پانۆرامای ڕووداوە گرنگەكانی كوردستان لەساڵی 2025ـدا

شەیری بکە لە:
پانۆرامای ڕووداوە گرنگەكانی كوردستان لەساڵی 2025ـدا

ئاڵای کوردستان. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ساڵی 2025 بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا ساڵێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ساڵی بڕیارە قورسەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاری و ئاستەنگییەکان بوو، لە کاتێکدا هەولێر وەک ناوەندێکی دیپلۆماسیی جیهانی دەدرەوشایەوە، لەولاشەوە هەڕەشە ئەمنییەکان و كێشەی مووچە، کێشەیان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکرد.

چیرۆكی سەرەكی: لە ساڵی 2025ـدا، هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان چەندین ڕووداوی لەیادنەكراوی خۆش و ناخۆشیان بەخۆیەوە بینی، بەشێكیان لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكەش كاردانەوەی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا.

زنجیرەی گرنگترین ڕووداوەكان:

11-01-2025
بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و بە بەشداری وەزیرە كوردەكانی بەغدا و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق، كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، مەبەست لێی دانانی سنوورێک بوو بۆ مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی دەسەڵاتدارانی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەوە كورد هەڵوێستی تووند دەگرێتەبەر تا ئاستی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق.

16-01-2025
لە هەولێر سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆبوونەوە و ژمارەیەك پرسی هاوبەشیان تاوتوێ كرد.

20-01-2025
شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، لە كۆڕبەندی داڤۆس بەشداریی كرد، بۆ یەكەمجاریش لە كۆڕبەندەكە ماڵی كوردستان كرایەوە.

02-02-2025
بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

10-02-2025
لە ئیمارات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان كرد و لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی لووتکەکە، لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان دیدار و كۆبوونەوەی ئەنجامدا و چەندین یاداشت و ڕێککەوتنی گرنگی ئابووری واژۆ کران.

14-02-2025
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کرد و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجامدا.

17-02-2025
لە گوندی شەناغەی کەرکووک، سوپای عێراق ڕێگری لە کێڵانی زەوی جووتیارانی کورد كرد و ئەفسەرێكی سوپای عێراق، پەلاماری محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی دا، ئەوكاتەی بە تراكتۆرەكەی سەرقاڵی كێلانی زەوییەكەی بوو، ملپێچەكەی ڕاكێشا، ئەو دیمەنە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

هەر لەمانگی شوباتی ئەمساڵ، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، كەوتە بواری جێبەجێكردن و پرۆسەكەش لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەردەوامە.

27-02-2025
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، داوای لە حیزبەكەی كرد چەک دابنێن و كۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە ببەستن، لە سەرەتای مانگی ئادار، پەكەكە پابەندبوونی خۆی بە داواكارییەكەی ئۆجەلان ڕاگەیاند.

10-03-2025
ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕێککەوتنێکی مێژووییان واژۆکرد، بەگوێرەی ڕێککەوتنەکەش هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا و دەوڵەتی سووریاش مافەکانی کورد گەرەنتی دەکات.

16-03-2025
کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و گفتوگۆكردن لەسەر چەند پرسێك كە دوای كۆبوونەوەكەی 15-1-2025، دووەم كۆبوونەوەی نێوانیان بوو.

05-04-2025
ئاڤێستا یوسف، تەمەن 27 ساڵ، لە گەشتێکی خێزانی بەرەو دەڤەری مێرگەسۆر لە ئاوی ڕووباری تەنگاتوور خنكا، سەرەڕای گەڕانێكی زۆری دەیان تیم، تەرمەكەی دوای زیاتر لە هەشت مانگ دۆزرایەوە.

07-04-2025
شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی بەشداریكرد، هاوكات سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات كۆبووەوە.

11-04-2025
لە پەراوێزی چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەركردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان كۆبووەوە لە گرنگترینیان؛ ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا.

11-04-2025
دوای پەیامەکەی ئۆجەلان، بە چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی، شاندەكە بۆیەكەمجار لەگەڵ ئەردۆغان كۆبوونەوە.

12-04-2025
سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

14-04-2025
پەرلەمانی عێراق دوای 10 ساڵ لە دواخستنی بە هۆكاری جۆراوجۆر، دەنگی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دا.

15-04-2025
یانەی دهۆك بۆ یەكەمجار لە مێژوودا، بووە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەكانی كەنداو، دوای بردنەوەی یاری كۆتایی لە قادسیەی كوەیتی.

ڕۆژانی 23، 24 و 25-4-2025
لە هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ڕۆژی نزای نیشتمانی بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەسایەتی و سەرکردە باڵاکانی عێراق و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتی دونیا و نوێنەرانی حکومەتەکانی جیهان بەشداربوون.

23-04-2025
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، پێشوازی لە ژان نوێل بارۆت، وەزیری دەرەوەى فەرەنسا کرد.

25-04-2025
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەشداری مەراسیمی كۆچی دوایی پاپای ڤاتیكانی كرد

28-04-2025
كۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و یەكێتی بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لە هاوینەهەواری دوكان بەڕێوەچوو،  بۆ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

28-04-2025
گرووپێكی تیرۆرستی درۆنێكیان ئاراستەی بنكەی هێزەكانی پێشمەرگە لە دهۆك كرد و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون، ڕۆژێك دواتریش دووبارە هێرشیان كردەوە و دوو پێشمەرگەی دیكە برینداربوون.

01-05-2025
ئاسایشی سلێمانی داوای لە حیزبەكانی ڕۆژهەڵات كرد بارەگاكانیان دابخەن ئەگینا بە زەبری هێز پێیان دادەخەن.

04-05-2025
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، گەورەترین پێشانگەی گەشتوگوزاری لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر کردەوە كە بە "مێتێكس" دەناسرێت، 150 کۆمپانیا و دامەزراوەی گەشتیاری لە 20 وڵاتی جیاواز بەشدارییان کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

12-05-2025
پەكەكە ئەنجامی كۆنگرەی دوازدەی خۆی ئاشكراكرد، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری دا.

15-05-2025
بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتیی كوردستان یەكیانگرتەوە لەژێر ناوی یەكێتیی قوتابیان و لاوانی دیموكراتیی كوردستان.

17-05-2025
مەسرور بارزانی گەیشتە واشنتن و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كۆشكی سپی ئەنجامدا، لە 23ـی هەمان مانگ، لەگەڵ ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبووەوە. هەر لەو سەردانە ژمارەیەك گرێبەستی نوێی بواری نەوت و گاز بە گوژمەی 110 ملیار دۆلار لەگەڵ دوو كۆمپانیای ئەمریكی واژۆكران.

28-05-2025
نووسراوێكی وەزارەتی دارایی عێراق بە واژۆی تەیف سامی دەرچوو كە چیدیكە بەغدا ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان بنێرێت، بە پاساوی ئەوەی هەرێمی كوردستان، تەواوی پشكی خۆی لە یاسای بودجە وەرگرتووە، ئەو بڕیارەش كاردانەوەی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا. لە ڕۆژی 31ـی هەمان مانگ، 43 حیزب و لایەنی سیاسی لە پیرمام كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی بژاردەكانی كورد بەرامبەر ئەو بڕیارە.

04-06-2025
ڕەزامەندی 420 هەزار فۆڕمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان گەڕایەوە.

10-06-2025
كریم شنگالی، وەزیری پێشووی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆچی دوایی كرد.

12-06-2025
بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، سەدان گەشتیار و قوتابی لە وڵاتی ئێران گیر بوون و نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان، هاوكات گرفت بۆ گەڕانەوەی حاجیان بە فڕۆكە دروستبوو، بۆیە حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بەڕێگەی وشكانی سەرجەمیان بگەڕێنێتەوە.

11-07-2025
دوای 47 ساڵ لە جووڵانەوەی چەکداری و ڕێکخراوەی، گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە سەر بە پارێزگای سلێمانی لە مەراسیمێكی تایبەتدا بە بەرچاوی هەموو جیهان چەکەکانیان سووتاند.

14-07-2025
بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، کۆبوونەوەی ئاستی باڵای پارتی و یەکێتی كرا، هەڵوەستەیان لەسەر کێشەی مووچە و یەک هەڵوێستی کورد لە بەغدا و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان كرد.

14-07-2025
دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو ئاڕاستەی کێڵگەی نەوتی خورمەڵە كران.

15-07-2025
قۆناغی یەكەمی پرۆژەی فریاكەوتنی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بوو، لە ڕۆژی 20ـی هەمان مانگ، سەرۆكوەزیران سەركەوتنی پرۆژەكەی ڕاگەیاند كە چارەسەریی گرفتی كەمئاوی هەولێر دەكات بۆ 30 ساڵی داهاتوو.

لە 14، 15 و 16-07-2025
زنجیرەیەك هێرشی درۆنی كرایە سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و زیانی ماددی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

18-07-2025
دهۆك بووە پاڵەوانی جامی عێراق دوای ئەوەی یاری كۆتایی لە یانەی زاخۆ بردەوە لە دێربی بادینان.

13-08-2025
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سكاڵای پەرلەمانتارێكی پێشووی حیزبەكەی بە تۆمەتی هەڕەشەكردن و ناوزڕاندن دەستگیر كرا، دواتریش دەیان سكاڵای دیكەی لەلایەن خاوەن پشكەكانی چاڤی لەسەر تۆماركرا.

22-08-2025
هێزێكی زۆری كۆماندۆی یەكێتی بە تانك و زرێپۆش و چەكی قوورسەوە هێرشیان كردە سەر هۆتێل لالەزار؛ شوێنی مانەوەی لاهوڕ شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل، جگە لە كوشتن و برینداركردنی ژمارەیەك لە پاسەوانان و كەسوكار و ئەندامانی حیزبەكەی، لاهور شێخ جەنگی دەستگیركرا.

31-08-2025
وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیاریدا موڵكەكانی كۆمپانیاكانی نالیا و چاڤی بخاتە مەزادەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی.

02-09-2025
دادگا سزای پێنج مانگ زیندانیكردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەپاند، دواتریش 60 موڵك و كۆمپانیاكانی بۆ فرۆشتن خرانە مەزادەوە.

05-09-2025
بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، شەقام و پاركی پێشمەرگە لە پاریس كرایەوە.

09-09-2025
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی شەشەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی وەبەرهێنان و خانووبەرەی لە هەولێر كردەوە.

15-09-2025
لە یەكەم ساڵیادی دەستپێكردنی پەخشیدا، ئاڤا میدیا بووە پڕبینەرترین میدیای كوردستان، كەسایەتی و حیزب و بەرپرسانی حكومی پیرۆزبایی دەستپێكردنی پەخشیان لە ئاڤا كرد.

25-09-2025
ڕێککەوتنی سێقۆڵی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان واژۆ کرا.

27-09-2025
دوای زیاتر لە 30 مانگ لە ڕاگرتنی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێكردەوە.

27-09-2025 و 2025-09-30
سەرۆك بارزانی و بافڵ تاڵەبانی دووجار لە پیرمام كۆبوونەوە

7، 8، 9 و 10-10-2025
پێشانگەی تەکنەلۆژیی هایتێکس بە سپۆنسەری میدیایی ئاڤا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەچوو، تێیدا فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری وەك بەرزترین دامەزراوەی حكومەت بۆ جێبەجێكردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و 37 کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشدارییان كرد.

02-10-2025
بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێكرد و ماوەی 37 ڕۆژ بەردەوام بوو.

21-10-2025
سەرۆكوەزیران پێشوازی كرد لە شاندێكی باڵای ئابووریی ئیماڕات بە سەرۆكایەتیی عەبدوڵڵا ناسڕ، یاریدەدەری وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیران، هاوكات 30 دەستپێشخەریی هاوبەشیان ڕاگەیاند.

26-10-2025
پەكەكە بڕیاری كشانەوەی لە توركیا دا بۆ ئەو ناوچانەی كە خۆیان ناویان لێناوە هەرێمی پاراستنی میدیا.

11-11-2025
بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بردنەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ لەلایەن پارتی دیموكراتیی كوردستان، كە بووە حیزبی ژمارە یەك لەسەر ئاستی عێراق.

18-11-2025
بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و بەشداریی 150 سەرکردەی ناوەخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی لە 25 وڵاتی جیاواز، شەشەمی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک بەڕێوەچوو.

18-11-2025
كەمپەینی ئاڤا میدیا بۆ پشتیوانیی هاندەرانی زاخۆ بۆ بردنەوەی خەڵاتی زە بێستی فیفا، لەماوەی 22 ڕۆژی كەمپەینەكە ئاڤا ڕۆڵی هەبووە لە كۆكردنەوەی نزیكەی 400 هەزار دەنگ بۆ یانەكەی پردی دەڵاڵ.

23-11-2025
قۆناغی دووەمی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بەكۆتاهات.

26-11-2025
جارێكی دیكە بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر، بەهۆیەوە زیانێكی زۆر بەر ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان كەوت و 80% وزەی بەرهەمهاتوو بۆ كارەبا پەكی كەوت. ئەو ڕووداوەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

29-11-2025
چوونی سەرۆك بارزانی بۆ شرناخ و بەشداریكردنی لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری

29-11-2025
گرژی و ئاڵۆزی لە گوندی لاجان و خەبات دروستبوو، دوو كەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەک کەسی تریش بریندار بوون.

03-12-2025

بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمریكا گەورەترین كۆنسوڵخانەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری هەولێر كردەوە.

04-12-2025
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دانپێدانانی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی لە خەبات بڵاوكردەوە كە دانی نا بەوەی چەند كەس و لایەنێكی دەرەكی و ناوخۆیی داوایان لێكردووە پشێوی و ئاشووب لە ناوچەكە بنێنەوە بەئامانجی شێواندنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان.

05-12-2025
سەردانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.

09-12-2025 و ڕۆژانی دواتر
لافاوەكەی چەمچەماڵ، تەكیە و شۆڕش؛ كەمپەینە فراوانەكەی ئاڤا میدیا بۆ بەدەنگەوەهاتنی لێقەوماوانی لافاوەكە.

14-12-2025
دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا دوای 8 مانگ لە خنكانی

16-12-2025
یانەی زاخۆ و بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لە ئاستی جیهان لەلایەن فیفا

20-12-2025
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە میسڕ و لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ