کورد بەبێ دانوستانی ناوخۆیی مشووری پۆستی سەرۆککۆمار دەخوات

شەیری بکە لە:
کورد بەبێ دانوستانی ناوخۆیی مشووری پۆستی سەرۆککۆمار دەخوات

کۆشکی سەلام کە تایبەت سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

ئاڤا نیوز

 

لەنێو پێکهاتەکانی عێراقدا، تەنها لایەنی کوردی بەبێ مێزە خڕەکەی گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکان کار بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکات، لەکاتێکدا پێکهاتەی سوننە و شیعەکان سەرەڕای جیاوازیی قوڵ و ناکۆکییەکانیان هەر لە دەوری یەکتری خڕدەبنەوە بۆ دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و بەدەستهێنانی بەرکەوتەی هەڵبژاردن.

 

چیرۆکی سەرەکی: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕۆژانی 31-12-2025 تا 4 و 5-01-2026ی دیاریکرد بۆئەوەی ناوی خوازیارانی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار پێشکەش بکرێت، بەپێی بەدواداچوونەکانی ئاڤا، تاوەکو کاتژمێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کە دەوامی پەرلەمان تەواو بووە، زیاتر لە 44 کەس فۆرمی کاندیدبوونەکانیان وەرگرتووە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، کە بەشێکی زۆریان کورد نەبوون و لە پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە بوون.

 

رێکارە یاساییەکان: پاڵپشت بە ماددەكانی 2 و 3 لە یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2012 لە یاسای حوكمەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، دەبێت کاندیدەکان ئەم مەرجانەیان تێدابێت، سیڤی و نووسراو لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییە ئەسڵییەكان پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بكەن و ڕادەستی فەرمانگەی كاروباری یاسایی پەرلەمان/ بەشی كۆنگرەكان بكرێت، لەماوەی دەوامی فەرمیدا لە 9ـی بەیانییەوە تاوەكو 3ـی پاشنیوەڕۆ (لە ڕۆژانی چوارشەممە، یەكشەممە و دووشەممە) كە دەكاتە ڕۆژانی 31-12-2025 تا 4 و 5-01-2026.

 

مەرجەكانی خۆكاندیدكردن:

پشتبەست بە ماددەی 1ـی لە یاساكە، كاندیدی پۆستی سەرۆككۆمار دەبێت ئەم مەرجانەی تێدا بێت:

 

٠ لە عێراق لەدایكبووبێت و لە دایك و باوكێكی عێراقی بێت.

 

٠ لەڕووی عەقڵییەوە سەلامەت بێت و 40 ساڵی تەمەنی تەواو كردبێت.

 

٠ ناوبانگی باش و ئەزموونی سیاسی هەبێت، دەستپاك و سەرڕاست و دادپەروەر و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان.

 

٠ نابێت ئاستی خوێندنی لە بڕوانامەی بەرایی زانكۆ "بەكالۆریۆس" كەمتربێت و دەبێت بڕوانامەكەی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە پەسەندكرابێت.

 

٠ حوکم نەدرابێت بە تاوانێك كە کەسایەتییەکەی لەكەداری کردبێت.

 

٠ یەكێك نەبێت لەوانەی كە ڕێوشوێنەكانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەیی دەیانگرێتەوە، یان هەر ڕێوشوێنێكی تر كە جێگەی بگرێتەوە.

 

ناوی کاندیدەکان: هەر لە یەکەم ڕۆژی ناو تۆمارکردنەکەدا 23 کەس فۆرمی داخوازییان وەرگرت و پڕیانکردەوە، کە دیارترینیان ئەمانەن: نزار ئامێدی، وەک کاندیدی یەکێتی، لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری ئێستای عێراق و ئاسۆ فەرەیدوون، پارێزگاری پێشووی سلێمانیی و موسەنا ئەمین، وەک کاندیدی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و چەند لایەنێکی دیکەی کوردستانی.

 

هەنگاوی داهاتوو: لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران کە بەپێی دەستوور دەبێت لە 25 ڕۆژی داهاتوودا سازبکرێت، دەبێت بە دەنگی دوو لەسەر سێی 329 ئەندام کە دەکاتە 220 پەرلەمانتار سەرۆکی نوێ هەڵببژێردرێت، ئەوەش مەرجێکی قورسە و زۆرینەی جارەکان کۆکردنەوەی ئەو ژمارە پێویستەی دەنگدەر لەناو هۆڵی پەرلەمان هۆکاربووە بۆ دواخستنی کۆبوونەوەکان و دروستبوونی دۆخێکی دەروونی سەخت بۆ لایەن و کاندیدە ڕکابەرەکان.

 

زانیاریی زیاتر: ئاڤا زانیویەتی هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاستی جیاجیادا لەم دوو ڕۆژەدا کۆببنەوە و هەماهەنگیی بکەن بۆ ڕێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆککۆمار.

 

ڕاگەیێندراوی فەرمی: ڕۆژی 29-12-2025 سەرۆک مەسعود بارزانی، بەشێوەیەکی ڕوون هەڵوێستی خۆی ئاشکراکرد لەبارەی ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆماری نوێ، لەهەمان کاتدا جەخی لەوەکردەوە کە پۆستەکە دەبێت هەر بۆ پێکهاتەی کورد بێت لە عێراقدا و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بکات و کۆدەنگیی کوردی لەسەر بێت و سێ ڕێکاری دەستنیشانکرد بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدەکەی لایەنە کوردستانییەکان:

 

یەکەم: لە پارلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت.

دووەم: تێكڕای لایەنە كوردستانیەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون.

سێیەم: نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن.

 

لێدوانی فەرمی: غەیاس سورچی، کادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشبینی ئەوە دەکات کە گفتوگۆ سیاسییەکان لەنێوان لایەنە کوردستانییەکان لەم دوو ڕۆژەدا لە سلێمانی و هەولێر چڕ ببنەوە بۆ بەلاداخستنی ناوی کاندیدی هاوبەشی لایەنی کوردستانی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، ئەوەش پەیامێکی گرنگ دەبێت بۆ دەرخستنی یەکڕیزیی لایەنەکان و جەخت لەوە دەکەینەوە دەبێت ئەو پۆستە باڵایە بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بێت.

 

پەرەسەندنەکان: پاش ئەوەی ئەمڕۆ موسەننا ئەمین، لەلایەن یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە کاندیدکرا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، بە ئاڤای ڕاگەیاند، سبەی دووشەممە بە فەرمی داواکاریی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پێشکەش دەکات و جەختی کردەوە کە ئەم پۆستە "شایستەی نەتەوەیی کوردە نەک حیزبێکی دیاریکراو".

 

تایبەتمەندییەکانی پۆستەکە: پۆستی سەرۆککۆمار، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق پۆستێکی تەشریفاتییە، بە دووەم دەستهاتی دەستووریی دادەنرێت، سەرۆککۆمار دەبێتە پارێزەری دەستوور لە وڵاتدا، بەڵام بڕیارە سەرکییەکان بە دەستی سەرۆکوەزیران دەبێت.

 

هەنگاوی داهاتوو: لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەرۆککۆماری عێراق هەڵدەبژێردرێت، یەکەم کاری سەرۆککۆمار ڕاسپاردنی سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانە بۆئەوەی لەماوەی 30 ڕۆژدا ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێشکەش بکات و لە پەرلەمان متمانەیان پێ ببەخشرێت و دواتر ڕۆڵە دەستوورییەکان پەرلەمان دەستپێدەکەن بۆ دەرکردنی یاسای نوێ و چاودێرییکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ