مێپس پەیامی كوردستانی گەیاندە هەمووان

مێپس پەیامی كوردستانی گەیاندە هەمووان

گرافیک ئاڤا نیوز

چەند ڕۆژی ڕابردوو هەرێمی كوردستان كۆڕبەندێكی ناوخۆیی و جیهانیی گەوەری بەخۆیەوە بینی. كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)  كە ساڵانە لە دهۆك ڕێك دەخرێت، ئەمساڵ كاریگەرییەكانی گەورەتر دەركەوتن و میوانێكی زۆر لە عێراق و جیهانیشەوە بەشدار بوون. 


كۆڕبەندی ئەمساڵی (MEPS) كە پاش ئەنجامدانی  هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە عێراق و هەرێمی كوردستان  ئەنجام دەدرێت و بەشێكی گەورەی لە سەركردە براوەكانی هەڵبژاردنەكەی لەخۆ گرتبوو.

 
لە (MEPS) هەمووان میوانی سەرۆكوەزیرانی کوردستان بوون و گوێبیستی داوا و مەرجەكانی كوردستانیش بوون بۆ هەر حكومەتێك كە لە داهاتوودا پێكبهێنرێت. لە كۆڕبەندەكەدا سەرۆك بارزانیش وتەی هەبوو، زۆر ڕاشكاوانە هەموو داوا و مەرجەكانی كوردستان و ڕەخنەكانیشی ئاراستەی عێراق و لایەنەكان كرد و ڕایگەیاند: دەبێت لە هەلومەرجی نوێی پاش هەڵبژاردنەكان هەمو هەڵە و كەموكوڕیەكانی پێشووی حوكمڕانی لە عێراق ڕاست بكرێنەوە.


سەرۆك بارزانی بۆ جارێكی تریش داوای بەپەلە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمیی كردەوە و ڕایگەیاند، چیتر دواخستنی پێكهێنانی حكومەت قبوڵكراو نییە و هیوادارە پارتە كوردستانیەكان زوو بێنە پێشەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ.  


هیچ شتێك نەما لە پەیام و ڕەخنە و مەرجی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندەكەدا نەدرێت بە گوێی سیاسەتمەدار و سەركردەكانی عێراقدا. مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان و گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سەر ڕێڕەوی فیدراڵی خۆی كرۆكی مەرج و پەیامی هەرێمی كوردستان بوو بۆ سەركردەكانی عێراق و جیهان.


سەرۆكوەزیران پرسی سەرەكی خەڵكیشی لەبیر نەكرد 


وەك خەمی بەردەوامی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی پرسی سەرەكیی خەڵك و فەرمانبەرانی هەرێمیشی لەبیرنەكرد و  بردیە كۆڕبەندەكەوە و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆی ڕاشكاوانەی لەسەر مووچەكان كرد.


سەرۆكوەزیران بارزانی ڕاشكاوانە بە سودانی  ڕاگەیاندووە كە حكومەتەكەی چوار موچەی فەرمانبەرانی  هەرێم قەرزارە و دەبێ بینێرێت. محممەد شیاع سودانی بەڵێنی بە سەرۆكوەزیرانی كوردستان داوە چارەسەر بۆ ئەو چوار موچەیەی كەماوە، بدۆزنەوە. هەر لە گفتوگۆ دوو قۆڵیەكەدا سودانی بەڵێنی داوە مووچەی مانگی نۆ كە تائێستە نەنێردراوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتو بینێرن.


تەنانەت محمەمد حەسسان نوێنەری سکرترێری گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكانیش لە وتەكەیدا لە كۆڕبەندەكە باسی لە پرسی مووچە كرد و ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی لە بەرپرسانی عێراق گرت لەپای كێشە دروستكردن بۆ مووچە. نوێنەری نەتەوەیەكگرتوەكان وتی: ناكرێ هاووڵاتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی ژیانی زیانی بەربكەوێت بەهۆی كێشەی سیاسیەوە. ئەم قسانەی محممەد حەسسان لەكاتێكدا بوو زۆرێك لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق ئامادەبوون بە سەرۆكوەزیران سودانی و وەزیری دارایی، تەیف سامیشەوە كە بەتەواوی گوێبیستی پەیامەكە بوون.

 

كۆڕبەندەكە و  شێوەی حكومەتی داهاتوی عێراق


هەندێك لە چاودێران وای دەبینن كۆڕبەندەكە كاریگەر دەبێت لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و سەركردایەتیی كوردستانیش ڕۆڵی گەورە دەبینێت لەو پرۆسەیەدا، بەو پێیەی زۆرێك لە براوەكانی هەڵبژاردن ئامادەی كۆڕبەندەكە بوون. هەروەها داوا و خواست و نیگەرانی و ڕەخنەكانی هەرێمی كوردستانیش لەبەرامبەر حكومەتی عێراق ڕاگەیەنراوە.


ئەمەش وا دەكات ئەوانەی حكومەتی نوێ پێكدەهێنن لەسەر ڕاستكردنەوە و بەڵێنی جێبەجێكردنی ئەو پرسانە كار بكەن تا پشتیوانی هەرێم بەدەستبهێنن. سەرۆك بارزانی زۆر ڕوون و ڕاشكاو هەموو داخوازییەكانی كوردستانی بۆ حكومەتی ئایندە خستەڕوو لەوانە: پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی بەپێی ماددەی 62ی دەستوور كە تائێستا پێكنەهێنراوە كە ئەم ئەنجوومەنە دەكرێ گرەنتیەك بداتە هەرێم و پێكهاتەكانی تر كە ڕووبەڕووی ستەمی زۆرینە نەبنەوە، وەك لە خولەكانی پێشودا بینویمانە.


هەروەها دەركردنی یاسای نەوت و گاز كە تائێستا لە عێراق نییە و یەكێك بوو لە هۆكارەكانی قەیران لە نێوان هەرێم و بەغدا. هەروەها هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.


دەتوانین بڵێین لە كۆڕبەندی مێپسدا هیچ شتێك نەما لە پەیام و ڕەخنە و مەرجی هەرێمی كوردستان لە مووچەوە تا بابەتە دەستورییەكان، نەدرێت بە گوێی سیاسەتمەدار و سەركردەكانی عێراق و حكومەتی ئێستا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: