سعودیە کۆنگرەیەک بۆ لایەنەکانی باشووری یەمەن ڕێکدەخات

شەیری بکە لە:
سعودیە کۆنگرەیەک بۆ لایەنەکانی باشووری یەمەن ڕێکدەخات

رشاد علیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی یەمەن

ئاڤا نیوز

 

دوای ئەوەی هێزەکانی "درع ئەلوەتەنی یەمەن" کە سعودیە پاڵپشتییان دەکات، کۆنتڕۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی گرنگیان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە لە هێزەکانی ئەنجوومەنی ڕاگوزەر ڕاگەیاند، ریاز بڕیاریدا کۆنگرەیەکی فراوان تایبەت بە داواکاریی پێکهاتەکانی باشووری یەمەن ڕێکبخات.

 

 چیرۆکی سەرەکی: هێزەکانی ئەنجوومەنی ڕاگوزەری باشووری یەمەن کە داوای سەربەخۆیی باشووری یەمەن دەکەن و ئیمارات پشتیوانییان دەکات، بەهۆی پێشڕەوییەکانی هێزەکانی "درع ئەلوەتەنی یەمەن" کە سعودیە پاڵپشتییان دەکات، لە ناوچە گرنگەکانی هەردوو پارێزگای مهرە لە ڕۆژهەڵات و حەزەرموت لە باشوور کشانەوە، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاریی ئەنجوومەنی ڕاگوزەر بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەر سەربەخۆیی لە دوو ساڵی داهاتوودا بۆ باشووری یەمەن.

 

بەیاننامەی فەرمی: وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، لە بەیاننامەیەکی فەرمی، رایگەیاند، پێشوازیی لە رشاد علیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی یەمەن دەکەن، بۆ ئەنجامدان و بەشدارییکردنی لە کۆنگرەیەکی فراوانی تایبەت بە داواکاریی پێکهاتەکانی باشووری یەمەن، بۆ ئەوەی بەیەکەوە چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشەکانی باشووری یەمەن بدۆزینەوە.

 

زانیاریی زیاتر: لەسەر داواکاری رشاد علیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی یەمەن، سعودییە بڕیاریدا کۆنگرەیەکی فراوان بە بەشداری سەرجەم کەسایەتی و پێکهاتەکان بۆ خەڵکی باشووری یەمەن لە ڕیاز ڕێکبخات و تیایدا "دۆزی باشوور" تاوتوێ بکرێت.

 

ئەمەش بزانە: لەناو باشووری یەمەن ئەنجوومەنی ڕاگوزەر تیایدا باڵادەستە، کۆدەنگی لەسەر سەربەخۆیی نییە، بەجۆرێک لەکۆی پێنج پارێزگای باشوور، سێ پارێزگا داوای ڕاپرسی و سەربەخۆیی تەواو دەکەن، بەڵام بەگوێرەی قسەی هۆزەکان، پارێزگاکانی حەزەرموت و مهرە داوای حکومی خۆبەڕێوەبەریی و دەسەڵاتی فراوان دەکەن لە چوارچێوەی وڵاتی یەمەنی فیدڕاڵیدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ