دوای 21 ڕۆژ لە هەڵبژاردنی، ترەمپ ڕەنگە سزا بدرێت

شەیری بکە لە:
دوای 21 ڕۆژ لە هەڵبژاردنی، ترەمپ ڕەنگە سزا بدرێت

ترەمپ لە ناو دادگایەکی ئەمریکا

ئاڤا نیوز

 

سكاڵا یاساییەكان بەرۆكی ترەمپ بەرنادەن و لە 26ـی ئەم مانگە، دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەیەك دەدات، كە لەدژی تۆماركراوە، ڕەنگە بە هۆی دۆسییەکی تاوانکاری سزا بدرێت.

 

چیرۆكی سەرەكی: پێش هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆكی ئەمریكا بۆ جاری دووەم، دۆناڵد ترەمپ تاكە سەرۆكی مێژووی ئەمریكا بوو كە پێشتر لەسەر دۆسیەیێكی تاوانكاری سزادرابێت، دوای هەڵبژاردنەوەشی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە، سكاڵا یاساییەكان بەرۆكی بەرنادەن و لە 26ـی ئەم مانگە، دادگا بڕیاری كۆتایی لەسەر دۆسیەیێك دەدات، كە لەدژی تۆماركراوە.

 

وێنە گەورەكە: بڕیارە ڕۆژی 26ـی ئەم مانگە، دادگا بڕیاری كۆتایی لە دۆسیەیێك بدات، كە لەلایەن ئەكتەری فیلمە پۆڕنەكان، ستۆرمی دانیێڵز، لەسەر ترەمپ تۆماركراوە لە بەرامبەر بێدەنگكردنی ئەو خانمە سینەمكارە لە بڵاوكردنەوەی پەیوەندی گوماناوی نێوانی لەگەڵ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە، پارێزەرانی ترەمپ داوای دواخستنی دۆسیەكانیان كردووە، و دڵنیاییش بە لایەنگرانی دەدەن هەموو ڕێكارە یاساییەكان دەگرنەبەر بۆ سەلماندنی بێتاوانی ترەمپ لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵی.

 

زانیاریی زیاتر: جگە لە تۆمەتی پێدانی بەرتیل بۆ بێدەنگكردنی خانمە ئەكتەرەكە، هێشتا سێ دۆسیەی دیكەی تاوانكاری بەرۆكی ترەمپی بەرنەداوە، كە دووانیان لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریكا و حاكمی ویلایەتی جۆرجیا لەسەری تۆماركراوە بە تۆمەتی ناوزڕاندنی دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت لەلایەن ترەمپەوە، گوایە پیلانگێڕییان لەدژی كردووە بۆ شكستپێهێنانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ساڵی 2020.

 

لە گۆشەیەکی دیکە: دواهەمین تۆمەت کە ڕووبەڕووی ترەمپ کراوەتەوە، پەیوەندی بە  خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیە نهێنییەكانی ئاسایشی نیشتیمانی هەیە و بەوە تۆمەتبار کراوە کە لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لە ساڵانی 2016 تاوەكو 2020 کە بەشێک لەو دۆسییە نهێنییانەی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێناوە

 

ئەوەش بزانە: ڕەنگە دادگا گرفتی تەواوكردنی ڕێوشوێنەكانی بۆ دروست ببێت، بەو پێیەی بە گوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ئەمریكا، هەر كەسێك ببێتە سەرۆكی ئەو وڵاتە، مافی پارێزبەندیی سەرۆكایەتی بەدەست دەهێنێت.

 

چی ڕوودەدات ئەگەر ترەمپ حوكم بدرێت؟

لە ئەگەری ساغبوونەوەی تاوانەكان بەسەریدا، دادگا بۆی هەیە ترەمپ بە زیندانیكردن سزا بدات، یاخود سزاكەی بۆ دەستبەسەركردن لە شوێنی مانەوە یاخود پێبژاردن یان بەشداریكردن لە خزمەتی شارستانی كەمبكاتەوە.

 

شارەزایانی یاسایی لەوبارەیەوە چی دەڵێن؟

بەهۆی نەبوونی ڕووداوی هاوشێوە لەمێژووی هیچ سەرۆكێكی پێشووی ئەمریكا، شارەزایانی یاسایی لەو وڵاتە ڕووبەڕووی سەختی لە شیكردنەوەی بەند و ماددە یاساییەكان بوونەتەوە، بەو پێیەی سەرۆكی ئەمریكا پارێزبەندی هەیە و ناكرێت لەسەر هەر جۆرە تۆمەتێك ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پرسی یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی تاوانكاری ترەمپ دەبووایە پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا بووایە، بەڵام بە بیانووی ئەوەی ئەو سكاڵایانە نەبنە كاڵای بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن دیموكراتەكانەوە، دادگا نەیویست سەربەخۆیی خۆی لەدەستبدات و دۆسیەكەی تا دوای هەڵبژاردن دواخست.

شەیری بکە لە: