لە ئێران خۆپیشاندەران داوای نان دەکەن و بەرپرسان باسی سەرکوتکردن دەکەن

شەیری بکە لە:
لە ئێران خۆپیشاندەران داوای نان دەکەن و بەرپرسان باسی سەرکوتکردن دەکەن

دیمەنی ڕووبەڕووبوونەوەکانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران

ئاڤا نیوز

 

شەوی ڕابردوو لە خوڕماوا خۆپیشاندەران تاوەکو بەیانی شەقامیان چۆڵ نەکرد، لە شەشەمین شەوی ناڕەزایەتییەکاندا، وەک تاران و چەند شارێکی دیکەی ئێران، شەقام تاوەکو بەیانی لە دەستی خۆپیشاندەرانەوە بوو، ئەگەرچی هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دەدا بە زەبری هێز بڵاوەیان پێبکەن.

 

وێنە گەورەکە: بەهۆی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی و گرانی و بێکاری زۆر، ماوەی شەش ڕۆژە خۆپیشاندان لە شاری تاران و دواتریش لە 20 پارێزگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە.

 

زانیاری تایبەت: هاوشێوەی شارەکانی دیکەی ئێران، لە هەریەکێک لە شارەکانی خوڕماوا و سەراوڵەی پارێزگای ئیلام خۆپیشاندان بەردەوام بوو، دواتر شەڕە تەقەی لێکەوتەوە و خۆپیشاندەران بانکێکیان سوتاند.

 

لێدوانی فەرمی: لەم ناڕەزایەتییانەدا تا ئێستا دەیان کەس دەستگیر کراون و بەگوتەی مای ساتۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەشت خۆپیشاندەر کوژراون و داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکات ڕێز لە خۆپیشاندانی ئاشتییانە و مافی ڕادەربڕینی خەڵک بگرن.

 

لێدوانی شایەتحاڵ: حامید ئازادبەخت، یەکێک لە بەشدارەکانی خۆپیشاندانەکان بە ئاڤای راگەیاند: "ئەمشەو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی چوومە دەرەوە. ئەمەش سەر و چاوم. لێرەوە سێ دانە ساچمەم بەرکەوت. سەر و چاو و گیانم هەموو پێکراوە."

 

لێدوانی فەرمی: سەیدعەلی خامنەیی، ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پاش یەک هەفتە لە ناڕەزایەتییەکان یەکەم هەڵوێستی ئاشکرای خۆی ڕاگەیاند و هەڕەشەی لە بەشێک لە خۆپێشاندەران کرد و وتی: "ناڕەزایەتی ڕەوایە، بەڵام ناڕەزایەتی ئاژاوەگێڕی نییە. ئێمە قسە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا دەکەین، بەرپرسان دەبێت قسەیان لەگەڵ بکەن، بەڵام قسەکردن لەگەڵ ئاژاوەگێڕان واتایەکی نییە. ئاژاوەگێڕ دەبێت سەرکوت بکرێت."

 

لەلایەکی دیکەوە: مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، باسی لە دانوستاندن لەگەڵ خۆپیشاندەرەکان دەکرد، بەڵام ئێستا ناڕەزایەتییەکان دەخاتە ئەستۆی وڵاتانی دیکە و دەڵێت: "لە کاتی قەیران، واتە شەڕی ئابووریدا، وڵاتە گەورەکان دەیانەوێت پشێوی بخەنە نێو وڵاتەکەمان، دەستوەردانی ئەوان کێشە دروست دەکات، ئێمە دەبێت کێشەکان خۆمان چارەسەریان بکەین."

 

باکگراوند: لە ماوەی شەش ڕۆژدا ناڕەزایەتی جەماوەری لە تارانەوە بۆ پارێزگاکانی وەک فارس، ئیسفەهان، چوارمەحاڵ و بەختیاری، هەمەدان، مازەندەران، لوڕستان، کرماشان، خوزستان، ئەلبورز، یەزد، زەنجان و قشم... تەشەنەی کرد، لەهەمان کاتدا زانکۆکانیش پەیوەست بوون بەو ناڕەزایەتییانە، جووڵەی قوتابیان لە زانکۆکانی وەک تاران، شەریف، ئەمیرکەبیر، زانست و پیشەسازی، عەلامە تەباتەبایی، بەهەشتی، ئیسفەهان پیشەسازی، یەزد، و زەنجان دەستیان پێکردووە و هێزە ئەمنییەکان بە توندیی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و زیانی گیانی و ماددی زۆر لێکەوتووەتەوەو چەندین ئامێر ئۆتۆمبێل و فەرمانگەی هێزە ئەمنییەکان سوتێنراون، هەروەها بریندار و کوژراو لە ریزەکانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا هەیە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ