ئاڤا ئاشکرای دەکات: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی کوردستان لەبەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

 

بەها ئەعرەجی تایبەت بۆ ئاڤا میدیا ئاشكرای دەكات، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سەردانی سلێمانی كردووە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، لەپێناو ئەوەی هەردوولا لەسەر كاندیدێكی هاوبەش ڕێكبكەون.

 

چیرۆكی سەرەكی: لەگەڵ تێپەڕینی كات، هەوڵەكان بۆ بەلاداخستنی ناكۆكییەكان لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر دەبن لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە، بەو پێیەی دەبێت لە سێ هەفتەی داهاتوودا پۆستی سەرۆككۆماری عێراق یەكلایی بكرێتەوە و یەكێتی ئەو پۆستە بە شایستەی خۆی دەزانێت، بەڵام پارتی و لایەنەكانی دیكەش كاندیدی جیاوازیان بۆ هەمان پۆست پێشكەشی پەرلەمانی عێراق كردووە.

 

لێدوانی فەرمی: بەها ئەعرەجی، پەرلەمانتار لە هاوپەیمانیی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان بە ئاڤای وت، لەپێناو گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی كردووە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەسەر ئەو بابەتە.

 

ڕوونیشی كردەوە، گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی لەسەر دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو سێ خاڵەی كە سەرۆك بارزانی دیاریكردبوو، بەردەوامن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: سەرۆك بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق كە پشكی كوردە پێشتر ڕایگەیاندبوو، پۆستی سەرۆككۆمار لەسەر هیچ لایەنێكی دیاریكراو تاپۆ نەكراوە، ئەو كەسەی ئەو پۆستە وەردەگرێت دەبێت كۆدەنگیی هەموو كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی كورد بكات نەوەك لایەنێكی دیاریكراو.

 

پێدراوە ڕاستەكان: بەپێی زانیارییەكانی ئاڤا، هۆشیار زێباری، بە نهێنی سەردانی بافڵ تاڵەبانی كردووە و پەیامی پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێی كوردستان گەیاندووە بە سەرۆكی یەكتێی نیشتمانیی كوردستان و وتویەتی: ئەگەر دەتانەوێت پارتی پشتیوانیتان بكات بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دەبێت بەزووترین كات بێنە پێشەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان.

 

لەلایەكی دیكەوە: ئاڤا لەبارەی ئەگەری ڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار قسەی لەگەڵ بەنگین ڕێكانی، ئەندامی شاندی پارتی لە بەغدا كرد و وتی، "گفتوگۆكانمان لەگەڵ یەكێتی بەردەوامە، دانووستانەكانی پارتی و یەكێتی دەكەوێتە دوای پێشكەشكردنی كاندیدەكان و لە هەوڵداین كۆدەنگیەك بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دروست بكەین و هەردوولا پێی ڕازی بن.

 

ئەمەش بزانە: هەوڵەكان بۆ كۆدەنگی پارتی و یەكێتی لەسەر كەسێكی دیاریكراو بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دوای سەردانەكەی فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی دێت، كە داوایكرد یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆككۆمار لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا لانەدات و لایەنەكان لەسەر كاندیدێكی هاوبەش كۆدەنگ بن.

 

هەنگاوی داهاتوو: بەپێی زانیارییەكانی ئاڤا، بڕیارە ئەم هەفتەیە پارتی  و یەكێتی كۆببنەوە، تا ئێستا وا ڕێككەوتوون ئەم پێنجشەممەیە 8-1-2026 بۆ ئامادەكردنی نەخشەڕێگایەك پێكبێن.

 

پێشنیازی پارتی بەمشێوەیە: پارتی و یەكێتی كاتی كۆبوونەوەیان پێش ڕۆژی هەینی داناوە، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو دەست بەم هەنگاوانە بكەن: پێش هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار كە دوایین وادە 28ی ئەم مانگەیە، دەبێت پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرێت، ئینجا سەرۆكی هەرێم مەسرور بارزانی ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.

 

گۆشەیەكی دیكە: مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتیش قسەی بۆ ئاڤا كرد و پشتڕاستی كردەوە لەم یەك دوو ڕۆژە گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت دەستپێدەكەنەوە و وادەی پێكهێنانی حكومەت دیاریدەكرێت، هەروەها دەشێت لە ئاكامی گفتوگۆكان كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت.

 

 

لەلایەكی دیكەوە: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئاڤای وت: لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار لەگەڵ پارتی گفتوگۆمان كردووە و لە پەیوەندی بەردەوامین، ڕۆژانی داهاتووش كۆدەبینەوە و كۆبوونەوەكەش ئەنجامی باشی دەبێت.

 

 

باكگراوند: ساڵێك و چەند مانگێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا پەرلەمان كارا نییە و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكنەهێنراوە، جگە لەوەی چەندین پرسی دیكە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا بە هەڵواسراویی ماونەتەوە، پێشبینی دەكرێت گرێ كوێرەی پەیوەندییەكان بكرێتەوە و كوردیش بە یەكڕیزیی لەسەر ئاستی عێراق خۆی ئامادە بكات بۆ پرسە نیشتمانییەكانی وەكو مووچە و بودجە و پشك و مافی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ