لە کەرکووک خۆپیشاندانە؛ ڕێگا داخراوە و ئاڵۆزی دروست بووە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

لە کەرکووک، ژمارەیەک کاسبکار وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر تێکدانی کەپر و شوێنی بژێوییان، گردبوونەوەیەکی فراوانیان ئەنجامدا و سایدێکی شەقامی "عەرەفە"یان بەڕووی هاتووچۆدا داخست؛ داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێگەیان پێ بدرێتەوە کەپرەکانیان دروست بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمشەو شەممە، ژمارەیەک کاسبکاری شاری کەرکووک لەبەرامبەر تێکدانی شوێنی کارەکانیان، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەک شەقامی عەرەفەیان بە ئاراستەی هەولێر داخست.

چی ڕوویدا: پێش دوو مانگ لێژنەکانی قایمقامییەت بە بیانووی زێدەڕۆیی، زیاتر لە 50 کەپریان لە شەقامی عەرەفە تێکدا؛ کاسبکاران بە ئاڤایان ڕاگەیاند، سەرەڕای هەبوونی نووسراوی فەرمی پارێزگار و پشتگیری شارەوانی بۆ دووبارە بونیادنانەوەی شوێنەکانیان، ئەمڕۆ چەند کەپرێکیان دروست کردووەتەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک کۆمپانیای نەوتی باکوور کەپرەکانیان تێکداوەتەوە، ئەم هەڵوێستەی کۆمپانیاکە نیگەرانی و تووڕەیی لەنێو کاسبکاراندا دروست کرد، کە لە ئەنجامدا ڕژانە سەر شەقام و سایدێکی شەقامەکەیان داخست.

کۆمپانیای نەوتی باکوور بە کاسبکارانیان گووتووە ئەو زەوییانەی کەپریان لەسەر دروستکرابوو، موڵکی ئەوانە، بۆیە ڕێگە نادەن کەپرەکان دابنرێنەوە، دواتر لە گردبوونەوەکە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان هەوڵیاندا بە زۆر بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

باکگراوند: هەشت ساڵە زیاتر لە 50 کاسبکاری شاری کەرکووک لە قەراغی شەقامی عەرەفە خەریکی میوەفرۆشی بوون، بەڵام دوو مانگ بەر لە ئێستا بە بیانووی زێدەڕۆیی کەپرەکانیان تێکدراوە و سەرەڕای بەڵێنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دابینکردنی زەوی و دووبارە ڕێکخستنەوەی شوێنەکانیان، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنراوە و ئەو کاسبکارانە بە بێکاری و بێ سەرچاوەی بژێوی ماونەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: