چیرۆکەکانی سلێمانی لە ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
کارامەییەکى بێوێنەى لە بەڕێوەبردنى مەملەکەتدا هەبوو، جیاواز لە میرەکانى پێش خۆى؛ هەمیشە کەڵکەڵەى بوونیادنانى شارێکى پێشکەوتوو لە خەیاڵیدا ئامادەیی هەبوو. ئەو لە دەرفەتێک دەگەڕا بۆ بوونیادنانى شارێک کە ببێتە مەڵەبەندى سەرەکى تەختى میرنشینەکەى.
چیرۆکی سەرەکی: ئەم خەونەى میر بەردەوامى هەبوو، تا ڕۆژێک لە گەشتێکى کورتمەودا بۆ یەکێک لە بەرزاییەکانى ناوچەکە، پێدەشتێکى قەشەنگ و جوان سەرنجى کێشکرد .... هەر لەوێدا بڕیاریدا خەونەکەى بەدیبهێنێت. ساڵى 1784 دا جاڕى دروستبوونى شارێکى نوێ درا و بەردى بناغەى پایتەختى نوێى میرنشینەکە دانرا.
ئەو شۆڕەسوارە (ئیبراهیم پاشاى بابان کوڕى ئەحمەد پاشا کوڕى سڵێمان پاشاى بابان) بو، شارەکەش سلێمانى بوو کە دواتر بووە گەورەترین مەڵبەندى رۆشنبیرى و بازرگانى و سەرهەڵدانى بیرى نەتەوەیی.
ئێرە گەڕەکى مەڵکەندى سلێمانییە کە پێش بوونیادنانى شارەکە گوند بووە، بوونى مزگەوتێک کە مێژووى دروستبوونەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1775 واتە 9 ساڵ پێش دروستبوونى سلێمانى بەڵگەى ئەو ڕاستیەیە، ئیبراهیم پاشاى بابان لەنزیک ئەم گوندەوە شارەکەى بونیادنا و مەڵکەندیشى کردە یەکەمین گەڕەکى شار.
مێژووى ژیان لەم سەرزەمینە، تەنها پەیوەست نییە بە مێژووى بونیادنانى سلێمانییەوە، بەڵکو ژیان لێرە مێژووییەکى 50 هەزار ساڵەى هەیە، دۆزینەوەى کۆمەڵێک ئاسەوارى بەنرخ لە ئەشکەوتى هەزارمێرد لە قەدپاڵى چیاى بەرانان بەڵگەى ئەو حەقیقەتەیە کە شوێنی مرۆڤە سەرەتاییەکان بووە.
ژیان لەچەندین وێستگەى مێژووییدا بەردەوامى هەبووە، بەڵگە شوێنەوارییەکان دەرى دەخەن کە ژمارەیەک شار و شارۆچکە و گوندى دێرین بەدرێژایی 6 هەزار ساڵى ڕابردوو لەم شوێنەى ئێستاى سلێمانى بوونیان هەبووە... کونارە بەیەکێک شوێنەوارە ﮪەرە گرنگەکان دادەنرێت کە مێژووییەکەى بۆ 4200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و تائێستا کنەوپشکنین تیایدا بەردەوامە.
پارچە ئاسەوارییەکانى مۆزەخانەى سلێمانى کە بە دووەم مۆزەخانەى عێراق ئەژمار دەکرێت، بەڵگەى بوونى مێژووییەکى دێرینى شارستانییەتن لە سلێمانى، پارچە ئاسەوارەکانى (گردی یاسن تهپه و ئهشكهوتی قس قاپان و ئهشكهوتی ههزار مێرد و شانهدهری و چەندین ناوچەى تر) لەم مۆزەخانەیەدا پارێزراون.
یەکەمین کارى میرەکانی بابان دروستکردنى ناوەندێکى فەرمانرەوایی بو، بۆ ئەو مەبەستە سەرایان بوونیادنا و لێرەوە کاروبارى کارگێڕى و سەربازى میرنشینەکەیان بەڕێوەبرد ... هەرچەندە بەردەرکى سەرا بەتێپەڕبوونى زەمەن گۆڕانکارى بەسەردا هاتووە و بیناى سەراکە تازە کراوەتەوە، بەڵام بە بەردەوامى وەک ناوەندێکى گرنگى رووداوە مێژووییەکانى سلێمانى ماوەتەوە و مەڵبەندى فەرمانڕەوایی عوسمانییەکان و ئینگلیز و حکومەتى کوردستان بووە.
مزگەوت و دامەزراندنى خوێندنگەى ئایینى، کارى لەپێشینەى بابانییەکان بوو، هەربۆیە لەسەرەتاوە مزگەوتى گەورەیان بونیادنا و (شێخ مارفى نۆدێ)ییان کردە یەکەمین مامۆستا و وانەبێژى خوێندنگە ئایینیەکەى کە ڕۆڵێکى ئێجگار گەورەى هەبوو لە بڵاوکردنەوەى خوێندەوارى .. هەر لەپاڵ مزگەوتى گەورەدا، بەگوێرەى دابەشبوونى گەڕەکەکان مزگەوتى خانەقاى مەولانا و چەند مزگەوتیکى تریشیان بونیادنا ... کتێبخانەیەکى دەوڵەمەند لە مزگەوتى گەورەدا بوونى هەبو کە ژمارەیەکى بەرچاو دەستنوسى لەخۆدەگرت، کاتێک ئینگلیز شارەکەى داگیرکرد بەشێکى زۆریان سووتاند و تەنها چەند دەستنوسێکیان ڕزگار کرا و ئێستا لە کتێبخانەى ئەوقافى سلێمانیە.
ئەم گەرماوە کۆى مێژووى سلێمانى لەخۆیدا هەڵگرتووە، هونەرێکى تەلارسازى باڵا لە بونیادنانى تاق و قەوس و گومبەت و پایەکانیدا بەکارهێنراوە ... (میستەر ڕیچ) لە گەشتەکەیدا بۆ سلێمانى لە ساڵى 1820 دەڵێت؛ سلێمانى 5 گەرماوى تێدایە، ئەم بەیانییە 12 ئایارى 1820 چووم بۆ حەمام، زۆر جوان و پاکوخاوێن بو، لە هەموو حەمامەکانى وڵاتانى عوسمانى چاکتر بوو.
گرنگترین پڕۆژەى بابانەکان؛ ڕاکێشانى ئاو بوو لەڕێگەى بونیادنانى کارێزەوە بۆ تەواوى گەڕەک و مزگەوت و شوێنە گشتییەکان، کە بەشێوەى تونێل لە قەدپاڵى گۆیژەوە بەرەو خوارووى شار ڕاکێشران، جێبەجێکردنى پڕۆژەى ئاوەڕۆش یەکێکى تر بوو لە کارە ئەندازیارییە سەرکەوتووەکانیان.
دروستکردنى قەیسەریی و خان بەمەبەستى ئاڵوگۆڕى شتومەک دیارترین سیماى شارستانى شار بو، مێجەرسۆن لە گەشتەکەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی (خانی عەجەم) و (خانی غەفوور ئاغا) و (قەیسەری وەسمان پاشا ) و (قەیسەری نەقیب ) ئەکات.
دیارترین خاڵى گەشاوەى میرانى بابان ڕەخساندنى کەشێکى گونجاو بوو بۆ تەریقەتە ئاینییەکان، هەر لەسەرەتاوە تەکیەى قادرى لەسەر دەستى زاناى گەورە (شێخ مارقى نۆدێ) لە ناوەندى شارەکەدا دامەزرا ... پاشان لەسەردەستى مەولانا خالید تەریقەتى نەقشبەندى هێنرایە سلێمانى و بەتەواوى کوردستاندا بڵاوبۆوە.
(شێخ مارف و مەولانا خالید) هاوچەرخى یەکبوون و ڕۆڵێکى ئێجگار گەورەیان لە ڕێکخستنى کاروبارى ئایینى و کۆمەڵایەتى شاردا هەبوو، کاتێک میستەر ریچ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی مەحمود پاشاى باباندا هاتۆتە سلێمانى؛ باسى ئەم دوو زاتە گەورەیە ئەکات کە ڕۆڵیان هەبووە.
مەڵکەندى، سابونکەران، کانێسکان، گۆیژە، جولەکان، سەرشەقام، دەرگەزێن؛ گەڕەکە پێکهێنەرەکانى شار بوون، بەشێوەیەکى گشتى هونەرى تەلارسازى کۆشک و تەلار و خانووەکان لە وەستا و شارەزاکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە سەرچاوەى گرتبوو، سەرەتا بەشێکى زۆر لە خانووەکان گڵ بوون و پاشان خشت و بەردى مەڵکەندى و بەردى شێرکوژ لە دروستکردنى خانووەکاندا بەکارهات.
ئەمە یەکەمین کڵێسەى مەسیحییەکانە لە گەڕەکى سابونکەران، جگەلەوەى بەهایەکى شوێنەوارى هەیە؛ لەهەمانکاتدا ئاماژەیە بۆ چەسپاندنى گیانى پێکەوەژیان کە هەر لەسەرەتاوە میرەکانى بابان کاریان لەسەر کردووە، تەنانەت گەڕەکێکى شار تایبەت بووە بە جوولەکەکان، میستەر ریچ لە گەشتنامەکەیدا دەگێڕێتەوە کە 130 خانووى جولەکە و 9 خانووى کلدانى و 5 ماڵى ئەرمەنى لە شارەکەدا هەبوون.
بە کۆڵەکەى سەرەکى قوتابخانەى شیعرى بابان دادەنرێت، بەشە دیالێکتى سۆرانى لەسەر دەستى ئەم زاتە و شاعیرانى هاوچەرخى چەسپا و بوووە زمانى خوێندن و نوسین کە تا ئەمڕۆ بەردەوامى هەیە ... نالى مەزن لەگەڵ سالم و کوردى بە سێکوچکەى قوتابخانەى ئەدەبیاتى بابان ئەژمار دەکرێن کە گەورەترین ڕۆڵیان لە گەشەسەندنى ئەدەبیاتى شیعرى کلاسیکى کوریدا هەبووە.
هەر لەسەرەتاى دروستبوونى شارەوە، بابانییەکان چەندین وەستاى دەستڕەنگینیان لەسەرتاسەرى کوردستانەوە هێناوەتە سلێمانى لەنمونەى کورەچى، زێڕنگەر، ئاسنگەر، مسگەر، موتابچى، هەلاج، جۆڵا و پینەچى، تەنانەت گەڕەک هەبووە بە جۆرە پیشەیەکدا ناسراوەتەوە وەک گەڕەکى سابونکەران کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى سەرقاڵى دروستکردنى سابوون بوون.
میرنیشینى بابان بەردەوام لەژێر هەڕەشەى دەوڵەتانى ناوچەکەدا بو، چونکە میرەکان هەستێکى ناسیۆنالیستى باڵایان هەبو، هەمیشە مەیلى سەربەخۆیی لە ناخیاندا ئامادەیی هەبو، تەنانەت (عەبدولرەحمان پاشاى بابان) بە ئاشکرا ئەم هەستەى خۆى دەربڕیوە، هەر ئەمەش وایکرد لە کۆتایی چلەکان و سەرەتاى پەنجاکانى سەدەى نۆزدەیەم سلێمانى ڕووبەڕووى لەشکرکێشى عوسمانییەکان بێتەوە و لە ساڵى 1851 بە تەواوەتى داگیربکرێت، خوێنڕێژى عوسمانییەکان لە وەڵامى سالم بۆ چامەکەى نالى بە ئاشکرا دەردەکەوێت:
لەو سایەوە حاکمى بە ستەم دەربەدەر کرا
نەیدیوە کەس لە چیهرەیی کەس جەوهەرى هونەر
سەیوان پڕە لە شەخصى ستەمدیدە، خواروو ژوور
هەر قەبرى پڕ غەمانە بە هەر لادەکەم نەزەر
جێى تورکەکانى ڕۆمە دەرو ژوورى خانەقا
غافڵ هەموو لە جایی موریدانى باخەبەر
دەسەڵاتى عوسمانییەکان هەتا کۆتایی ساڵانى جەنگى جیهانى یەکەم لە شارى سلێمانیدا بەردەوامى هەبوو، پاشان لەساڵى 1919 ئینگلیزەکان سلێمانیان داگیکرد و (مێجەرسۆن) کرا بە حاکمى ئینگلیز لە شارەکە و (شێخ مەحموودی حەفید) کرایە حاکمى سلێمانى، پاشان مێجەرسۆن بووە ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانی لە باکوری عێراق و وەک چاودێر بەسەر حکومەتەکەی شێخ مەحمودەوە کاری کرد ... ڕاستە مێجەرسۆن حاکمێکى بێگانە بوو، بەڵام ڕۆڵى گەورەى هەبووە لە هێنانى چاپخانە و دەرکردنى رۆژنامە و دامەزراندنى خوێندنگە و پەرەپێدانى زانست و زانیارى.
لە 23ى ئایارى 1919 یەکەمین سەرهەڵدان و شۆڕشى شێخ مەحموود دژى ئینگلیز سەریهەڵدا و خۆى وەک حاکمى هەموو کوردستان ناساند، بەڵام دواتر ئینگلیز هێرشى گەورەیان کردە سەر، ساڵی ١٩٢١ دواى نەبەردییەکى بێوێنە؛ (شێخ مەحموود) دەستگیر کرا و ڕەوانەی ھیندستان کرا.
ئەو سەروەختە هەستى ناسیۆنالیستى کوردى چووە ئاستێکى باڵا، بە ئاشکرا ئەو دۆخە لە شیعرى (زێوەر و حەمدى و شێخ نورى شێخ ساڵح)دا بۆ ڕزگارى نەتەوەیی ڕەنگیداوەتەوە، بۆنمونە زێوەر لە پارچە شیعرێکى نەتەوەییدا لە ڕۆژنامەى بانگى کوردستان لەساڵى 1925 دەڵێ:
قەومی ساحێب مەتانەت و بە سەبات
چونکە بێ قەدرە لای هەوای حەیات
حورمەت و غیرەتی ئەکا ئیسبات
باقییە عەزمی تاکوو ڕۆژی مەمات
عاقیبەت شاخی بەرزی کوردستان
عەلەمی کوردی تیا ئەکا جەولان
ڕۆژنامەگەرى هەر لەسەرەتاوە لایەنى هەرە گەشى سلێمانى بووە، یەکەمین ڕۆژنامەى کوردى لە باشوورى کوردستان بەناوى (تێگەیشتنى ڕاستى) لەساڵى 1918 لە سلێمانى دەرچووە، پاشان لەساڵى 1920 ڕۆژنامى پێشکەوتن دەرچوو، لەسەرووبەندى شۆڕشەکەى شێخ مەحموودا ڕۆژنامەکانی بانگی کوردستان و رۆژی کوردستان و بانگی هەق و ئومێدی ئیستقلال دەرچوو، لە قۆناغەکانى دواتریشدا ژیان و ژین و گەلاوێژ لە بڵاوکراوە دیارەکانى سلێمانى بوون.
پاشان لەژێر فشارى زۆردا ئینگلیز شێخ مەحموودى گەڕاندەوە و لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٢٢کردیانە حاکمى ناوچەکە، بەڵام هێندەى نەبرد ناکۆکییەکان تووندبوونەوە و شێخ مەحموود دیسان ڕاپەڕینى دووەمى دژی ئینگلیز ڕاگەیاند و خۆی بە مەلیکى کوردستان ناساند، پارێزبەندی شانشینەکەی بە لەشکری شانشینی کوردستان داندرا، کە ناویان لێنا سوپای نەتەوەیی کوردی، ئەم دیمەنە ساتەوەختى راگەیاندنى شۆڕشى شێخ مەحمودى حەفیدە دژى ئینگلیز ... بەڵام ئینگلیز هێزێکى زۆرى کۆکردەوە و لە تەمموزی ساڵی ١٩٢٤ کۆتایی بە سەرهەڵدانەکانى شێخ مەحموود هێنا.
خوێندن و خوێندەوارى لایەنى هەرە دیار و گەشاوەى شارە، مەدرەسەکەى (خواجە فەنى) و قوتابخانەى (نمونەى سەعادەت) لەسەردەمى ئینگلیز و قوتابخانەکانى (فەیسەڵیە) و (ئەیوبییە) و (لەتیفییە) نمونەى هەرە دیارن، لەهەمانکاتدا هەر لەم شارەوە کارى گەورە لەسەر چەسپاندنى ئەلف و بێى کوردى کرا.
ئەمە دەسپێکى ڕاپەڕینى 6ى ئەیلولى 1930 لە بەردەرکى سەرا کە بە یەکەمین ڕاپەڕینى جەماوەرى و مەدەنى لە باشوورى کوردستان دادەنرێت، ڕاپەڕینەکە بەبەشدارى هەموو چین و توێژەکان ئەنجامدرا و ئامانجەکەشى بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کورد بو، فایەق بێکەسى شاعیر بە شیعرە نەتەوەییەکانى ڕۆڵێکى ئێجگار گەورەى لە هاندانى خەڵک هەبو، بەڵام دواتر حکومەت بە زەبرى هێز ڕاپەڕینەکەى سەرکوتکرد و چەندین کەسى شەهید کرد و خەڵکێکى زۆریشى دەستگیکرد، بێکەس لە زینداندا شیعرێکى باڵا دەربارەى ڕووداوەکە دەنوسێت و دەڵێ:
ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم شێوەتم بیرکەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت، پێ بە تەوق و کۆتەوە
من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم، وا تێنەگەی
حەپس و تێھەڵدان و زیللەت تۆی لە بیر بردۆتەوە
بەو خوایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە
ئاگرێکی وا ھەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەت گڕو کڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە
حەپسەخانى نەقیب نمونەى هەرە باڵاى ئافرەتى کوردە کە وەک چالاکێکى سیاسى و پارێزەى مافى ژنان رۆڵى ئیجگار گەورەى هەبووە، ئەم ژنە جوامێرە یەکەمین قوتابخانەی ئافرەتانی لە کوردستان لە خانووەکەی خۆیدا کردەوە، یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد دامەزراند، لە خۆپیشاندانەکاندا ژنانى هانئەدا بچنە سەرشەقام ... تەنانەت ساڵی ١٩٣٠ نامەیەکی سیاسیی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە جنێڤ نووسی و ڕاشکاوانە داوای مافی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان، تەنانەت لە دروستبوونى کۆمارى کوردستاندا هاریکارى دارايي كؤمارى كرد و قازى محەمەدى نەمریش سوپاسنامەى تایبەت بۆ نارد.
پیرێکى حەکیم و فەیلەسوفێکى خۆماڵى بوو، ئەو جیاواز لە بەخششە زۆرەکانى لەبوارى ئەدەب و ڕۆژنامەگەرى؛ لەهەمانکاتدا ڕۆڵێکى ئێجگار گەورەى هەبوو لە زیندووکردنەوەى یاد و بۆنە نەتەوەییەکان بەتایبەت نەورۆز .... پیرەمێرد ئەو شاعیرە گەورەیەى سەرلەنوێ بە بیر و ئەندێشەى قوڵى خۆى شوناسێکى نەتەوەیی بە بەر نەورۆزدا کردەوە، ساڵانە لێرە و لەنزیک کارێزەکەى وەستا شەریف خەڵکى شارى کۆدەکردە و بەبۆنەى سەرى ساڵى کوردییەوە ئاهەنگیان دەگێڕا:
سلێمانى لە کارى ڕێکخراوەیی و دامەزراندنى حیزبى سیاسیدا پێشەنگ بووە، کۆمەڵەى برایەتى و حیزبى هیوا نمونەى هەرە دیارى ساڵانى سییەکانى سەدەى ڕابردوون کە لە سلێمانیدا دامەزراون، لە ساڵانى دواتریشدا سلێمانى سەکۆى ڕاگەیاندنى زۆرێک لە حیزبە سیاسییەکان بووە لەم سەرى چەپەوە بۆ ئەو سەرى ڕاست.
سلێمانى هەمیشە پەناگەى سەرکردە و پاڵەوانە نەتەوایەتییەکانى کوردستان بووە، لە هاتنى سمکۆى شوکاک لە ساڵى 1923 ئەم حەقیقەتە بە جوانى بەرجەستە دەبێت، پاشان لە کۆتایی سییەکانى سەدەى ڕابردوو لە هاتنى بارزانییەکاندا خەڵکى شار جوامێرییەکى بێوێنەیان نواند، باوەشى گەرمیان بۆ بارزانى نەمر کردەوە و هەر ئەوانیش لە حوزەیرانى 1943 ڕێوشوێنى قوتاربوونیان لە چنگ حکومەتى عێراق بۆ داڕشت بەمەبەستى هەڵگیرسانەوەى شۆڕشى بارزان ... کاتێکیش بارزانى نەمر لەدواى شۆڕشى چواردەى تەموزى 1958 لە ژیانى مەنفا گەڕایەوە؛ جارێکى تر خەڵکى سلێمانى بەوپەڕى شکۆدارییەوە پێشوازییان لەو پاڵەوانە نەتەوەییەى خۆیان کرد ... تەنانەت لە هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلولدا بوونە داینەمۆى شۆڕشەکە و تا دواچرکەى لەپشت رابەرە نەتەوەییەکەی خۆیانەوە وەستان.
سلێمانى لە زۆر بواردا شکۆ و شانازى بۆخۆى تۆمارکردووە، یەکەمین کتێبخانەى گشتى و یەکەمین یانەى وەرزشى و یەکەمین گروپى شانۆ و میوزیک، یەکەمین زانکۆ و یەکەمین قوتابخانەى ئافرەتان لەم شارەدا دروستبووە، تەنانەت یەکەمین گروپى میوزیکى مناڵان و یەکەمین گروپى میوزیکى کچان هەر لەم شارەدا بووە.
بوونى سروشتێکى ئێجگار دڵڕفێن تایبەتمەندى شارەکەیە، 853 مەتر لە ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە و کەوتۆتە نێوان چیاکانى گۆیژە و بەرانان، چەندین هاوینەهەوارى دڵڕفێن لە دەورییەتى کە دیارترینیان سەیرانگاى سەرچنارە کە وابەستەى بیرەوەرى بەشێکى زۆر لە دانیشتووانەکەیەتى.
چەندین مەعالیمى دیار لە شارەکەدا هەیە کە سەرجەمیان وابەستەى بیرەوەرى دانیشتووانى شارە لەنمونەى باخى گشتى کە ئارامگەیە بۆ خەڵکەکەى ... یەکێک لە مەعالیمە دیارەکانى تر شار، چایخانەى شەعبە کە هەر لەدێر زەمانەوە مەڵبەندێکى ڕۆشنبیرى بووە و سەرجەم شاعیر و نوسەر و هونەرمەندانى شارەکە بیروڕایان تێدا گۆڕیوەتەوە.
بوونى مەزارگەى کاک ئەحمەدى شێخ و شێخ مەحمودى حەفید لەناو مزگەوتى گەورە، پێگەیەکى گەشتیارى ئایینى پێبەخشیوە و وایکردووە خەڵکێکى زۆر لەسەرتاسەرى ناوچەکەوە ڕووى تێبکەن.
سلێمانى مەڵبەندێکى گەورەى ڕۆشنبیرییە، زۆربەى ڕێچکە و ڕێبازە ئەدەبییەکان لێرە سەریانهەڵداوە، لە شیعرى کلاسیکەوە بۆ ڕۆمانتیک و پاشان بۆ شیعرى نوێ هەر لەم شارەوە سەرچاوەیان گرتوو، بە دەیان و سەدان شاعیر و نوسەرى دیارى کورد لەم شارەوە داهێنانى گەورەیان کردووە.
خۆشخۆرى و خۆشمەشرەبى خەڵکى شار وایکردووە چەندین خواردنى تایبەت ببێتە شوناسى شارەکە و بە خواردنى خۆش بناسرێتەوە، لەنمونەى کەبابى سلێمانى کە ناووناوبانگێى زۆرى هەیە لەسەرتاسەرى کوردستان و عێراق، ئەوە جگەلە کفتەى سابونکەران و گەزۆرى سلێمانى و چەندین خۆراکى تر.
سلێمانى هەروەک چۆن لە ڕابردوودا مەڵبەندى کوردایەتى و سەکۆى بەشێکى زۆر لە ڕاچەنین و جوڵانەوە سیاسى و چەکدارییەکان بوە، لەدواى هەرەسى شۆڕشى ئەیلولەوە جارێکى تر بوەوە سەکۆى هەڵگیرسانەوەى شۆڕشى چەکدارى و بە هەزاران قوربانى لە تەواوى هێزە سیاسییەکان بەخشى بۆ ڕزگارى کوردستان ... ئەمنەسوورەکە بەڵگەى زیندووى ئەو حەقیقەتەیە کە سلێمانى هەمیشە لەپێشەوەى سەنگەرى بەرگریکردن بووە لە ئازادى و ڕزگارى کوردستان، خەڵکى شار بەهەموو چین و توێژەکانییەوە ڕۆڵى ئێجگار گەورەى بینى لە ڕاپەڕینى بەهارى 1991 و ئازادکردنى یەکجارەکى کوردستان.
لەدواى دروستبوونى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 1992، سلێمانى لەتەواوى ئاستەکاندا بەردەوامى بە بەخششەکانى خۆى دا و هەمیشە سەرمەشقى داهێنانە ئەدەبى و ڕۆشنبیرى و کلتورییەکان بووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایە ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان بە فەرمى کردییە پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی كوردستان، پاشان لە ڕۆژی ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، یونێسکۆش کردییە شاری داھێنەری ئەدەبى لەنێو تۆڕی شارە داھێنەرەکانى جیهان.






