پارتی و یەکێتی بە جیا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار کۆ دەبنەوە

شەیری بکە لە:
پارتی و یەکێتی بە جیا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار کۆ دەبنەوە

ئاڵای پارتی و یەکێتی

ئاڤا نیوز


ئەمڕۆ شەممە هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەجیا کۆدەبنەوە و گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکانیش، یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆککۆماری عێراق دەبێت. 

 

وێنە گەورەکە: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ ئەم پۆستە باڵایە لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کردووەتەوە و بڕیارە تا پێنجی ئەم مانگە بەردەوام بێت، لەنێو ماڵی کوردیدا، تا ئێستا چەند ناوێکی دیار خۆیان کاندید کردووە و هەر هەمووشیان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن کە ئەم پۆستە بە ماف و پشکی مێژوویی خۆی دەزانێت و لە 2003 ـەوە دەستبەرداری نەبووە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی پارتی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کۆ دەبێتەوە و چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن، یەکێک لەو پرسانە پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت.


زانیاریی بەدەستهاتوو: سەرچاوەیەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بە ئاڤای ڕاگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا هەریەك لە تەوەرەكانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و کاندیدی کورد بۆ پۆستەکە، هاوکات پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراقیش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەچوو؛ تاووتوێ دەكرێن.


- یەکێکی دیکە لە تەوەرەکان پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و حکومەتی نوێی عێراق دەبێت کە پرسی گەرمی ئەم مانگە دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی عێراق و ناوچەکە بە گشتی لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی تاوتوێ دەکرێت.


لەلایەکی دیکەوە: مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆ دەبێتەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکە دەکات و بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکە باسکردنە لە پۆستی سەرککۆماری عێراق و پێکهێنانی حکومەت.

 

باکگرانود: پێشتر سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە، سێ پێشنیازی بۆ هەڵبژاردنی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق خستبووەڕوو. جەختی کردبووەوە، کە نابێت هیچ لایەنێک پۆستی سەرۆک کۆمار بە موڵکی تایبەتیی خۆی بزانێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ