پووتین، نەتانیاهۆ و سینوار ترەمپ دەگەڕێننەوە کۆشکی سپی

مەمدووح موهەینی - دۆناڵد ترەمپ/ گرافیکی ئاڤا نیوز

مەمدووح موهەینی - دۆناڵد ترەمپ/ گرافیکی ئاڤا نیوز

ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکرێت، بە ئەگەری زۆر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا براوە دەبێت. تەنانەت نەیارەکانیشی وادەڵێن و ددان بەم ڕاستییەدا دەنێن. نوێترین ڕاپرسییەکانی سی ئێن ئێن دەریدەخەن 61%ـی بەشداربووان سەردەمی سەرۆکایەتیی بایدن بە شکستخواردوو دەزانن، 48%ـیش دەڵێن ئەم سەرۆکایەتییە لەسەر ئاستی کەسی زیانی بە ئەوان گەیاندووە و تەنیا 18% گوتوویانە لە بەرژەوەندیی ئەواندا بووە. 

 

لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی لەم چەند مانگەی دوایی، خۆشەویستی بۆ ترەمپ بەو جۆرە چاوەڕواننەکراوە زیادی کردووە؟

لەبەر چەند هۆیەک: پووتین، سینوار، نەتانیاهۆ، قوتابییانی زانکۆ، کۆچبەران و بەدبەختیی بایدن. 

 

ترەمپ هێرشی کردە سەر کابینەکەی سەرۆک بایدن و گوتی، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا پووتین بوێریی ئەوەی نەبوو هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و ئەم کارەی لە سەردەمی بایدنی لاوازدا ئەنجام دا. هەڵبەت ئەمە دروست نییە و تەنیا فێڵێکی هەڵبژاردنە. پووتین هاوکێشە ستراتیژییە مەزنەکانی خۆی بە بوونی ترەمپ یان هیچ کەسی دیکەوە نابەستێتەوە و بە دڵنیاییەوەش دەزانێت کە بایدن کەسێکە باوەڕی بە سیستەمی نێودەوڵەتی و یەکیەتیی نێوان ئەمریکا و ئەوروپا هەیە و لە بەرامبەر هێرشکردنە سەر ئۆکراینا بێدەنگ نابێت. لە گۆڕەپانەکەشدا هەر ئەمە ڕووی دا؛ یارمەتییە فراوانەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بوونە هۆی ئەوەی کیێڤ بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات و هێرشی پێچەوانەش بۆ سەر مۆسکۆ ئەنجام بدات. واتە، بە پێچەوانەی بانگەشەکانی ترەمپەوە، بایدن لاواز نییە، بەڵام سەرۆکی پێشوو بۆ بەرژەوەندیی خۆی سوود لەم بێسەروبەرییە دەبینێت، هەروەک چۆن هەر سیاسەتمەدارێکی پیشەیی ئەم کارە دەکات. 

 

لەوانەیە ئەوە دروست بێت کە پووتین ئێستا لەو باوەڕەدا بێت گەڕانەوەی ترمپ لە بەرژەوەندیی ئەودا دەبێت؛ چونکە لەگەڵیدا مامەڵە دەکات و شەڕەکە کۆتایی دێت. بۆیە درێژەکێشانی ئەم شەڕە لە بەرژەوەندیی ترەمپە. ترەمپ ڕایگەیاند دەتوانێت بە ڕۆژێک کۆتایی بەم شەڕە بێنێت. بەردەنگەکانی ترەمپ خەڵکی ئاسایی و ئەو باجدەرانەن کە نازانن بۆچی دەبێت پشتیوانی لە وڵاتێک بکەن کە تەنانەت نازانن شوێنەکەی لە سەر نەخشە دەستنیشان بکەن. 

 

هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر لەبەر ئەوە نەبوو کە بایدن لە کۆشکی سپی بوو. یەحیا سینوار بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کێ لە کۆشکی سپییە، ئەم هێرشەی ئەنجام دا. ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ئەوەیە ڕێبەرانی حەماس و سەرکردەکانی ئێران، کە بێگومان کابینەی دیموکراتەکانیان پێ باشترە، لەوانەیە ببنە هۆی هاتنەسەرکاری کابینەیەکی کۆماریخواز بە ڕێبەرایەتیی ترەمپ؛ کەسێک کە نەک هەر کەیفیان پێی نایەت، بەڵکو ئەو وتارە درێژەشیان دێتەوە یاد کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، کە ئیسماعیل هەنیە بە 'شەهیدی قودس' وەسفی کردبوو، بە شانازییەوە باسی کوشتنی ئەوی کرد.

 

شەڕی غەززە و ئەو کارەساتەی بە هۆیەوە بە سەر خەڵکەکەیدا هات بووە هۆی درەوشانەوەی دووبارەی ترەمپ. ئەو دەڵێت ئەگەر حەماس بیزانیایە بایدن وەڵامی دەبێت، هەرگیز ئەو هێرشەی نەدەکرد. هەڵبەت، ئەمەش دروست نییە، چونکە کابینەی بایدن بە تەواوی پشتیوانی لە ئیسرائیل کردووە و ناکۆکییەکانی نێوانیان بەو ڕادەیە نییە کە نیشان دەدرێت. ئەگەر ترەمپیش سەرۆک بووایە، زیاتر لەوەی نەدەکرد کە ئێستا کراوە.

 

درێژەکێشانی شەڕەکە بۆ بایدن لە ڕووی هەڵبژاردنەوە بە دۆڕان هەژمار دەکرێت و لاوازی دەکات. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە نەتانیاهۆ پێی زانیوە؛ ئەو دەزانێت چەندە بتوانێت شەڕەکە درێژ بکاتەوە، ئەوەندە دەبێتە هۆی لاوازیی بایدن و هاوکات ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ، کە زۆر بەدڵی نەتانیاهۆ بوو، بەهێزتر دەکات.

 

خۆپێشاندانی قوتابییانی زانکۆکان، بێ ئەوەی کە بزانن یان بیانەوێت، ڕێگەی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی هەموار دەکات. بێسەروبەری و پێکدادانەکان بووە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێ لای زۆر کەس، تەنانەت لای ئەو دەنگدەرانەشی کە هاوسۆزی فەلەستینن و بەرگری لە ئامانجی فەلەستینییەکان دەکەن. ئەوان نایانەوێت لەو دامەزراوانەی کە منداڵەکانیان دەخوێنن کێشە دروست ببێت و پۆلیس بچێت کۆتایی بە کێشەکان بهێنێت. ترەمپ و تیمەکەی سوودیان لەم دیمەنانەی بێسەروبەری بینی و وایان نیشان دا کە ترەمپ دەتوانێت سیستم بۆ ناوەوە و دەرەوەی زانکۆکان بگەڕێنێتەوە.

 

بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆچبەران یەكێکی دیکەیە لە گەورەترین هەڵەکانی کابینەی بایدن کە بێگومان لە هەڵبژاردنەکاندا باجەکەی دەدات. بەگوێرەی ڕاپرسییەکی بلوومبێرگ، لەهەر 10 دەنگدەرێکی ئەمریکی، شەش کەسیان، بایدن لەبەر سیاسەتەکانی کۆچبەران و هاتنەناوەوەی نزیکەی 7.3 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی سنوورەکانی باشوورەوە، بە کەمتەرخەم دەزانن. لە کاتێکدا کە بایدن لە بەرامبەر شەپۆلی کۆچبەران نەرمونیيان و سەرلێشێواو دێتە پێشچاو و ترەمپی ڕکابەری کەسێکی متمانەبەخۆ بووە کە دەتوانێت بە دروستکردنی دیواری بەرز و سیاسەتی بەهێز ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە.

 

لە کۆتاییدا، بەدبەختیی بایدنیش هۆکارێکی دیکەیە. هەرچەندە لە سەردەمی ئەودا ئابووریی بووژاوەتەوە، بەڵام ئاستی ڕەزامەندی لە بایدن لە خوارەوەیە. بەدبەختیش ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت؛ هەروەک چۆن ترەمپ چەند مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا بووەوە و پەتاکە هەموو ئەو دەستکەوتە ئابوورییانەی لەناوبرد کە ترەمپ لە ماوەی سێ ساڵدا کۆی کردبوونەوە. ئێستا بایدن ڕووبەڕووی ساتەوەختی بەدبەختیی خۆی بووەتەوە؛ یەکێک لە نیشانەکانیشی ئەوەیە کە هەر شتێک ڕوو دەدات لە دژی ئەو شرۆڤە دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ڕۆڵی ئەویشی تیادا سنووردار بێت. پووتین ئەوی گیرۆدەی شەڕێکی نەخوازراو لە ناوخۆی ئەمریکا کردووە، سینوار لەگەڵ ئەودا ڕاوێژی نەکرد، نەتانیاهۆ کات دەکڕێت. سەبارەت بە خۆپێشاندانی قوتابییان، ئەو لە ڕێی کەناڵەکانی تەلەڤزیۆنەوە زانی کە شتی وا هەیە. لە هەمانکاتدا، لە سەردەمی ئەودا ئابووری بەهێز بووە، بەڵام ڕەزامەندی لەو دابەزیوە. ئەگەر لە مانگەکانی ئایندە وەرچەرخانی گەورە ڕوونەدات، ئەگەری ئەوەی کە بایدن سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەدەست بدات دوور نییە. 

 

واماندەزانی لەبیرچوونەوە بەردەوامەکان، گیرانی زمان و سەرسمدانەکانی بایدن دەبنە هۆی دۆڕانی ئەو، بەڵام وا دیارە ئەوانە تەنیا نیشانەن بۆ کۆمەڵێک هۆکاری ڕاستەقینە کە بەهۆیانەوە سەرۆکی بەهێزترین دەوڵەتی جیهان پێگەکەی خۆی لەدەست دەدات.

 

وەرگێڕانی: هۆشەنگ دارا 

شەیری بکە لە: