هەشت کارگەی پلاستیک و سەدان کارمەند لە بڕیارێکی حکومەت سوودمەند دەبن

شەیری بکە لە:
هەشت  کارگەی پلاستیک و سەدان کارمەند لە بڕیارێکی حکومەت سوودمەند دەبن

دیمەنی یەکێک لە کارگەکانی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز

لەپێناو گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی و دابینكردنی دەرفەتی كار بۆ سەدان دەستی كار كە لە كارگەكانی پلاستیک و نایلۆن كاردەكەن، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا قەدەغەی هەناردەكردنی كەرەستەی خاوی پلاستیكی هەڵبگرێت، بەهۆی ئەو بڕیارەش هەشت كارگەی كەرەستەی خاوی پلاستیك و سەدان كارمەندی ئەو كارگانە سوودمەند دەبن.

چیرۆكی سەرەكی: لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، هەریەك لە وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان پابەندكراون بە هەڵگرتنی قەدەغەی هەناردەكردنی كەرەستەی خاوی پلاستیک و گرتنەبەری ڕێكارە پێویستەكان لەمبارەیەوە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوان كە ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان كراوە، بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی هەناردەكردنی كەرەستەی خاوی پلاستیک وەكو هەنگاوێکە بۆ ئاسانکاریی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی.

لێدوانی فەرمی: بەرگەشت ئاكرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، ئەو پلاستیكە بەكارهاتووەی دەگاتە دەستی كارگەكانی پلاستیک و نایلۆن، لێک جودا دەكرێتەوە؛ ئەو بەشەی دەتواندرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە، دەكرێتەوە كەرەستەی خاو، ئەو بەشەی دەمێنێتەوە بە ئامێرەكانی نێو كارگەكانی هەرێمی كوردستان چارەسەر ناكرێت و ناشتواندرێت ڕیسایكلین بكرێتەوە، بۆیە كەرەستە دەمایەوە، بەهۆی قەدەغەكردنی هەناردەی كەرەستەی خاوی پلاستیک بۆ دەرەوە، خاوەن كارگەكان ئەو ماددانەیان بۆ دەمایەوە بێ ئەوەی سوودی لێ ببینن.

بەرگەشت ئاكرەیی ڕوونیشی كردەوە، ئەو بڕیارە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی خاوەن كارگەكانی پلاستیكە، بەو پێیەی دەتوانن كەرەستەی خاوی بەكارنەهاتوو ڕەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراق و تەنانەت وڵاتانی ئیقلیمی و كەنداویش بكەن.

پەیوەست بەم بابەتە: لەماوەی ڕابردوودا خاوەن کارگەکانی پلاستیک و نایلۆن لە بڕیاری رێگریکردنیان لە هەناردەی پلاستیک بۆ توركیا و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نیگەران بوون و چەند جارێک دەنگی خۆیان گەیاندە لایەنی پەیوەندیدار بۆ هەڵگرتنی بڕیاری قەدەغەكردنەكە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو پلاستیكەی لەنێو سەڵەی خۆڵ و خاشاكی بازاڕەكان و زبڵخانەكان كۆدەكرێتەوە، لەلایەن كارگەكانی ڕیسایكلینی پلاستیک و نایلۆن دووبارە پاكدەكرێتەوە و دەكرێتەوە بە كەرەستەی خاو، پاشان هەناردەی توركیا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەكرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ