ئەو شارانەی جیهان کە بەناوبانگترین ئاهەنگی سەری ساڵ ساز دەکەن

شەیری بکە لە:
ئەو شارانەی جیهان کە بەناوبانگترین ئاهەنگی سەری ساڵ ساز دەکەن

مەیدانی تایم سکوێر لە نیو یۆرکی ئەمریکا

ئاڤا نیوز

زۆرن ئەو شارانەی ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن بۆ ڕێکخستنی ئاهەنگ و مەراسیمەکانی شەوی پێشوازیی لە ساڵی نوێی زایینی، بۆ ئەو مەبەستەش ملیۆنان گەشتیار ڕوویان لێدەکەن و یادەوەریی دەگمەن تۆمار دەکەن.

چیرۆکی سەرەکی: شەوی سەری ساڵ لە سەرانسەری جیهان، شەوێکە بۆ ئاهەنگ و شادی و هیواخواستنە بۆ ساڵێکی باشتر لە ساڵی ڕابردوو، لە جیهاندا چەندین شار بەناوبانگترین ئاهەنگ و مەراسیم رێکدەخەن و خەرجی گەورە بۆ ئاهەنگەکان دابین دەکەن لەگەڵ نمایشکردنی ناوازەترین یاریە ئاگرینەکان و سەدان ملیۆن دۆلار تەرخان دەکەن بۆ ئەو بوارانە و گەشتیاران لە هەموو جیهانەوە سەردانیان دەکەن، ئەوەش وا دەکات چاوی میدیاکانیان لەسەر دەبێت.

بەناوبانگترین شارەکان بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ

شاری دوبەی لە ئیمارات
نمایشی یارییە ئاگرینەکان لە بورجی خەلیفە، بەرزترین باڵەخانەی جیهان، ئەنجام دەدرێت. تێچووی 10 خولەکی ئەم نمایشە سەرنجڕاکێشە نزیکەی 6 ملیۆن دۆلارە. ساڵانە زیاتر لە 5 ملیۆن گەشتیار لە هەموو لایەکی جیهانەوە خۆیان دەگەیەننە ئەم شارە بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.

شاری سیدنی لە ئوسترالیا
بە هەزاران یاری ئاگرینی ڕەنگاوڕەنگ ئاسمانی شارەکە ڕووناک دەکەنەوە، تێچووی ئەم نمایشە شکۆدارانە بە نزیکەیی پێنج ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. نزیکەی 1.5 ملیۆن گەشتیار بەشداریی لە ئاهەنگەکە دەکەن.

شاری نیویۆرک لە ئەمریکا
هەموو ساڵێک دەستپێشخەرە لە دۆزینەوەی شێوازی نوێتر بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی نوێ. ئاهەنگی ناوەندی تایمز سکوێر بە داگرتنی گۆیەکی کریستاڵی و نمایشی بێ وێنە، پێشوازی لە هاتنی ساڵی نوێ دەکات کە تێچووی ئامادەکارییەکانی چوار ملیۆن دۆلارە. زیاتر لە سێ ملیۆن گەشتیار لە شەقامەکانی شارەکە ئاهەنگ دەگێڕن.

شاری لەندەن لە بەریتانیا
یارییە ئاگرینەکان و ئاهەنگە گەورەکان لە لەندەن ئای و بیگ بین، هەزاران یاری ئاگرینی ڕەنگاوڕەنگ بۆ ئاسمانی شارەکە هەڵدەدەن. تێچووی ئەم نمایشانە بە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت. نزیکەی دوو ملیۆن گەشتیار ئامادەی ئەم ئاهەنگە دەبن.

شاری پاریس لە فەرەنسا
ئاهەنگەکان تا بەرەبەیان لە شەقامی شانزلیزێ و نزیک بورجی ئیڤڵ بەردەوام دەبن. نزیکەی سێ ملیۆن گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن بۆ بینینی ئەم دیمەنە سەرسوڕهێنەرانە.

ئەم ئاهەنگ و یارییە ئاگرینانەی کە ساڵانە لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچن، تێچووی ملیارەها دۆلاریان هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا، سەدان ملیۆن گەشتیار ڕوو دەکەنە ئەم شارانە و ملیارەها دۆلار وەک داهات بۆ ئەم شارانە دەگەڕێتەوە.

یەکەم شوێن لە پێشوازی کردنی ساڵی نوێ
دوورگەی کریسمس لە کۆماری کیریباتی پێشوازی لە ساڵی 2026 کرد، لە کاتێکدا هێشتا زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ساڵی 2025 ماونەتەوە.

دوورگەی بێکەر و دوورگەی هاولەند لە ئۆقیانووسی ئارام کۆتا شوێن دەبن کە پێ دەنێنە ساڵی نوێ.

لە ساڵانی دواییدا، هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەولێری پایتەخت بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، بۆ ئەمساڵیش نزیکەی 200 هەزار گەشتیاری بیانی و هاونیشتمانیان بەشداری دەکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ