لە ماوەی كابینەی نۆیەم 451 مزگەوت لە كوردستان دروست كراون

شەیری بکە لە:
لە ماوەی كابینەی نۆیەم 451 مزگەوت لە كوردستان دروست كراون

دیمەنی مزگەوتێک لەشاری هەولێر. وێنە؛ محەممەد شوانی

ئاڤا نیوز

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماری کار و چالاکییەکانی بڵاو کردەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2025 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی چەندین پڕۆژەی پێشکەش کردووە کە خزمەتێک بووە بۆ هەموو ئایینەکان.

وێنە گەورەکە: هەرێمی کوردستان ھەشت ئایین لەخۆدەگرێت، بەشداری بۆنە و دیداری یەکتری دەکەن، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی بەشێکی زۆری کاروبارەکانیان دەکات، وێڕای ھەبوونی دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدیان و مەسیحییان، بەڕێوەبەرایەتیەکی پێکەوەژیان هەیە سەرپەرشتی ھەموو چالاکی ئایینەکان دەکاتز

ژمارەکان وادەڵێن: بەشێوەیەکی گشتی شەش هەزار و 100 مزگەوت لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 800 مزگەوت وتاری ھەینی لێدەخوێنرێتەوە، 451 مزگەوت لەماوەی کابینەی نۆیەم دروست کراون. هاوکات وەزارەتی ئەوقاف خاوەنی 19 قوتابخانەی ئاینییە لەھەرێمی کوردستان، لەگەڵ پەیمانگەیەکی ئایینی بەناوی ئەزھەر، لەگەڵ ئەمەش پەیمانگەی پێشنوێژ و وتارخوێنان هەیە کە ئامانجی سەرەکی پێگەیاندنی وتارخوێنە بەشێوەیەکی زانستی، بەگشتی لە خوێندنی ئیسلامی دوو هەزار و 31 قوتابی دەخوێنن، کە 155 قوتابی کچن.

دامەزراندنی بۆردی باڵای وتار
لەساڵی 2025 بۆردی باڵای وتار بەبڕیاری وەزارەتی ئەوقاف دامەزراوە کە بۆردێکی سەربەخۆیە، ھەفتانە دوو وتاری ھەینی لەسەر بنەمای گفتوگۆیەکی زانستی شەرعی بۆ مامۆستایان دادەڕێژێت و دەنێردرێت، مامۆستایان بەئازادانە یەکێکیان ھەڵدەبژێرن، هەروەها وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە داھاتی وەزارەت مینحەیەکی مانگانەی بۆ ھەزار و پێنج سەد مامۆستای بڕیوەتەوە کە هیچ مووچەیەکیان نییە، ئەمە جگە لەوەی دیزاینکردنی نوێی دروستکردنی مزگەوت، بەشێوەیەک کە مۆرکی کوردەواری ھەبێت، چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو ئێستا 441 مزگەوت لەسەر ئەم شێوازە دروستکراون ژمارەیەکی دیکەش لەژیر دروستکردندان.

ئاستەنگی قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی
ئەمساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاستەنگی بۆ وەرگرتنی خوێندنی ئیسلامی دروستکرد، وەزارەتی ئەوقاف بە نووسراوی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە دەرچووانی خوێندنی ئیسلامی لەزانکۆ پەیوەندیدارەکان وەربگیرێن و بخوێنن، ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕیوە، تەنیا لەمساڵی خوێندن 180 قوتابی پۆلی 12 خوێندنی ئیسلامییان تەواو کردووە و لەگەڵ 15 قوتابی پەیمانگەی ئەزھەر، سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ ڕێژەیەکی بەرچاوی قوتابیان دوای تەواوکردنی پۆلی شەشی بنەڕەتی، هاتوونەتە خوێندنی ئیسلامی. جگە لەوەی ئەمساڵ 32 بنکەی لەبەرکردن و خوێندن حوجرەی فەقێیان کراونەتەوە، کە بەسەرپەرشتی وەزارەت و پرۆگرامی ئیسلامی بەڕێوەدەچن.

بە دیجیتاڵی کردنی کارە کارگێڕییەکان
ھەموو کاروبارە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بە دیجیتاڵی کراون، لەئایندەیەکی نزیکدا مامەڵە و کاروباری ڕۆژانە بە دیجیتاڵی بەڕێوەدەچن، ئەمەش لەکاتێکدایە وەزارەتی ئەوقاف ئەمساڵ ھەموو مامەڵەیەکی داواکردنی حەجی بەشێوەی کاغەزی نەھێشت، بۆ یەکەمجار سیستەمی ناونووسینی حاجییانی کردە ئەلیکترۆنی، ھەموو ھاووڵاتییەک بێ بەرامبەر توانی ناوی خۆی بۆ حەج تۆمار بکات، تەنیا لەم پڕۆژەیەدا 89 هەزار و 863 کەس ناوی خۆیان بۆ حەج تۆمار کرد، ئەمەش کارئاسانی دروست کرد، هەر ئەمساڵ وەزارەتی ئەوقاف ھەموو ئاسانکارییەکی کرد بۆ کۆمپانیاکانی تایبەت بە عومرە، وێڕای دروستکردنی ھێڵی گەرم بۆ ھاووڵاتیان لەکاتی ھەبوونی کێشەو گرفت لەخزمەتەکانیان، ئەمەش بوەهۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی عومرەکردن.

پڕۆژە لەپێناو خزمەتکردنی ئایینەکان
ساڵی 2025 چەندین کار بۆ چەندین کەنیسە کراوە، بەنموونە؛ دورستکردنی کەنیسەی ئەرمەن لە زاخۆ، تەواوکردنی پرۆژەی کەنیسەی ئوم نور لە عەنکاوە، ڕازاندنەوەی ڕێگای مەزاری نەبی ناحۆم و دانانی کامێرای چاودێری لە ئەلقۆش. نۆژەنکردنەوەی رەبان هرمزد لە ئەلقۆش، نۆژەنکردنەوەی دێڕی مهادوخت لە ئەرەدنا، نۆژەنکردنەوەی کەنیسەی سێمێل، نۆژەنکردنەوەی خوێندنگای لاهوت لە شەڕەفیە – ئەلقۆش، نۆژەنکردنەوەی کەنیسەی ماریۆخنا لە عەنکاوە، نۆژەنکردنەوەی هۆڵی ئاینییەکان لە گوندی هەرمۆتەی کۆیە.

هەروەها نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی چەندین شوێنی ئایینی ئێزیدی، برەودان بە چالاکی و بۆنە ئایینییەکانیان، لە ساڵی 2025 کتێبکی 'پێکەوەژیان و شوێنی پیرۆزی ئاینی' بە سێ زمانی جیاواز ئامادەکراوە، 400 شوێنی پیرۆزی ئاینی لەخۆدەگرێت کەبەشێکیان لەنێوان ئاینەکان ھاوبەشن. 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ