لە سلێمانی زیاتر لە دووهەزار و 500 هاوبەش، كارەبا لە وزەی خۆر وەردەگرن

شەیری بکە لە:
لە سلێمانی زیاتر لە دووهەزار و 500 هاوبەش، كارەبا لە وزەی خۆر وەردەگرن

دیمەنی دانانی سۆلەر پانێڵ

ئاڤا نیوز

 

بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى پارێزگاى سلێمانى ڕایدەگەیێنێت، بەرهەمهێنانى کارەبا لەڕێگەى وزەى نوێبووەوە (سۆلار) زیادی كردووە؛ ئێستا دووهەزار و 590 هاوبەش، بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆرەوە دەستدەخەن.

 

وێنە گەورەكە: ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هاووڵاتیان زیاتر ڕوو لە دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن، ئەوەش دوای ڕاگەیاندنی پشتیوانی حكومەت بۆ پرۆژەكە و هاندانی هاووڵاتیان بۆ سوودوەرگرتن لە وزەی پاک.

 

لێدوانی فەرمی: سیروان محەممەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبووەوەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، تاوەكوو ڕۆژی 4ـی یەكی ئەمساڵ، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كارەبا كە سیستمەی سۆلار ـیان داناوە، گەیشتووەتە دووهەزار و 590 هاوبەش و بەهۆی ئەو سیستەمەوە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا (76.3) مێگاوات بووە.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا پارێزگای سلێمانی لەڕووی بەكارهێنانی  سەرچاوەی وزەی پاك بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، پێشەنگە و بەڕێوەبەرایەتییەكەمان تاكە دەزگای هەرێمی كوردستانە كە بەشی وزە نوێبووەوەكانی هەیە.

 

زانیاریی زیاتر: لەو هاوبەشانەی سیستمی سۆلاریان داناوە، دوو هەزار و 163 هاوبەشی ماڵان و 337 هاوبەشی بازرگانی و 15 هاوبەشی پیشەسازی و 70 هاوبەشی كشتوكاڵی و پێنج هاوبەشی دامودەزگای حكومین.

 

خاڵی ئەرێنییەکان: پشتبەستن بە وزەی نوێبووەوە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا هاوكارە بۆ ئەوەی بڕێكی كەمتری پارە بۆ كارەبای نیشتمانی خەرج بكەن و بارگرانیی سەر تۆڕی كارەباش كەمببێتەوە.

 

ئەوەش بزانە: هەر هاوبەشێک بەرهەمى کارەباکەى كە لە سیستمی سۆلار بەرهەمهێناوە، زیاتر بێت لەو بڕەى بەکاریهێناوە، حکومەت بۆى هەڵدەگرێت و لە مانگەکانى دواتردا بۆى هەژمار دەکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لە قازانجى هاونیشتمانیانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ