چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید بەدیار 70 سکاڵای یاساییەوە

شەیری بکە لە:
چارەنووسی شاسوار عەبدولواحید بەدیار 70 سکاڵای یاساییەوە

گرافیک: ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

 

سەرەڕای تەواوبوونی ماوەی سزا پێنج مانگییەکەی، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ئازاد نەکرا، بەهۆی جوڵاندنی دوو سکاڵا کە پێشتر لەسەری تۆمارکرابوون، ماوەی ڕاگرتنەکەی تاوەکو 12-1-2026 درێژکرایەوە.

 

چیرۆکی سەرەکی: دۆسیەی یاسایی شاسوار عەبدولواحید ئاڵۆزیی زیاتری تێکەوتووە، لە کاتێکدا میدیای فەرمیی جووڵانەوەکە چاوەڕوانی ئازادکردنیان دەکرد، دەرکەوتنی زنجیرەیەک سکاڵای جیاواز لە چەند دادگایەک (سلێمانی و کۆیە)، وای کردووە سەرۆکی نەوەی نوێ وەک "دەستگیرکراو" لە زینداندا بمێنێتەوە.

 

پێدراوە یاساییەکان: ڕۆی 12-8-2025 لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید لە ماڵەکەی خۆی لە شاری سلێمانی دەستگیرکرا و ڕۆژی 2-9-2025 دادگای سلێمانی سزای زیندانییکردنی پێنج مانگی بەسەردا سەپاند، ئەو سزایە لە ڕۆژی 29-12-2025 تەواو بوو، بەڵام ئازاد نەکرا، بەهۆی ئەوەی سکاڵای دیکەی لەسەر تۆمارکرابوو.

 

لێدوانی فەرمی: حاکم سەڵاح، وتەبێژی دادگای سلێمانی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: "داواکارییەکان لەسەر شاسوار عەبدولواحید بڵاون؛ لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی (کەرتەکانی 3 و 8) و چەند دادگایەکی دیکەش سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە."

 

کێشەیەکی دیکەی دۆسیەکە: ئاڤا لە سەرچاوەیەکی باڵای نەوەی نوێوە زانیویەتی، پێشتر نزیکەی 70 سکاڵای یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمارکراون کە خۆیان لە 11 دۆسیەدا دەبیننەوە و پەڕاویان بۆکراوەتەوە و وتە لە سکاڵاکارەکان وەرگیراوە و دەبێت دادوەر بڕیار لەبارەیانەوە بدات و یەکلاییان بکاتەوە.

 

لێدوانی پارێزەر: بورهان ڕەشید، پارێزەری شاسوار عەبدولواحید: لەبارەی بڕیارەکەی دادگای سلێمانییەوە تەنیا وتی "هیچ زانیارییەکم نییە."

 

زانیاریی زیاتر: میدیای فەرمی نەوەی نوێ باس لەوەدەکات: هەفتەیەکە ماوەی زیندانییەکەی تەواو بووە، بەڵام ئازاد نەکراوە، هەروەها سزادانی سەرۆکەکەیان بە "سیاسیی" وەسف دەکات، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەبارەی سکاڵا یاساییەکان بخەنەڕوو.

 

بەدواداچوونی تایبەت: بەپێی بەدواداچوونی تایبەتی ئاڤا میدیا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 31-12-2025 شاسوار عەبدولواحید لە فەرمانگەی چاکسازیی گەورانی سلێمانیی کە سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە، نێردراوە بۆ فەرمانگەی گرتن و گواستنەوە کە ناسراوە بە تەسفیراتی سلێمانی و ئێستا لەوێ "ڕاگیراوە".

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: شاسوار عەبدولواحدی دوو سکاڵای دیکە لەسەر جوڵێنراوە، کە یەکێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنە و لەلایەن سەرۆکی شارەوانی کۆیە لەسەری تۆمارکراوە و ئەوەی دیکەش بەهۆی سکاڵای "خاوەن پشکەکان"ی شاری یاری چاڤی لاندە، جارێکی دیکە بوونەتەوە بە بنەمای یاسایی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگرتنی لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ