بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەتەکێتی وتاردان

بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەتەکێتی وتاردان

مۆدێل و ستایلی بانگەشەی لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان


لەم وتارەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر مۆدێل و ستایلی بانگەشەی لایەنە سیاسیەکان بە تایبەت لە کوردستاندا، کە دەتوانین بە سەرنجدان یان خوێندنەوە پۆلێنی بکەین بۆ دوو جۆر یان مۆدێلی سەرەکی.

جۆری یەکەم: دەتوانین ناوی بنێین مۆدێلی پۆزەتیڤ و بنیاتنەر، ئەم جۆرە خۆی دەبینێتەوە لە بانگەشە کردنێکی هاوسەنگ و مۆدێرن، کە جەخت کردنەوە لە خزمەت و بنیاتنان بە پشتبەستن بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو، هەوڵی هێنانەدی داهاتوویەکی گەش دەدات بە پێشکەش کردنی زۆرترین خزمەتی هاووڵاتییان لە ڕێگای بەدەستهێنانی کورسی و نوێنەر کە بەشداری دەکەن لە سیاسەتی گشتی ووڵاتدا .

جۆری دووەم: کە زۆربەی بانگەشەی لایەنە سیاسیەکان خۆیان لەم شێوازەدا دەبیننەوە کە ناسراوە بە سینیکاڵ (cynical) واتە بێ ئومێد و گاڵتەجاڕ، ئەم مۆدیلە بە ڕاوەستان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و نەبوونی بەرنامە و ستراتیژ بۆ داهاتوو ناسراوە، هەروەها بەکارهێنانی زمانی تووند و خراپ، تاوانبارکردنی بەرامبەرەکانیان.

ئەوەی کە من لەم وتارەدا مەبەستمە باسی بکەم ئەوەیە کە دەگەڕێمەوە بۆ دەستەواژەیەکی فەیلەسوفی سیاسی ئەمریکی (فرانسیس فۆکۆیاما)، کە زمانی سیاسی شیاو (political correctness) ئەم چەمکە بەکاردێت لە دنیای سیاسەت بۆ ووتاری سەرکردەیەکی سیاسی یان ئەوەی پێی دەڵێن: کەسایەتییەکی گشتیی (public figure).

لە زمانی سیاسی شیاودا سەرۆک و سەرکردەکان بۆیان نییە و ڕێگەپێنەدراون لەبەردەم خەڵک بە وتارەکانیان وا قسە بکەن کە ئازار بە دەروون و هەستی خەڵک بگەیەنن، ئەگەر کەسێک بەم تۆن و شێوازە قسە بکات دەخرێتە ژێر گوشارێکی تووندی ئەخلاقی، تۆمەتبار دەکرێت بە ڕێز نەگرتن لە جیاوازیەکان، بیروڕای ئازاد و دیموکراسی، هۆکاری ئەم جۆرە وتاردانە دەگەڕێتەوە بۆ ئاست نزمی و هۆشیاری وتاربێژەکە یان کەسە سیاسیەکە، کە بە جۆرێک مەست و حەیران دەبێت بە بڵاوبوونەوەی وتەکانی لە  سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمە جیاوازەکان بە شێوەیەکی خێرا و کاردانەوەی زۆری خەڵک بۆی کە بەم پرۆسەیە دەڵێن پیشاندان (Show ). 

ئەوەی جێگای تێڕامانە زۆربەی جار ئەم کەسایەتییانە، نوێنەرایەتیی کەمینەیەکی خاوەن بەرژەوەندی دەکەن کە لە ئەدەبییاتی سیاسەتدا پێ یان دەوترێت (ڤیتۆکراسی) کەسایەتییەکی پۆپۆلیست و هەلپەرستن کە نەشیاون بۆ سەرکردایەتیی، وەک نیچە دەڵێت: کەسانێکن جەوهەریان بەتاڵە هەموو ئامانجیان بۆ دەستکەوتنی ماددییە (ماتریاڵی)ە، خاوەنی ئامانجێکی بەرزی مرۆڤایەتیی نین، مەبەستیان بەرژەوەندی گشتیی نییە و ڕێز لە دیموکراسی دادگا و هەڵبژاردن ناگرن، ئەم جۆرە کەسانە بەرژەوەندیان لەگەڵ گەشەکردن و پێشکەوتنی دیموکراسیدا نییە، بەڵکو بوونەتە زیان بۆ پرۆسەکە.

لە بیر و هزری ئەم کەسانەدا ئاواتەخوازن بەرامبەرەکانیان خوێندنەوەیان بۆ بکەن و نرخ و بەهای زیاتریان بدەنێ لەوەی کە خۆیان هەیانە، بەردەوام لە کێشە و ململانێدان لە ناخی خۆیاندا وا بیر دەکەنەوە کە شکۆیان شکاوە و بێڕێزیان پێکراوە بۆیە بە دوای قەرەبوو کردنەوەن.

 ماوەتەوە بڵێین. ئامانج لە هەڵبژاردن ئەوەیە دووبارە متمانە و شەریعەت بدرێتەوە بە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی بۆ خزمەتکردن و ئیدارەدان، هەروەها هەڵبژاردنی کەسانی حیزبی بە فەزیلەت کە جێگای متمانە و پارێزەری ئاشتی و ئاوەدانی و پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی کۆمەڵگایە، وە سزادانی کەسانێک کە نە ڕێزین لە ئەنجامی هەڵبژاردن دەگرن نە لە یاسا و ئازادی، هەوڵیان وەستاندن و ڕووخانە، هیچ ئەجێندا و بەرنامەیەکیان پێ نییە بۆ وڵات و کۆمەڵگا هیچ دیدگایەکی ڕوون و ستراتیژێکیان نییە بۆ داهاتوو.

لە کۆتایدا ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە پارتی دیموکراتی کوردستان جیاواز لە تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەکان  بە ڕەوشت و فەزیلەتى بەرزەوە سیاسەت و بانگەشەى کرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حیکمەت و دانایی جەنابی سەرۆک بارزانی و مۆراڵ و ڕەوشتە بەرزەکەی کە هەمیشە ئامانجی سەرکەوتن و سەربەرزی کوردستانە، هەموومان لەوەوە فێربووین کە  ئەندام و لایەنگری پارتی خۆی بە خزمەتکاری خەڵک و خاکی کوردستان دەزانێت، هەروەکو  بارزانی  نەمر دەفەرموێت" (شانازییە مرۆڤ خزمەتکاری میلەتی خۆی بێت).

شەیری بکە لە: