤگەیەکى بەرزى سروشتییە لەناوەڕاستى توونەکە.
لەڕووى دەرامەتى ئاوییەوە توونى بابا عەمرە زۆر دەوڵەمەندە، بەهۆى بوونى بۆشایی و کونیلەى نێوان دەنکۆڵەى لم و چەوەکان ئاوێکى زۆر کۆدەبێتەوە، ئەگەر بێت و چینەبەردێکى ڕەقى بەربەست لەژێرەوەى بوونى هەبێت ئەوا پێکهاتەى چینە بەردى توونەکە دەبێتە خەزانێکى باشى ئاو.
دیاردەیەکى نامۆى توونەکە کوێربوونەوەى سەرچاوەى ئاوەکە و دووبارە دەرکەوتنەوەیەتى، ئەمە بەدرێژایی ڕێڕەوى توونەکە بەرچاو دەکەوێت، ئەم دیاردەیە پەیوەندى بە پێکهاتەى چینە بەردى توونەکەوە هەیە کە کەلێن و بۆشایی زۆرە و ئاوەکە دادەبەزێت، بەڵام بەهۆى بوونى چینە بەردى ڕەقى ڕێگر لەبەشى ژێرەوە نایەڵێت ئاوەکە بەتەواوەتى دابەزێتە ژێر زەوى و پاشان لەشوێنێکى ترەوە سەرهەڵدەداتەوە.
دیمەنێکى زێدە ترسناک و ورووژێنەرە، شاخەوانەکان گەیشتوونەتە خاڵێک کە لاپاڵى چیاکانى دەوروبەریان نزیکەى 200 مەتر بەرزە، هەر بە سەیرکردنى هەناسە تووند دەکات، بەڵام شاخەوانەکان سەرەڕاى مەترسییەکان بەردەوامن لە گەشتەکەیان.
گەر لەم گرتەیەدا سەیرى بەشى پێشەوەى توونەکە بکەین ئەوا بەهیچ شێوەیەک کۆتایی توونەکە دیارنییە.
گەر لەم گرتە پێچەوانەیەشدا سەیرى خاڵى دەستپێکى گەشتەکەمان بکەین هێندە دوورنین، لەکاتێکدا نزیکەى 5 سەعاتە بەڕێوەین، ئەمەش بەڵگەى دوورودرێژى توونەکەیە کە مەحاڵە بە ئاسانى تەواو بکرێت.
ئەم مێرگە سەوزەى لەبەشى سەرەوەى توونەکە دەبینرێت ئاماژەیە بۆ بوونى ئاو، لەهەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ دوا خاڵى گەشتى ئەمڕۆى شاخەوانەکان، لێرە ئەم سەرچاوە ئاوە سازگارە تاڤگەیەکى زۆر سەرنجڕاکێشى دروستکردووە کە لە کەم شوێندا بەدیدەکرێت.
شاخەوانەکان بە تەواوکردنى پلانى گەشتى ئەمڕۆیان گەلێک دڵشادن، ئاڵاى پیرۆزى کوردستانیان بەرزکردۆتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج ..... ئەوان سەرمەشقى پاراستنى سروشت و ژینگەى کوردستانن، لەگەڵ خۆیان تەواوى پاشماوەکانیان هەڵگرتووە و بەهیچ شێوەیەک ژینگەى توونەکەیان پیس نەکردووە.
گومانى تێدانییە، شاخەوانەکان چەندێک مەوداى توونەکەیان بڕیوە، دەبێت هێندەى تر بە ئاڕاستەى دەستپێکى گەشتەکەیان بگەڕێنەوە، بۆیە هەمان مەترسى و ئاستەنگى ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
گەشتەکەمان لەگەڵ گروپە گەنجە شارەزاکەى گوندى پساکان بەردەوامى پێئەدەین، پێکەوە بەرەوی قوڵایی توونەکە هەنگاو دەنێین، ئەوان لەگەڵ هەر پنتێکى ئەم توونەدا یادەوەرییان هەیە، شوێنپێیان هەڵدەگرین تاکو لە شاڕێگەى توونەکە دوورنەکەوینەوە و وون نەبین.
ئیمە مەبەستمانە بگەینە شوێنێکى تازە ئاشکراکراوى توونەکە کە لەم ساڵانەى دواییدا لەسەر دەستى (میقداد پساکانى) هاوڕێ و هاوسەرفەرمان دۆزراوەتەوە .... ئەم شوێنە ڕێگەیەکى زۆر تەسکى هەیە و لە هەندێک شوێندا بە ئاستەم کەسێک کێش دەکات، هەر بۆیە ساڵانێکى زۆر بە پەنهانى ماوەتەوە تا لەم ساڵانەى دواییدا بەهۆى بارانبارینى زۆرەوە دەرچەکەى کرایەوە ... دواى بڕینى ڕێگەى تەسکى مەترسیدار، گەیشتینە ئەو شوێنە کە لەشێوەى ئەشکەوتێکى قوچەکیدا بەرجەستەبووە و تاڤگەیەکى ئاوى سەرنجڕاکێش لەسەرییەوە دێتە خوار.
لەنێو توونەکەدا تاریکى شەو بەسەرماندا هات، بۆیە بەناچارى لەگەڵ گرووپە گەنجەکەى هاوسەفەرمان ماینەوە، سروشتى توونەکە نوقمى ئارامى و بێدەنگییە، دیمەنى لاپاڵى بەرزاییەکانى ئەمبەروئەوبەرى توونەکەش زۆر سامدارە.
گەنجەکان لەڕێگەى ئاگرکردنەوەوە دڕ بە تاریکى توونەکە ئەدەن، بەدەم گێڕانەوەى یادەوەرى و چیرۆکە نامۆ و سەرنجڕاکێشەکانى توونەکەوە شەو بەسەر دەبەن ... میقداد چیرۆکێکى ئەفسانەئامێزى مێژوویی لەسەر توونەکە دەگێڕێتەوە کە پشتاوپشت لەباوانەوە بۆ نەوەکان گواستراوەتەوە...
لەگەڵ خۆرکەوتندا، ناو توونەکەمان بەجێهێشت بۆ بەشى سەرەوەى توونەکە، بۆ ئەو مەبەستە واپێویست دەکات بگەڕێینەوە سەرەتاى توون و پاشان بەپشتەوەدا بچینە گوندى پساکان، دواتر لەوێوە بە چیایەکى سەختدا سەرکەوین و ماوەى دوو سەعاتێک ڕێگەیەکى بەردەڵانى ناڕەحەت ببڕین.
رێگەکە پێویستى بە ئۆتۆمبێلى بەرز و دەبڵ ئەکسلە، بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێلى بچوک دەرناچێت، کاتێک دەگەیتە بەشى سەرەوە سەرت لە دیمەنى ناوازەى دەرەکان سوڕدەمێنێ کە لەشێوەى تۆڕێکى ئاڵۆز یان لق و پەلى درەختێک بەسەر ئەم بەرزاییانەدا بڵاوبوونەتەوە و بە سەدان مەتر جەستەى شاخەکەیان قوڵ کردووە.
ئێرە کۆتایی یەکێک لە پەلەکانى توونى بابا عەمرەیە کە لە بەشى خوارەوە پێیدا تێپەڕبووین، لێرە بە ئاشکرا شوێنەوارى داخورانى توونەکە بەهۆى بارانباریینەوە بەدیدەکرێت کە چەندین دەرى جیاوازى لەسەر یەک دروستکردووە، کاتێک سەیرى خوارەوە دەکەیت دیمەنێکى سامناکى هەیە و زیاتر لە دوو سەد مەتر قوڵیییەتى.
گەنجەکان پێیانخۆشبوو ژەمەخواردنى بەیانییان بهێننە سەرەوەى توونەکە، ئامادەکارى تەواویان کردووە و هێلکەى سورەکراو ئامادە دەکەن و ماست و نانیشیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە، وەک خۆیان دەڵێن؛ دیمەنى دڵڕفێنى ناوچەکە چێژى خواردنەکەى زیاتر کردووە.
لەم دیمەنەدا مەوداى درێژى توونەکە بەباشى بەرچاو دەکەوێت کە تا نزیک ڕووبارى سیروان درێژ دەبێتەوە ... لە کۆندا ناو توون و بەشى سەرەوەشى؛ لەڕووى هەمەڕەنگى بایلۆژییەوە گەلێک دەوڵەمەند بووە، بە وتەى خەڵکى ناوچەکە (بزنە کێوى و کەروێشک و ڕێوى و کەو و تەنانەت پڵنگیشى) تێدابووە، بەڵام بەهۆى ڕاوکردنى بێشوومارەوە هیچیان نەماون.
گەنجەکان بەردەوامن لە ڕێگەکردن بۆسەر سەرچاوەى ئەو ئاوەى کە لەناو توونەکەدا تاڤگە ئاوییەکانى دروستکردووە، بەڵام گەلێک دوورە و بەهیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێل پێى ناگات، بۆیە بەناچارى ڕێگەیەکى دووروودرێژ بە پێ دەبڕن تاکو نزیک ببنەوە لە سەرچاوەى یەکێک لە تاڤگەکان.
بۆ یەکەمینجار لەم کارە دۆکیومێنتارییەدا لەگەڵ ئەم گروپە گەنجە چووینە سەر سەرچاوەى یەکێک لە تاڤگە ئاوییەکان لەبەشى سەرەوە توونەکە .... وەک دەردەکەوێت دەورووبەرى سەرچاوەى ئاوەکە سەوزایی و درەختێکى زۆر هەیە، ئاوەکە بەنێویاندا تێپەڕدەبێ و پاشان لەشێوەی تاڤگە دەڕژێتە توونەکەوە.
توونى بابا عەمرە سەروەتێکى بەنرخى نیشتمانى و میراتێکى دەوڵەمەندى جیۆلۆجییە کە لە چاخە کۆنەکانەوە بۆ ئێمە ماوەتەوە، پاراستن و پەرەپێدانى لە ڕووى گەشتیارى و شاخەوانى و سوودبینین لە سەرچاوەى کانزاییەکانى گەلێک گرنگە، لەهەمانکاتدا پێویستە لەسەر نەخشەى جیهانى تۆماربکرێ و وەک یەکێک لە میراتە جیۆلۆجییەکان پۆلێنبکرێ و کار لەسەر ناساندنى بکرێت، هەروەک ئەوەى چۆن دۆڵى (گراند کانیۆن) لە ویلایەتى ئەریزۆناى ئەمریکا کار لەسەر پاراستن و ناساندنى کراوە و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار لەسەرتاسەرى جیهانەوە ڕووى تێدەکەن.






