کێ دەبێتە جێگرەوەی خامنەیی؟

کێ دەبێتە جێگرەوەی خامنەیی؟

بیروڕای ئاڤا نیوز

ساڵێک لەمەوبەر و لە سەردەمی وەحید حەقانیان، جێگری پێشووی کاروبارە تایبەتییەکانی ئۆفیسی عەلی خامنەیی ـ ڕابەری کۆماری ئیسلامی، بڵاو بووەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی 2017 قسەی لەبارەی بوونە ڕابەری خۆی کردووە. هەرچەندە حەقانیان ئەم قسەیەی ڕەت کردەوە، بەڵام فایلە دەنگییەکەی کە لای سەرچاوە میدیاییەکە بوو، بووە رێگر نکۆڵی زیاتری لێ بکات.


هەواڵەکە لەو ڕووەوە گرنگ بوو، کە ئیبراهیم ڕەئیسی وای نیشان دەدا نەک لە سەردەمی سەرۆککۆماری و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵکو ئەو کاتەی کە لە پارێزگای قودسیش بوو، چاوی لە لوتکەی دەسەڵات بووە.


لەم ساڵانەی دواییش، نیشانە و مەیلی ڕەئیسی بۆ بوونە ڕابەر و جێگرەوەی عەلی خامنەیی، لە نێو ڕاگەیاندنەکان بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا. لە دواهەمین مەراسیمی "هەفتەی دەوڵەت"، خامنەیی بە ئاشکرا ئیبراهیم ڕەئیسی بەرزتر لە سەرۆکوەزیرەکانی دەیکەی ئێران لەقەڵەم دا و گوتی "هاوکاری هەموو دەوڵەتەکانی پێشوو بوومە، بەڵام دەوڵەتەکەی ڕەئیسی لە هەمووان بە شایستەتر دەزانم".


پاش گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی، بانگەشەی ئەوە کرا کە خراپی بەڕێوەبردن و کەمبوونەوەی خۆشەویستییەکەی، بووەتە هۆی ئەوەی لە پێرستی جێگرەوەکانی خامنەیی بخرێتە دەرەوە، بەڵام سەلماندنی ئەم بانگەشەیە قورسە، چونکە دۆزینەوەی جێگرەوەی ڕابەر، زۆر نهێنی و لە لایەن لیژنەیەکی سێ کەسییەوە ئەنجام دەدرێت.


نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە  لە کاتی بوونەڕابەری عەلی خامنەییەوە، ناوی کەسانێکی وەک مورتەزا موتەهەری، مەحموود تاڵقانی، محەمەد بهێشتی و حوسەینعەلی مونتەزەری و هاشمی ڕەفسەنجانی هەبوون کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە پانتایی سیاسی کرانە دەرەوە.

 

چارەنووسی پاڵێوراوەکان:
گیانلەدەستدانی ئیبراهیم ڕەئیسی، کاندیدێکی گرنگی جێگەی عەلی خامنەیی لە پانتاییە سیاسییەکە کرایە دەرەوە و لەگەڵ ئەوەشدا هەر گوومانێک لەمبارەوە بۆ ئێستا مەیسەر و نادروستە.


بە گشتی،  لە 40 ساڵی ڕابردوودا دەرکەوتووە ناوی هەر کەسێک وەک بەربژێر و جێگرەوەی ڕابەر دەرکەوتبێت، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پانتایی سیاسەت کراوەتە دەرەوە. پاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەدەسەڵات گەیشت دەگوترا مورتەزا موتەهەری و مەحموود تاڵقانی دەبنە جێگرەوەی ئایەتوڵا خومەینی، کەچی هەردووکیان تیرۆر کران. دواتر ناوی محەمەد بهێشتی وەک ڕووخسارێکی سەرەکی دەرکەوت، ئەویش بە هۆی تەقینەوەی بۆمب لە ئۆفیسی حزبی کۆماری ئیسلامی گیانی لەدەست دا.


پاش مەرگی ئەم سێ کەسە، حوسەینعەلی مونتەزری وەک کەسێکی بێ ڕەقیب ناو دەبرا و لە ساڵی 1985 بە فەرمی بووە قایمقامی ڕەهبەری، کەچی دوای دوو مانگ لە مردنی خومەینی، ئەویش دوور خرایەوە.


کاتێک کە عەلی خامنەیی بە پشتیوانی هاشمی ڕەفسەنجانی بووە ڕێبەر، هەموو کەس دەیگوت هاشمی دەبێتە جێگرەوەی خامنەیی، کەچی ئەویش ناوی کەمڕەنگ بووەوە تا لە سەردەمی خاتەمی ناوی مەحموود هاشمی شاهروودی وەک جێگرەوە ناوی کەوتە نێو ناوانەوە.


وردە وردە و لە سەردەمی سەرۆککۆماری ئەحمەدی نژاد، پلە و پایەی هاشمی شاهروودی لە کزی دا و ئەمجارەیان سادق لاریجانی وەک پاڵێوراو ناوی برا. کەم کەس پێشبینی ئەوەی دەکرد کە لە کاتی مردنی هاشمی شاهروودی، بە ماوەیەکی کەم هاشمی ڕەدفسەنجانیش بە شێوەیەکی گوومانای بمرێت.


لە سەردەمی سەرۆککۆماریی حەسەن ڕووحانی، سادق لاریجانیش بە تەواوی وەلانرا و ئەم جارەیان کەسێکی بەهێزتر ناوی هاتە مەیدان کە ئەویش ئیبراهیم ڕەئیسی بوو.


لەو کاتەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی بووە سەرۆککۆمار، نێوی کەسی دیکە بۆ جێگری عەلی خامنەیی نەبرا تا ئەوەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو گوێبیشتی مەرگی ڕەئیسیش بووین.

 

ڕابەر و دەسەڵاتی ڕەها:
لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ڕابەر هێز و دەسەڵاتێکی گەورەی هەیە کە وەڵامگۆی کەس نابێت. تا ئێستا دەسەڵات لە ئێران وەها بووە کە ڕابەر توانای دیارکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵاتی هەیە. هەر بەمەش توانیویەتی پشتیوان یا دژی کەسایەتییە سیاسی و حکومییەکان بێت و لایان دا.


لە سیستەمێک بەم تایبەتمەندییانەوە، بەردەوام کێبرکێ لەسەر شوێن و پلە و پایەی ڕابەر هەبووە، بەڵام ئەم کێبرکێیانە هەمیشە نهێنی و شاراوە بوونە. بە پێچەوانەی دەوڵەت و پەرلەمان کە بە ئاشکرا شەڕیان لەسەر کراوە.


سەبارەت بە شوێنگەی ڕابەر، هەرگیز قسەکردن لەبارەیەوە ڕێگەپێدراو نەبووە، چونکە قسەکردن لەسەر ئەو پلەو پایەیە بە مانای قسەکردن بووە لەسەر مەرگی ڕابەر و ئەمەش هێڵی سوور بووە بۆ هەمووان. بۆیە دەبینین کێبرکێ لەسەر ئەم پۆستە وەک کردەیەکی دوژمنکارانە و پیلانبۆداڕێژراو هەژمار کراوە.


بۆیە هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی هیچ گەرەنتییەک بۆ ئەو کەسانە نییە کە خۆیان بە جێگرەوەی ڕابەر دەزانن لەوەی کە تا کۆتایی سەردەمی عەلی خامنەیی بتوانن لە شوێن و پلە و پۆستەکانی خۆیان بمێننەوە.

 

 

نووسینی: حوسێن باستانی

سەرچاوە

شەیری بکە لە: