ئیسرائیل به‌هۆی جوگرافیاكه‌یه‌وه به‌رده‌وام له دۆخی جه‌نگ یان ئاماده‌یی سه‌ربازیدایه، گرافیک، ئاڤا نیوز
ڕووداوه‌كانی 7ـی ئۆكتۆبه‌ری 2023 وه‌ڵامی وێرانكه‌ری ئیسرائیلی به‌دوای خۆیدا هێنا؛ وه‌ک گۆڤاری (Foreign Affairs)ـی ئه‌مریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ته‌نیا له سێ مانگی یه‌كه‌می جه‌نگه‌كه‌دا بارته‌قای سێ بۆمبی ئه‌تۆمی، مووشه‌ک و بۆمبی به‌سه‌ر شاری غه‌زه‌دا باراندووه. جگه له كوشتنی دەیان هەزار کەسی مەدەنی، چه‌ندین چەکدار و ئه‌فسه‌ری باڵای سوپای پاسداران، سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كانی سه‌ر به ئێران كه دواترینیان كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوو له‌ناو جه‌رگه‌ی تاران‌دا، بەمە ته‌واوی ناوچه‌كه كه‌وتووه‌ته دۆخی ناسه‌قامگیری و جه‌نگی سنوورداره‌وه.
درێژه‌كێشانی جه‌نگه‌كه دژ به بنه‌ماكانی دۆكترینی سه‌ربازیی سوپای ئیسرائیله، كه فۆكه‌س ده‌خاته سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ی خێرای جه‌نگ و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن. بیرمه‌ندی سه‌ربازیی چینی سان تزو ده‌نووسێت "جه‌نگی درێژخایه‌ن سوودی بۆ وڵات نییه". به‌ڵام ئیسرائیل به‌هۆی جوگرافیاكه‌یه‌وه كه به دووژمن ده‌وردراوه، به‌رده‌وام له دۆخی جه‌نگ یان ئاماده‌یی سه‌ربازیدایه. لێره‌وه تێگه‌یشتن له دۆكترینی سه‌ربازیی سوپای ئیسرائیل گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له ئاڕاسته‌ی ڕووداوه‌كان.
مه‌به‌ست له دۆكترینی سه‌ربازیی هه‌موو ئه‌و به‌ها و بنه‌مایانه‌یه كه ده‌وڵه‌ت سوپاكه‌ی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نێت و كۆنتڕۆڵی كرده و ئامانجی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی ده‌كات. دۆكترینی سوپای ئیسرائیل له دامه‌زراندنیه‌وه له 1948 تاوەكو ئێستا گۆڕانێكی ڕیشه‌یی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، چونكه جوگرافیای ئیسرائیل وه‌ک دەیڤید بن گۆریون ده‌ڵێت "كابوسێكی ستراتیژییه". ئه‌و یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و دانه‌ری دۆكترینی سه‌ربازیی سوپاكه‌ی كه به دۆكترینی بن گۆریۆن ناسراوه.
به باوه‌ڕی بن گۆریۆن ناهاوسه‌نگییه‌كی ستراتیژی له‌ڕووی ڕووبه‌ری خاك، ژماره‌ی دانیشتووان، سه‌رچاوه ئابوورییه‌كان و توانای به‌رده‌وامبوون له نێوان ئیسرائیل و دووژمنه عه‌ره‌به‌كانیدا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه دۆكترینی سه‌ربازی جه‌خت له‌سه‌ر سێ كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی ده‌كاته‌وه:
یەکەم: بەرپەرچدانەوە، ڕه‌دع (Deterrence): له‌ڕێگه‌ی به‌هێزكردنی تواناكانی سوپاوه ڕێگری له ده‌ستپێشخه‌ری دووژمن بۆ هێرشكردن بكرێت و گورزی پێشوه‌خته‌ی لێ بدرێت.
دووەم: ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خت یان ستراتیژی: به‌هۆی توانا هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه ئاگاداری پێشوه‌خت له‌باره‌ی نیاز و ئامانجه‌كانی دووژمن به‌ده‌ست بهێنرێت.
سێیەم: جەنگی یەکلاکەرەوە (الحسم): كاتێک ستراتیژی ڕه‌دع شكست ده‌هێنێت و جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێت، ده‌بێت ئیسرائیل توانای گواستنه‌وه‌ی جه‌نگی بۆ ناو خاكی دووژمن هه‌بێت و به‌خێرایی له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلای بكاته‌وه.
بن گۆریۆن به‌وشێوه‌یه له ئیسرائیلییه‌كان ده‌ڕوانێت كه نه‌ته‌وه‌یه‌كن له سوپادا (A Nation in (Army واته هه‌میشه له جه‌نگدان، لێره‌وه ستراتیژی به‌رگری هه‌میشه ده‌بێت ستراتیژێكی هێرشبه‌رانه بێت و جه‌نگ ببرێته ناو خاكی دووژمن، ئیسرائیل بۆ پارێزگاری له كیان و بوونی خۆی، ده‌بێت به‌رده‌وام له دۆخی ئاماده‌یی سه‌ربازیدا بێت.
دۆكترینی سه‌ربازیی سوپای ئیسرائیل ڕێگه به دووژمن نادات هیچ سه‌ركه‌وتنێكی سه‌ربازیی یان سیاسی به‌ده‌ست بهێنـێت، به‌ڵكو هه‌وڵ ده‌دات به‌خێرایی جه‌نگه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه وه‌ک ئه‌وه‌ی له 1967 ڕوویدا.
له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجیای سه‌ربازی و گه‌وره‌تربوونی هه‌ڕه‌شه‌كان، دۆكترینی سه‌ربازیی سوپای ئیسرائیل به‌پێی سروشتی ئاڵنگارییه‌كان گۆڕانكاری تێدا كرا كه ده‌توانرێت گرنگترینیان به‌م جۆه پۆلێن بكرێن:
* پشتبه‌ستن به ڕه‌گه‌زی له‌ناكاو (المفاجئة).
* جه‌نگی له‌ناكاو و كورتمه‌ودا.
* گواستنه‌وه‌ی جه‌نگ بۆ ناو خاكی دووژمن.
* جه‌ختكردن لەسه‌ر چه‌كی پێشكه‌وتوو.
* هه‌وڵدان بۆ كوشتنی كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی دووژمن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی خێرای جه‌نگ.
به‌هۆی كه‌می ڕووبه‌ری خاكی ئیسرائیله‌وه هێرشی كتوپڕ و گورزی پێشوه‌خته به‌شێكی سه‌ره‌كییه له دۆكترینی سه‌ربازیی سوپا و دۆخی به‌رگری، چونكه ئه‌گه‌ر جه‌نگ بێته ناو خاكی ئیسرائیله‌وه، دۆخی به‌رگری ده‌گۆڕێت بۆ به‌رگریی نێگه‌تیڤ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سروشتی هه‌ڕه‌شه‌كان شێوازی ڕه‌دعی ئیسرائیلی دیاری ده‌كه‌ن.
ستراتیژی ده‌وروبه‌ری شار (استراتيجية الضاحية): ئه‌م ستراتیژه له‌دوای هێرشی حیزبوڵڵا بۆ سه‌ر ئیسرائیل له ساڵی 2006 له سوپادا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر درا و په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت. ناوه‌كه‌ی له ده‌وروبه‌ری باشووری به‌یروتی پایتەختی لوبنانه‌وه وه‌رگیراوه كه به‌قه‌ڵای پارێزراوی حیزبوڵڵا ده‌ناسرێت.
ستراتیژه‌كه پشت ده‌به‌ستێت به هێرشی ئاسمانی له‌ناكاو و وه‌شاندنی گورزێكی ئه‌وتۆ له دووژمن كه شار و ژێرخانه‌كه‌ی وێران بكات و سه‌دان هه‌زار كه‌س ئاواره بكرێن، تاوەكو كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر دووژمن دروست بكات. گادی ئیزنكۆت سه‌رۆک ئه‌ركانی سوپای باكووری ئیسرائیل پێیوایه نابێت چیدیكه ئیسرائیل سه‌رقاڵی ڕاوكردنی مووشه‌ک تهقێنهرهكان بێت، به‌ڵكو له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزی نابه‌رابه‌ره‌وه ته‌واوی ناوچه شیعییه مه‌ده‌نییه‌كان خاپوور بكات سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، چونكه ئه‌وناوچانه گوزارشتن له سه‌ربازگه نه‌ک ناوچه‌ی مه‌ده‌نی.
ستراتیژی ده‌وروبه‌ری شار به‌رجه‌سته‌كه‌ری ئه‌و تێڕوانینه‌ی ئیسرائیلییه‌كانه كه پێیانوایه "ده‌بێت عه‌ره‌ب به‌رپرسیاربن به‌رامبه‌ر كرده‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانیان"؛ به واتایه‌كی دیكه ده‌بێت هه‌ر هاووڵاتییه‌ک باجی بڕیاری سه‌ركرده‌كانی بدات كاتێک هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسرائیل.
پڕۆتۆكۆڵی هانیباڵ (Hannibal Directive): ستراتیژێكه بۆ ڕێگه‌گرتن له به‌دیلگرتنی سه‌ربازان په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت كه جه‌خت ده‌كاته سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی "سه‌ربازێكی كوژراو باشتره له سه‌ربازێكی به دیلگیراو". لێره‌وه ڕێگه به بۆمبارانكردنی شوێنی سه‌ربازانی به‌دیلگیراو ده‌درێت. له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له جه‌نگ دژ به گرووپه چه‌كداره‌كانی لوبنان، چه‌ند سه‌ربازێكی ئیسرائیلی به دیل كه‌وتنه ده‌ست چه‌كداره‌كانه‌وه، ئۆرشه‌لیم ناچاركرا له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی دیله‌كان، هه‌زاران چه‌كداری سه‌ر به گرووپه چه‌كداره‌كان له زیندانه‌كانی ئازاد بكات كه زۆربه‌یان بڕیاری له‌سێداره‌دانیان هه‌بوو. ئه‌م ستراتیژه بۆ ڕێگه‌گرتن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕووداوی له‌م شێوه‌یه په‌سند كرا، له‌دوای ئه‌و ڕووداوه‌وه ئه‌م ستراتیژه به‌نهێنی كاری پێده‌كرا، به‌ڵام له ساڵی 2006 له جه‌نگ دژ به حیزبوڵڵا پڕاكتیككردنی به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت. ناوی ئه‌م ستراتیژه ئاماژه‌یه بۆ سه‌ركرده‌ی كارتاجهكان (هانیباڵ) كاتێک سوپاكه‌ی له‌لایه‌ن ڕۆمانهكانهوه ده‌وردرا، به خواردنی ژه‌هر خۆی كوشت، تاوەكو نه‌كه‌وێته ده‌ست ڕۆمانهكانهوه.
له جه‌نگی سنووردرارهوه بۆ جه‌نگی فراوان
به‌ر له شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل ته‌نیا به دووژمنه عه‌ره‌به‌كانی ده‌ور درابوو، به‌ڵام له دوای هاتنه‌كایه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه، تاران بوو به ئه‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئۆرشه‌لیمدا. ئێستا به‌شێک له وڵاتانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێران له‌ڕێگه‌ی میلیشیا شیعه‌كانی ناوچه‌كه‌وه ئاڵنگاری ئاسایشی گه‌وره‌ی بۆ ئیسرائیل دروست كردووه. ئه‌وان ته‌نیا گرووپی چه‌كداری نین، به‌ڵكو میلیشیای پڕچه‌ككراون به درۆن و مووشه‌كی بالیستی. ئۆرشه‌لیم له چه‌ندان به‌ره‌وه له جه‌نگدایه دژ به گرووپه نیابه‌تییه‌كانی ئێران، له‌دوای 7 ئۆكتۆبه‌ره‌وه ئیسرائیل چیدیكه ئه‌و گرووپانه وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ی لاوه‌كی نابینێت، به‌ڵكو مه‌ترسیی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر بوون و ئاسایشی ئیسرائیلییه‌كان.
سه‌ره‌ڕای به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی، تاران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ باڵاده‌ستی سه‌ربازیی ئۆرشه‌لیم له ناوچه‌كه‌دا. دوای كوشتنی سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و ڕژدبوونی ئێران بۆ وه‌ڵامدانه‌وه و هێرشكردنه سه‌ر ئیسرائیل، سیناریۆكان به‌و ئاراستهیەن كه هه‌نگاوێكی له‌وشێوه‌یه سه‌رده‌كێشێت بۆ جه‌نگێكی ناوچه‌یی فراوان. چه‌ند ڕۆژ دوای كوشتی سه‌رۆكی حه‌ماس، ڕێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگه‌یاند "هه‌ر پاشهكشهیهک له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل به زیانی ئێران ته‌واو ده‌بێت". ڕه‌نگه ئیسرائیل له هه‌موو لایه‌ک جددیتر بێت بۆ فراوانكردنی جه‌نگه‌كه، چونكه ئۆرشه‌لیم پێیوایه ئێستا باشترین ده‌رفه‌ت دروست بووه بۆ سنوورداركردن یان له‌ناوبردنی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران به‌تایبه‌ت ئه‌و پشتیوانییه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌ی بۆ ئیسرائیل هه‌یه، ڕه‌نگه له‌كاتێكی دیكه‌دا ئه‌م بژاره‌یه بۆ ئۆرشه‌لیم زۆر سه‌ختتر بێت.
له حاڵه‌تی دروستبوونی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران، واشنتن له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌كانی چڕكردووه‌ته‌وه تاوەكو ئه‌و جه‌نگه ڕوونه‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕوویدا بۆ پشتیوانی ئیسرائیل دێته ناو جه‌نگه‌كه‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنی ئیسرائیل مسۆگه‌ر ده‌كات. ئۆرشه‌لیم له‌و باوه‌ڕه‌دایه چیدیكه هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران نابێت به‌رده‌وام بن و دووباره‌بوونه‌وی 7 ئۆكتۆبه‌ر ئه‌گه‌رێكی به‌هێزبێت، به‌ڵكو ده‌بێت كۆتایی به بوون و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌ره‌شانه بهێنرێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه كۆماری ئیسلامی دڵنیاییه له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر جه‌نگ ڕووبدات، ته‌نیا له‌ڕێگه‌ی مووشه‌ک و فڕۆكه‌وه ده‌بێت. تارانیش توانای به‌رگه‌گرتنی هه‌موو گورزێكی ئاسمانی هه‌یه چه‌نده سه‌ختیش بێت و ده‌توانێت مانه‌وه‌ی ڕژێمه‌كه بپارێزێت. ئێران ئه‌م به‌ره‌نجامه به سه‌ركه‌وتن و فاكته‌ری كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ستڕۆیی سیاسی و سه‌ربازیی واشنتن و ئۆرشه‌لیم له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌زانێت.
به‌پێی بۆچوونی ڕێبازی نیوڕیالیزم له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ كاتێک به‌هێز ده‌بێت كه لایه‌نێكی ململانێكه پێیوابێت به‌رپابوونی جه‌نگ له قازانجی ئه‌ودایه و زۆرترین ده‌ستكه‌وتی بۆ ده‌هێنێت. له‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌ردوو لایه‌نی ململانێكه زیاتر بیر له فراوانبوونی جه‌نگه‌كه و ده‌ستكه‌وته‌كانی ده‌كه‌نه‌وه. لێره‌وه ته‌واوی ناوچه‌كه له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری به‌رپابوونی جه‌نگێكی فره‌وانه، پێشبینی ڕه‌وتی ڕووداوه‌كانیش زۆر دژواره و دراماتیكیانه به‌ره‌وپێش ده‌چێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ململانێی "عەقڵی شۆڕش" و "عەقڵی دەوڵەت" لە ئێران: جوگرافیای سیاسیی ناوچەکە دووبارە دادەڕێژێتەوە؟
1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێران: بوون و هەژموون، ڕۆڵ و داهاتووی لە ناوچەکەدا
5 تشرینی یەکەم
داهاتی سلێمانی چی لێ دێت؟
5 تشرینی یەکەم
بەرەی نمایش و بەرەی پرۆژە چی لە سوودی خەڵکی کوردستانە؟
3 تشرینی یەکەم
ئێمە پێتان دەڵێین: بۆچى ویستیان هەولێر بسووتێنن؟
2 تشرینی یەکەم
بۆچی ڕێبازا ما‌لا بارزان لە بەهدینان بیروباوەرەکا ئەبەدییە؟
1 تشرینی یەکەم
تیرۆکردنی نه‌سروڵڵا؛ ناوچه‌که پێده‌نێته سه‌رده‌مێکی نوێوه
29 ئەیلوول
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای تیرۆرکردنی حەسەن نەسروڵڵا؟
28 ئەیلوول
کاک مەسرور چی وت؟
27 ئەیلوول
هەورامان چی هەیە؟
27 ئەیلوول
- کوردستان
- 28 خولەک لەمەوپێش
مەسرور بارزانی چارەسەری پێنج کێشەی گەورەی کوردستان دەخاتەڕوو
- جیهان
- 45 خولەک لەمەوپێش
بایدن و نەتانیاهۆ ئاشتبوونەوە
- جیهان
- 47 خولەک لەمەوپێش
نهێنیەکی نێوان ترەمپ و پووتین ئاشكرا دەبێت
- جیهان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
پاپا فرانسیس لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کۆدەبێتەوە